واشنتۆن
كۆشكی سپی رایگەیاند، ھیچ گۆڕانكارییەك لە سیاسەتی سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆبامادا رووی نەداوە، لەبارەی ئەوەی كە یەكە سەربازییەكانی وشكانیی ئەمریكا رەوانە بەرەكانی شەڕ لە سوریا و عێراق بكرێن.
گوتەبێژی كۆشكی سپی جۆش ئێرنێست لە ناو فڕۆكەی سەرۆكایەتی ئەمریكادا وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی: "سەبارەت بە گوتنی سەرۆك ئەركانی ئەمریكا مارتین دێمپسێ كە گوتبووی، "ئەگەر ستراتێژیای ئەمریكا دژی داعش سەركەوتوو نەبێت، من دەتوانم پێشنیاری بەكارھێنانی یەكە وشكانییەكانی ئەمریكا لە سەرۆك ئۆباما بكەم"، ئێرنێست گوتی: "بەرپرسیاریی راوێژكارانی سەربازیی سەرۆك، ھەڵسەنگاندن و داڕشتنی پلانە لە چوارچێوەیەكی بەرفراواندا. بڕیاری سەرۆك لەم بوارەدا یەكلابووەتەوە. سەرۆك پێیوایە ناردنی سەربازی یەكە وشكانییەكانی ئەمریكا بۆ سوریا و عێراق لە بەرژەوەندیی ئەمریكا نییە. ئەو سیاسەتەش نەگۆڕە."
ئێرنێست جەختی لەوە كردەوە، بە مەبەستی پاراستنی باڵیۆزخانەی بەغدا و كۆنسۆڵخانەی ھەولێر بە شێوەیەكی سنووردار سەربازی ئەمریكی دانراوە و ھاوشانی ئەمانە بۆ بەشداربوونیان لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەكان ژمارەیەك سەرباز ھەن، بەڵام سەرۆك لەوە سورە كە سەربازی یەكە وشكانییەكانی ئەمریكا بۆ سوریا و عێراق نانێرێ."