Hemn Baban
04 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2018
ھەولێر - AA
ئهمینداری گشتی كۆنگرهی نیشتمانی عێراقی، ئاراس حهبیب كهریم رایگەیەیاند، زۆر دۆسیەی گەندەڵی ھەیە کە یان بێدەنگی لێکراوە یان وەکو پێویست لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە و دەیخەنەڕوو.
ئهمینداری گشتی كۆنگرهی نیشتمانی عێراقی، ئاراس حهبیب كهریم کە چەند رۆژێکە بەسەردانێک لە ھەرێمی کوردستانە و یەکەم وێستگەی سەردانەکەشی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی تەرخانکردبوو لە ھەفپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو چەند پرسێک وەڵام دەداتەوە و لەنێویاندا باس لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەمساڵ دەکات.
سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ ھەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی لەوبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە بەردەوام لە پەیوەندییداین لەگەڵ بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی و برایانمان لە پارتی دیموکراتی کوردستان و ھەروەھا لەگەڵ حزب و ھێزە سیاسییەکانی دیکە لە ھەرێمی کوردستان و لە ساڵی رابردوو چەندین سەردانمان بۆ لای ئەممان ھەبووە و لە ئەمساڵیشدا ئەوە یەکەم سەردانی ئێمەیە، سەردانی دیکەشمان ھەیە کە ھەمووی لەچوارچێوەی ھەماھەنگی لە نێوان ھێزە سیاسییەکان و کردنەوەی دەرگایە بۆ دیالۆگ لە نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەند بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان دەبێت".
ھەرچی پەیوەندیی بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی هەیە ئاراس حهبیب كهریم گوتی: "چەند مانگی رابردوو بارودۆخێک لە تەشەنوج لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیدا ھەبوو، بەڵام لەگەڵ رۆژ و بە دیالۆگی ھێمن ھەردوولا گەیشتوون بە کۆمەڵێک چارەسەر، ئەگەرچی چارەسەری ریشەیی کێشەکان نیین، بەڵکو کاتیین، بەڵام ئومێد ھەیە بەمنزیکانە ھەردوولا بگەنە چارەسەری ریشەیی بۆ کێشەکان، ھەروەھا دەستپێشخەریی سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی لە ناردنی بەشێک لە بوودجە بۆ ھەرێمی کوردستان و کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی ھەرێم کاری گرنگ و باش بوون و پشت بەخوا دەستپێشخەریی دیکەش دەبێت بەمنزیکانە".
لەبارەی چاوەڕوانییەکان لە بەدیھاتنی گۆڕانکاری لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە ١٢ی ئایاری داھاتوو بکرێت و حزبەکەی ئەمانیش بەشدارییان کردووە ئاراس حەبیب گوتی: "بەگشتی ھەڵبژاردن گرنگ و پێویستە لە کردەی سیاسی لە عێراق، ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان دەریدەخەن کە گۆڕانکاریی روویداوە یان روودەدات یان نا، بەڵام بەگشتی میزاجی دەنگدەر بەگشتی گۆڕاوە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو و چاوەڕوانی گۆڕانکاریی دەکەین لە رێگەی ئەو ھەڵبژاردنەوە، ئەو گۆڕانکارییەشی چاوەڕوان دەکرێت گۆڕینی دەمووچاوەکانە، پێشبینی دەکەین گۆڕانکاریی لە دەموچاوەکاندا رووبدات و گەنجی زۆر و زیاتر لە ھەڵبژاردنەکان سەربکەون بۆ پەرلەمان بەتایبەت ئەوانەی خاوەن بڕوانامەی بەرزن و ئەوە یەکەم پەرلەمان دەبێت کە بڕوانامەکانیان بەرز دەبێت و رێژەی ئەوانەی بڕوانامەی ئامادەیی و خوارەوەیان ھەیە تەنھا رێژەی ٢٠ لەسەدی تێدا پێکدەھێنن، بەشی زۆریشی ئەوانەیە کە بڕوانامەی بەرزییان ھەیە و ئەوەش یەکەم خولی پەرلەمان دەبێت کە تاڕادەیەکی باش جیاوازیی دەبێت لەوانی دیکە".
