قودس
فرانسوا ھولاند کە بەسەردانێکی رەسمی لە ئیسرائیلە، لەگەڵ بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدا گوتی: "لەگەڵ ئێران رێککەوتنێکی جدی و بە واتا دەخوازین."
ھولاند، داوایکرد ئێران دەرگای ناوەندە ئەتۆمییەکانی لەبەردەم ئاژانسی وزەی ئەتۆم بخاتە سەرپشت بۆ پشکنین. پیتاندنی ٢٠% یۆرانیۆم و بەرنامەی دەستخستنی چەکی ناوەکی بەتەواوەتی رابگرێ.
ھولاند لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی پرسی فەڵەستینی کرد و رایگەیاند: پشتگیریی لە پڕۆسەی ئاشتی دەکەن و پێویست ناکا لایەنەکان لە دەروبەری یەکتر بسوڕێنەوە. ھەروەھا ستایشی بڕیارەکانی ئیسرائیلی کرد لەمەڕ دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکینەی نیشتەجێبوونی جولەکە لەڕۆژئاوای شاری قودس.
سەرکۆماری فەرەنسا رایگەیاند تاوەکو رێککەوتن لەگەڵ ئێران نەکرێ، ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر زیاتر گۆشەگیرکردنی ئێران و جێبەجێکردنی بڕیاری نێودەوڵەتی.
بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی بێ ئەنجامبوونی دانیشتنی دووەمینی گرووپی ١+٥ لەگەڵ ئێران لە کۆبوونەوەکەی جنێڤ و دەستپێکردنەوەی گەڕێکی دیکەی گفتوگۆ گوتی: "ئەو رێککەوتنەی لە جنێڤ لەسەر مێز گفتوگۆی تاوتوێ دەکرێ، باش نییە، رێککەوتنێکی مەترسیدار و خراپە."
ناتانیاھۆ دوای سەردانی مۆزەخانەی کۆمەڵکوژیی جولەکە لەدوای شەڕی جیھانی دووەم گوتی: "ئەزموونی کۆمەڵکوژیی بۆ ھەمووان بەرپرسیارێتییەکی تایبەتە". ئەمجارە رووی قسەکانی لە ھولاند کردو گوتی:" فرانسوا، دەخوازم پێت بڵێم بەرپرسیارێتی ئێرە چەند لەسەر شانم قورسە. رێگرتن لەوە جارێکی تر جولەکە روو بەڕووی کۆمەڵکوژییەک بێتەوە ئەرکی منەو ناچارم، بەڵام بۆ ھەردووکمان بەرپرسیارێتییە بۆ دواڕۆژی ھاوبەشمان."
دواتر ھەردووکیان بەرەو نووسینگەی سەرۆکوەزیران رۆیشتن، لەوێش جارێکی تر رووبەڕوی زوومی کامێراکان وەستانەوە. دوای ئەوەی ناتانیاھۆ ھەڵوێستی فەرەنسای پەیوەست بە گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بەرز نرخاند گوتی: "فەرەنسا بۆ داکۆکی لە راستی ھەڵسایە سەر پێ، ئەو ھەڵوێستە بەرز دەنرخێنم."
ناتانیاھۆ رایگەیاند کە رێککەوتنی باش لەگەڵ ئێران ئەوەیە توانای ئەم وڵاتە لەسەر بەرھەمھێنانی چەکی ناوەکی لەناو دەبات و کەرستەکانی پەرشوبڵاو دەکا. بەمشێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا: "ئێرانییەکان زۆر بە کەیفن کاتێ دەگەڕێنەوە جنێڤ بۆ رێککەوتن. دەزانن، ھەموو کەس دەزانێ ئەو رێککەوتنە دەوڵەمەندکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئاستەنگ ناکا. بە کردەوە رێدەدا بەرنامەی خۆیان دەوڵەمەنتر بکەن. بۆ مەرگەساتی جیھان ئەو رێککەوتنە خەونێکە. ھەر رۆژێک دەچێ فشاری ئابووریی لەسەر ئێران زیاتر دەبێ، بە ھێواشی و بە بڕیار دەتوانن رێککەوتنێکی باش مۆر بکەن. لەمبارەیەوە پێویستە ئەو فشار و ھەڕەشانە بەردەوامبن."
لەلایەکی دیکە بڕیارە ئەم حەفتەیە، ناتانیاھۆ لەگەڵ ھەریەک لە ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی روسیا و جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆببێتەوە، ناتانیاھۆ ھەوڵدەدا بەرامبەرەکانی رازی بکات تا لە بارەی پرسی ئێران ملکەچی داواکانی ئیسرائیل بن.