ههولێر
پەرلەمانی كوردستان، بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكوەزیرانی كوردستان قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە پرۆژە یاسای قەرزی نێودەوڵەتی كۆدەبێتەوە.
پرۆژەكە كە جاری دووەمە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت چاوەڕوان دەكرێت، ئەمرۆ سێشەممە لە پەرلەمانی كوردستان دوای تاوتوێكردنی تێپەڕێنرێت.
لە ئێستاوە سەبارەت بە قەرز و پرۆژەكەش دوو ئاراستەی جیاواز لە پەرلەمانی كوردستان دروست بووە، بەشێكیان پێیانوایە ئاسایە دەبێت هەرێمی كوردستان قەرز لە بنكەكانی جیهان وەربگرێت.
لە بەرامبەریشدا بەشێكی تریش لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە جیاوازەكان بەتایبەتی هەرسێ فراكسیۆنی ئیسلامی كۆمەڵ، یەكگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی پیانوایە وەرگرتنی قەرز لە بانكەكانی جیهان حەرامە و سووی دەچێتە سەر.
جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان، لە پەرلەمانی كوردستان، دڵشاد شەعبان بۆ ئانادۆڵو گوتی:"دەركردنی ئەو پرۆژە یاسایە بۆ كوردستان گرنگیەكی باشی هەیە چونكە تا یاسامان نەبێت ناتوانین قەرز وەربگرین".
گوتیشی: "بۆ هەرێمی كوردستان كە ئێمە وڵاتێكی سەربەخۆش نین ئەگەر بمانەوێت قەرز وەربگرین گرنگییەكی زۆری هەیە وەرگرتنی قەرز بۆ بەشداری لە كێبڕكێ و بازاڕی جیهانی بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە هەروەها دەتوانین ئەو كۆمپانیا جیهانیانە لەبواری ئابووریدا كار دەكەن، دەتوانین بیانهێنینە كوردستان هەم ئێمە سوود لەوان وەردەرگرین هەم ئەوانیش سوود وەردەگرن".
شەعبان گوتیشی: "هەبوونی قەرز لە قۆناغی ئێستا بۆ كوردستان پێویستیەكی زۆرە چونكە ئێمەرووبەڕووی قەیرانی ئابووری بووینەتەوە و وەبەرهێنان وەستاوە، خەڵك بێ كاربووە، ئەم قەرزەش دەكرێت هەوڵ بدەین لەبواری وەربەرهێناندا بكرێت".
باسی لەوەشكرد تا ئێستا زۆر بانك هەیە قەرز بداتە هەرێم بۆنموونە بانكی نێودەوڵەتی و بانكی ئەمریكیش هەن توركیاش بەبێ یاسا قەرزی داوەتە هەرێم ئێمە سوپاسیان دەكەین".
جێگری سەرۆكی لیژنەی نەوت و سامانە سروشتیەكان لە پەرلەمانی كوردستان، نموونەی ئەو وڵاتانەی هێنایەوە كە قەرزیان وەرگرتوە و گوتی: "وڵاتێكی وەكو ئەمریكا 15 تریلۆن و 936 ملیار دۆلار قەرزارە یەكێتی ئەورووپا نزیكەی 15 تریلۆن دۆلار قەرزارە لەكۆی 205 وڵات 201 وڵات قەرزیانكردووە واتە ئەو وڵاتانەی قەرز دەكەن لەخۆیانەوە نایكەن كاری پێدەكەن".
لە بەرامبەردا سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، مەروان گەڵاڵی بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لەگەڵ پرۆژەكەدا نین،پرۆژە یاسای قەرز وەرگرتن كێشەی گەورەی تێدا دەبینین، چونكە لەكۆی 130 وڵات كە قەرزی وەرگرتووە، لە 100 وڵات خەڵكەكەی كەوتوونە ژێر باری قەرزەوە".
گەڵاڵی گوتیشی: "خاڵی دووەمی نازانین ئەو قەرزە چۆن دەكرێت و بۆچی خەرج دەكرێت و لە كوێوە پارەكە دێت".
هەروەها گوتی: "گرنگترین شت ئەوەی كە بەلای ئیمە گرنگە ئەو قەرزە ریبای دێتە سەر لەڕووی شەرعیشەوە حەرامە ئێمە میللەتێكی موسڵمانین نابێت خەڵكەمان تووشی گوناح و حەرام بكەین".
سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی شوان قەڵادزەیی هەمان بۆچوونی سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی هەیەو بۆ ئانادۆڵو دەڵێت: "ئەو پرۆژەیە رەتدەكەینەوە، چونكە بەڕاستی بەو شێوە قەرز وەرگرتن تووشی ریباو گوناحمان دەكات".
پرۆژە یاساكە لە 12 ماددە پێكهاتووە، لە بڕگەی یەكەمی مادەی دووەمدا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەرپشك دەكات، بە راكێشانی مایە لە سەرچاوەی یاسایی پاك لە رێگەی قەرزركردن و قەرزوەرگرتن، یان گەرەنتیكردنی قەرز یاخود پرۆسەی هاوشێوە بە بەهایەك كە سەرجەمی لە پێنج ملیار دۆلاری ئەمریكی زیاتر نەبێت.
هەروەها لە بڕگەی دووەمی ماددەی پێنج ئەنجوومەنی وەزیران سەرپشك دەكات كە لیژنەیەكی تایبەت پێكبهێنێت لە سەرۆكی ئەنجوومەن، جێگرەكەی و وەزیری دارایی و ئابووری بەیەكەوە یان بەجیا دەسەڵاتی ئەوەیان هەبێت بەراكێشان و دیاریكردن و وەرگرتنی قەرز.
پرۆژەكە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، لەپەرلەمانی كوردستان، ئەمرۆش خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەكرێت.
دڵشاد شەعبان دەڵێت: "لەو بڕوایەم ئەمڕۆ پرۆژەكە تێپەڕێنرێت چونكە بۆ هەرێمی كوردستان پێویستیە".