ئهمینداری گشتی كۆنگرهی نیشتمانی عێراقی، ئاراس حهبیب كهریم ھەروەھا گوتیشی: "ھێشتا زووە بچینە وردەکارییەکانی ئەوەی کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داھاتووی عێراق، بەگشتی زووە بۆ ناوھێنانی کەسەکان و ناوەکان، بەڵام ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو دەریدەخات کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق".
سەبارەت بە ناوچە جێناکۆکەکان و مەترسییەکانی سەرکردایەتی کورد لە لەدەستدانی ژمارەیەک لە کورسییەکان لەو ناوچانە ئەمینداری گشتی کۆنگرەی نیشتمانی عێراقی، ئاراس حەبیب کەریم لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا، ئەو ژمارەیەی کورد دەیڵێت نا واقیعیین و کورد کەمتر لەدەست دەدات و گوتی: "ژمارەکە ناگاتە ئەوەی کە دەگوترێت گوایە ١٠ کورسیی لەدەست دەدەن، نا رەنگە ژمارەکە کە کورد لەدەستی دەدات بگاتە پێنج کورسی نەوەک زیاتر، بەڵام ھەڵبژاردن چاوەڕوانی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ناکات، بەڵام ئومێد دەکەین لە پاش ھەڵبژاردنەکان ئەو کێشانەی لە نێوان ھەرێم و ناوەنددا ھەن چارەسەر بکرێن، بەتایبەت لە حکوومەتی داھاتوو وردەکاریی کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان و کێشەکانی دیکەش بە وردی باس دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت بەرەو چارەسەر بکرێن".
ھەرچی پەیوەندیی بە دۆسیەی گەندەڵییەوە ھەیە لە عێراق کە پێشتر کۆنگرەی نیشتمانی عێراقی و ئەمینداری پێشووی ئەحمەد چەلەبی باسی لە بوونی گەندەڵییەکی زۆر دەکرد و چەندین دۆسیەشی خستە روو، ئاراس کەریم دەڵێت "ئێمە بە جورئەتەوە باسی گەندەڵییەکان دەکەین و دۆسیەی باش و گەورەمان لەبەردەستدایە لەبارەی گەندەڵییەوە کە لە پێش ھەڵبژاردنەکان و دوای ھەڵبژاردنەکانیش دەیانخەینە روو، زۆر ژمارە و گەندەڵیی گەورە و زۆر ھەیە کە لە لایەن دەزگای یاسای و دامەزراوەکانی دیکەی سەر بە حکوومەتی عێراق بێدەنگی لێکراوە، یان وەکو پێویست نەخراوەتە بەرباس و لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراوە، ئەو مەسەلانە ئاشکرا دەکەین بۆ ئەوەی دەستی گەندەڵی لە گەلی عێراق دوور بخەینەوە".
سەبارەت بە راپرسیی ھەرێمی کوردستانیش کە لە ٢٥ی ئەیلوول ئەنجامیدا، ئاراس حەبیب کەریم گوتی: "راپرسی ئەنجامدرا، بەڵام ئەنجامەکانی جێبەجێ نەکرا، ئەمڕۆ ئێمە پێویستە بە شێوەیەکی راست بیربکەینەوە، ئێمە ئەمڕۆ دەستوورمان ھەیە و پێویستە بۆی بگەڕێینەوە و بیکەینە بنچینە، پێویستە دیالۆگێکی ھێمن ھەبێت لە نێوان لایەنەکان کە چییان لەسەرە و چییان ھەیە، دەبێت ئەوە جێبەجێ بکرێت، پاشان دەتوانیین بگەینە ئەنجامی راستەقینە کە خزمەت بە ھەردوولا بگەیەنێت، بە دیالۆگ بە ھەموو شێوەیەک چارەسەرە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دەبێت دەستوور بکرێتە بنچینەی چارەسەری کێشەکان".