سلێمانی
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ رێكخستنی گفتوگۆی پێنج قۆڵی نێوان لایەنەكانی سەرەكی هەرێمی كوردستان و رێككەوتن لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم، هەوڵەكانی خۆی دەستپێكردەوە و سەردانی هەر چوار لایەنە سەرەكییەكە دەكات.
لە یەكەم هەوڵیشدا ئەمڕۆ وەفدێكی باڵای ئەو حزبە بەسەرۆكایەتی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو محەمەد فەرەج سەردانی مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕانی لە شاری سلێمانی كرد و لەگەڵ رێكخەری گشتی بزووتنەوەكە نەوشیروان مستەفا و بەرپرسانی ئەو حزبەدا كۆبوونەوە.
دوای كۆبونەوەكە بەرپرسێكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان جەلال جەوهەر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەم كۆبونەوەیە درێژەپێدەری كۆبوونەوەكانی پێشترە و هەردوولامان بیرورای خۆمان گۆڕییەوە و لەسەر پرسەكانی سەرەكی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم و ناوچەكە گفتوگۆمان كرد".
جەلال جەوهەر گوتی: "لەسەر پرسی ماوەی سەرۆكی هەرێم هەردوولا هاوڕابووین لەسەر ئەوەی لەگەڵ لایەنەكانی تردا كۆببینەوە و رێكارەكانی یاسایی بگرینە بەر تا دەگەینە ئەنجام".
لەلای خۆیەوە یاریدەدەری ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان محەمەد ئەحمەد گوتی: " دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان پێویستی بە گفتوگۆی بەردەوامی لایەنەكان و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕاكان هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش كۆبونەوەكان بەردەوامیان دەبێت".
دوای كۆبوونەوە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، وەفدی باڵای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سەردانی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو حزبە لە كۆبونەوەدان.
بۆ هەمان مەبەست سبەی لە شاری هەولێر وەفدەكەی یەكگرتوو لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیش كۆدەبێتەوە.
پێشتر یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سەردانی ئەو لایەنانەی كردووە و داوای رێكخستنی كۆبوونەوەی لوتكەی پێنج قۆڵی كرد بۆ گەیشتنە ئەنجام، لەم كۆبونەوانەشدا هەوڵی نزیككردنەوەی لایەنەكان و رێكخستنی ئەو كۆبونەوەیە دەدات.
هەوڵەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەكاتێكدایە ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و لیژنەی یاسایی پەرلەمان لەسەر هەمان پرس لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆدەبنەوە.