ئەنقەرە
سەرۆكی كاروباری ئاینی توركیا محەمەد گۆرمەز پێشوازی لە شاندێكی وەقفی شیعەی عێراق بە سەرۆكایەتی سەرۆكی دیوانی ئەو وەقفە عەلا عەبدساحب حوسێن مووسەوی كرد.
لە میانی پێشوازی كردنی ئەو شاندەدا محەمەد گۆرمەز گوتی: "شیعە و سوننە بەشێكی جیانەكراوەی ئومەتی ئیسلامن. گۆرمەز باسی ئەو شەڕ و پێكدادانانەی نێو جیھانی ئیسلامی كرد كە لە پێناو تائیفەگەری ھەڵگیرساون و ئاماژەی بەوە كرد كە دامەزراوەكانی ئیسلامی و زانایانی ئیسلامی پێویستە ھەوڵ بۆ بۆنیادنانەوەی سەر لە نوێ برایەتی ئیسلامی بدەن".
كۆرمەز گوتی: "ئەگەر بێت و پابەندی خۆمان بە مەزھەبەوە بخەینە سەرەوەی پابەندی خۆمان بە ئیسلامەوە ئەوا رووبەڕووی كارەساتی زۆر گەورە دەبینەوە، برایانمان لە عێراق لە تاقیكردنەوەی زۆر گەورەدا تێپەڕین و قوربانی زۆر گەورەیاندا، سەرەتا بۆ ماوەیەكی درێژ لە ژێر دەسەڵاتی رژێمێكی دیكتاتۆریدا مانەوە و دواجار رووبەڕووی داگیركردنێكی زۆر خراپ هاتن و لە سەردەمی داگیركاریشدا بە ھەزاران ژن، منداڵ، بەساڵاچوو و خەڵكی دیكە گیانیان لەدەستدا و كاتێك كە ویستیان ھەموو ئەو شتانە وەلاوە بنێن و وڵاتی خۆیان سەر لە نوێیەوە بونیاد بنێنەوە، ئەمجارەیش رووبەڕووی فیتنەی زۆر گەورە بوونەوە، من بە ھیچ شێوەیەك بەمە ناڵێم شەڕی ئاینی چونكە ئەمانە شەڕ و ناكۆكی سیاسی گەشتن بە بەرەژوەندی سیاسی و ئایدئۆلۆجیكین و بەجلوبەرگی ئاینی خۆیان نیشان دەدەن. ئەگەر بێت و پابەندی مەزھەبیمان بخەینە سەرەوەی پابەندبوونمان بە ئیسلام ئەوا رووبەڕووی كارەساتی زۆر گەورە دەبینەوە، ھاوكات گۆڕانی ئەمە و بوونی بە بیروڕایەكی تەكفیری یەك لەو ھەڕەشە گەورانەیە كە ئەمڕۆ رووبەڕووی جیھانی ئیسلام بووەتەوە.
گۆڕمەز گوتی: "ھیچ ھەڵخەڵەتاندنێك بە ئەوەندەی ئەوەی كە بە ھۆی جیاوازی بیروڕایەوە خەڵك تەكفیر بكرێت و بكۆژرێت و ناوی ئەمەیش بنرێت جیھاد، لە جیھاندا نییە. ئەو بیروڕا تەكفیریانەی كە سەرەتا لە سووریا و دواتریش لە عێراق دەركەوتوون پێویستە لە لایەن ھەموو موسڵمانانەوە بە شیعە و سوننەوە مەحكووم بكرێن".
گۆڕمەز جەختی لەوە كردەوە كە ئەو جۆرە بیروڕایانە لە ناوچەكانی دیكەی جیھان دەبنە ھۆكاری ناوزڕاندنی ئیسلام و دروستبوونی رەق و كین بەرامبەر بە ئیسلام، ھیچ كەسێك كە خاوەن بیروڕایەكی ئیسلامییە ناتوانێت ئەوە قبووڵ بكات كە مزگەوت یا شوێنی عیبادەتی كەسان و پێكھاتەكانی دیكە بتەقێنرێتەوە یا ھێرش بكرێتە سەریان. مومكین نییە كە موسڵمانێكی شیعە یا سوننە شتێكی بەو جۆرە ببینێت و نیگەران نەبێت".
