پاریس
سەركۆماری فەڕەنسا فڕانسوا ئۆڵاند و سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی پرسی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریان لە ناوچەكە تاوتوێ كرد.
دوای كۆبوونەوەكە هەریەک لە سەركۆماری فەڕەنسا و سەرۆكوەزیرانی عێراق لەسەر ناوەڕۆكی گفتوگۆكانیان روونكردنەوەیان دا.
ئۆڵاند سەرەتا ئاماژەی بەوە کرد كە ئەوان وەك فەڕەنسا ئامادەن ئۆپەڕاسیۆنەكانی دژ بە داعش خێراتر و كاریگەرتر بكەن، هاوكات بەردەوامی وڵاتەكەشی لە پشتگیرییە سەربازییەكانی بۆ عێراق نیشان دا.
ئۆڵاند ئەوەشی خستەڕوو كە ماوەی سێ مانگە سوپای عێراق بە پشتگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆپەڕاسیۆنەكان ئەنجام دەدات و لە ئێستادا بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆوە بینیوە و سەركەوتنی بەرچاوی سیاسی و سەربازیی بەدەست هێناوە.
هاوكات سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی رایگەیاند كە ئاسایشی بەغدا پارێزراوە و باسی لەوە کرد كە لە هەوڵی تەواودان بۆ کۆنترۆڵ کردنەوەی ئەو شوێنانەی لە لایەن داعشەوە دەستی بەسەردا گیراوە و گوتی: "سەركەوتن دوور نییە".
عەبادی راشیگەیاند كە ئەوان گەشبینن بە یەكڕیزی و یەكپارچەیی خاك و گەلی عێراق.