سەرۆکی دەستەی سەرۆکایەتی رێکخراوی یەکێتی ھەناردەکارانی ئانادۆڵ (DAIB)جەمال شەنگال گوتی: "قۆناغی چارەسەریی کە وەکو ئاوی ژیان پێناسەی دەکەین ئەگەر بەو جۆرە بەردەوام بێت، ئەوە ئاستی ھەناردەی رۆژھەڵات بەرز دەبێتەوە و ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە هەتا ساڵی ٢٠٢٣ ئاستی ھەناردەمان بۆ ١٠ ملیار دۆلار بەرز بکەینەوە، بەڵام ئەگەر قۆناغەکە بەو جۆرە بەردەوام بکات هەتا ساڵی ٢٠١٨ دەتوانین رێژەی ھەناردەی ناوچەکە بگەینینە ١٠ ملیار دۆلار".
شەنگال بە ئانادۆڵو گوتی: "ئەم یەکێتییە لەلایەن مستەفا کەمالەوە بەناوی کۆمپانیای یەکێتی ھەناردەکارانی ئاژەڵەکانی زیندووی رۆژھەڵات و باشوور دامەزراوە بەڵام دوای ساڵانی ١٩٩٠ ناوی ئەو کۆمپانیایە گۆڕدراوە و کراوە بە یەکێتیی ھەناردەکاران".
شەنگال گوتی: "ھەناردەکارانی ١٧ پارێزگای ناوچەکە ئەندامی ئەو یەکێتییەن و بەھۆی کەشوھەوا و ھەڵکەوتەی جۆگرافی ناوچەکەوە، حکوومەت، دەوڵەت، وەزارەتی ئابووریی و مەجلێسی ھەناردەکارانی تورکیا ھاوکارییان پێشکەشی یەکێتی ھەناردەکارانی رۆژھەڵاتی ئانادۆڵیان کردووە".
شەنگال لە درێژەدا دەڵێت: "قۆناغی چارەسەری زۆر بەباشی بەرەو پێشەوە دەڕوات و کاریگەریی لەسەر ھەناردەش کردووە و لە ماوەی دوو سێ ساڵی رابردوودا قۆناغی چارەسەریی کاریگەریی باشی لەسەر ناوچەکەمان کردووە و ناوچەکە پێشتر وەکو ناوچەی نائارام دەناسرا هەنووکە بووەتە باشترین ناوچە و رووداو و پێشھاتەکانی ئەم دواییەش دەبنە مایەی خۆشحاڵی ئێمە".
ناوبراو گوتی: "کاتێک کە قۆناغی چارەسەری وەکو پێویست جێبەجێ کرا ئەوە رێژەی ھەناردەی ناوچەکە سێ ئەوەندە زیاتر دەبێت چونکە ھەموو سەرچاوەکانی ژێرزەمینی و سەرزەمینی لە ناوچەکەی ئێمەدان و هەتا ئێستا کەس ئەو سەرچاوانەی بەکار نەھێناوە و لەگەڵ قۆناغی چارەسەریدا ئێمە دەتوانین سوود لەو سەرچاوانە وەربگرین و بەو جۆرە ئارامی و تەبایی لە ناوچەکە زاڵ بکەن و دوای زاڵکردنی ئارامی و تەبایی لە ناوچەکەدا و دابینکردنی ئارامی ئابووری و بووژاندنەوەی ئابووری ئەوە نارامی لە ناوچەکەدا نامێنێت".
شەنگال لە کۆتاییدا گوتی: "یەکێتی ھەناردەکارانی رۆژھەڵات و ئانادۆڵ بۆ تورکیا زۆر گرنگە چونکە کەرتە جیاجیاکان لە ناوچەکەدا دەیانەوێت بەھێزتر ببن و خۆیان بە بازاڕەکانی جیھان بناسێنن و ئەمساڵ کۆمپانیاکانی ئەندام لەو یەکێتییە بڕەی سێ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار ھەناردەیان ھەبووە. دوو ساڵ پێش ئێستا ئەو رێژەیە سێ ملیار دۆلار بووە و ساڵی رابردووش سێ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بووە".