گۆڕمەز لە بەردەوامی قسەكانیدا گوتی: "ئەمڕۆ لە جوگرافیای ئیسلامدا كێشەی زۆر گەورەی ئەمنی ھەیە، لە عێراق، سووریا، لیبیا و یەمەن و چەندین شوێنی دیكەی جیھانی ئیسلامیدا پرس و كێشەی ئەمنی ھەیە، بەڵام ئەمڕۆ رووبەڕووی شتێكی زۆر خرابتر بوونەوە ئەویش ئەوەیە كە لە جیھاندا ئیسلام رووبەڕووی كێشەی ئەمنی بووەتەوە چونكە ئیسلام لە دوژمنانی زیاتر رووبەڕووی ھێرشی پەیڕەوانی نەزانی خۆی بووەتەوە و ئەگەر بەراوەرد لەنێوان ھێرشی دوژمنانی ئیسلام و پەیڕەوە نەزانەكانی ئیسلام بۆ سەر ئیسلام بكەین ئەوا بۆمان دەردەكەوێت كە ئەو زەرەر و زیانانەی لەسەر دەستی پەیڕەوە نەزانەكانی ئیسلام بە ئیسلام دراون ناگەنە ئاستی ئەو زەرەرانەی كە لەلایەن دوژمنانی ئیسلامەوە بە ئیسلام دراون".
گۆڕمەز گوتی: "كاتێك كە ئیسلام رووبەڕووی كێشەی ئەمنی بووەتەوە ئەوا پێویستە ھەموو موسڵمانان، شیعە و سوننە، ھەموو دامەزراوەكانی ئیسلام و زانایانی ئیسلامی دەست بەخنە نێو دەستی یەكترەوە و دەستی یەكتر بەرنەدەن. چونكە ئەگەر بێت و ئاسایش و سەلامەتی ئیسلام نەمێنێت ئەوا سوننە و شیعەیش پێكەوە رووبەڕووی زەرەر و زیان دەبنەوە".
گۆڕمەز باسی ئەوەی كرد كە رەمەزانی ساڵی رابردوو لە ئیستانبوڵ بە بەشداری زیاتر لە ١٥٠ زانای ئیسلامی كۆبوونەوەیەك ئەنجامدرا و لەو كۆبوونەوەیەدا لەگەڵ زانایانی ئیسلام بۆ ماوەی چەند رۆژێك باسمان لە چۆنێتی رووبەڕوو بوونەوە و لەناوبردنی ئەو فیتنەیە كرد كە بەرۆكی جیھانی ئیسلامی گرتووە، ئێستایش بۆ ئەوەی كە ھەموومان پێكەوە سەردانی ئەو شوێنانە بكەین كە شەڕ و ئاژاوەیان تێیادایە تا كۆتایی بەو شەڕ و ئاژاوەیە بھێنین ھەوڵ دەدەین. دەمانەوێت وەكو ئەو مووریانەی كە ئاگری ئیبراھیمیان كوژاندەوە، ئێمەیش بكەوینە سەر ئەو رێگایە و ئەم سەردانەی ئێوەیش لەو چوارچێوەیەدا ھەڵسەنگاندنی بۆ دەكەم".
سەرۆكی ئەنجوومەنی سەرۆكایەتی وەقفی شیعەی عێراق عەلی عەبدساحب حوسێن مووسەویش گوتی: "لە راستیدا باسی لە بیروڕای ئێمەی كرد و ئەو قسانەی كە پێشكەشت كردن سەمیمین، بۆیە پشتگیری تەواومان بۆ قسەكانت ھەیە".
مووسەوی گوتی: چاودێری سەر ھەموو ئەو ھەوڵانە دەكەین كە ساڵانێكە بۆ بەرقەرار كردن ودامەزراندنی یەكێتی ئەنجاممان داون.
دواتر مووسەوی ، محەمەد گۆڕمەزی داوەتی عێراق كرد و گۆڕمەزیش گوتی: "سێ جار ویستم سەردانی عێراق بكەم بەڵام كاتێك كە دەمەویست بەڕێ بكەوم ئەو سەردانەم ھەڵدەوەشاندنەوە. ویستم لە مانگی موحەرەمدا بەشداری لە كۆبوونەوەكەی نەجەف بكەم و بەڵام ئەو كاتە تەقینەوەیەك روویدا و ٧٠ كەس كوژران. دەمەوێت لە كاتێكی زۆر نزیكدا سەردانی عێراق بكەم و لەگەڵ خۆمدا شاندێكی گەورەی زانایان دەھێنم و من پێم وایە جیاوازی نێوانمان تەنیا رەنگی عەباكانمانە".
دواترموسەوی جەختی لەوە كردەوە كە لەنێو قۆرئاندا نە شیعاتی ھەیە نە سونناتی (شیعە و سوننە)، دواتر گۆڕمەز قۆرئانێكی بەدیاری پێشكەشی مووسەوی كرد و جەختی لەوە كردەوە كە دابونەریی ئێمە پێشكەش كردنی قۆرئان بە دیارییە.