پاریس
سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی رایگەیاند کە بەشێکی زۆری شەڕی داعش دەروونییە لە پاڵ ئەمەش گوتی: "داعش تەنھا بۆ عێراق ھەڕەشە نییە بەڵکو بۆ ناوچەکە و گشت جیھان ھەڕەشە دروست دەکات".
عەبادی لە دوای کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە شاری پاریسی پاریتەختی فەڕەنسا، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، لاورێنت فابیۆس و ھەروەھا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی جۆن کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشی رێکخست.
عەبادی رایگەیاند کە بە مەبەستی رزگارکردنی ئەنبار، پڕۆژە پلانێک لە لایەن پەرلەمان پەسند کراوە و بەم پێیەش دەتوانرێت ھاوکاری پێدانی چەکی زیاتر بدرێتە ئەو گرووپانەی کە لەو ناوچەیە شەڕ دەکەن.
عەبادی راشیگەیاند کە ھێرشەکانی داعش کاریگەریی لەسەر گشت جیھان ھەبووە و بەم پێیەش گوتی: "داعش تەنھا بۆ عێراق ھەڕەشە نییە بەڵکو بۆ ناوچەکە و گشت جیھان ھەڕەشەیە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەڵسەنگاندنی بۆ شەڕخوازانی بیانی داعش کرد و گوتی: "بەشێکی گرنگی شەڕەکە دەروونییە و ھاوکات ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعش عێراقی نین، لە ناوچەکە و وڵاتانی دیکەوە ھاتوون، بەم پێیەش بۆ راگرتنی ئەم رەوتەی شەڕخوازانی بیانی پێویستمان بە ھاریکاری نێودەوڵەتی ھەیە".
عەبادی ئاماژەی بەوەدا کە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش نابێت چاوچۆشی لە سووریاش بکرێت. ھاوکات گوتیشی: "بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داعش تەنھا بابەتێکی پەیوەندیدار بە عێراق نییە بەڵکو لە سووریاش دەبێت چارەسەری سیاسی دەستەبەر بکرێت، چونکە داعش لە سووریا پێکھێنرا نەک لە عێراق، داعش لە سووریاوە بۆ عێراق ھاتووە".
لە کۆنفڕانسەکەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بیلینکان رایگەیاند کە لەم چەند مانگەی دوایی ھەنگاوی باشیان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش ھاویشتووە. ھاوکات گوتیشی: "داعش لە کۆتا نۆ مانگ سەدا ٢٥ی خاکی خۆی لەدەستداوە، ئەم رێکخراوە ژمارەیەکی زۆری چەک و چەکداری خۆی لەدەست داوە، بەڵام دەبێت دان بەوە دابنێین کە داعش زوو ھەڵدەستێتەوە و توانای ئەنجامدانی ھەوڵی دیکەی ھەیە".
بیلینکان راشیگەیاند کە ئەو لەگەڵ عەبادی ھاوڕایە لەبارەی دەستەبەرکردنی چارەسەری سیاسی لە سووریا. گوتیشی: "بۆ پەیڕەوکردنی بەرەنگاربوونەوەیکی تەواو دژی داعش لە عێراق پێویستە سەقامگیری لە سووریا دەستەبەر بکرێت".
بیلینکان ئاماژەی بە بارودۆخی ئاوارەکانی ناوچەکە بە ھۆی شەڕ و پێکدادانەکان لە عێراق کرد و رایگەیاند کە لەگەڵ قوڵبوونەوەی قەیرانەکە، بەرپرسیاریەتی جیھانیش زیاتر دەبێت.