ههولێر
ئەمرۆ پەرلەمانی كوردستان، لە دانیشتنی ئاسایی بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكوەزیرانی كوردستان قوباد تاڵەبانی و وەزیری دارایی و ئابووری رێباز محەمەد گفتوگۆ سەبارەت پڕۆژە یاسای راكێشانی مایە لە رێگای قەرزكردن لە هەرێمی كوردستان، كرا.
دانیشتنەكە كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، یوسف محەمەد دوای خست بۆ دوای نیوەرۆ بەڵام پێش پشوو وەرگرتن، ژمارەیەك پەرلەمانتار كە زۆربەیان سەر لیستەكانی ئیسلامی بوون، هۆڵی دانیشتنەكەیان بە جێهێشت.
سێ فراكسیۆنی ئیسلامیی ناو پەرلەمانی كوردستان، كە لەدژی پرۆژە یاسای قەرزی نێودەوڵەتی هەڵوێستیان وەرگرت پێیانوابوو نابێت، هەرێم قەرز وەربگرێت چونكە بەپێی شەریعەتی ئایینی ئیسلامی حەرامە.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی ئەبوبەكر هەڵەدەنی بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە بۆیە دژی ئەو پڕۆژە یاسا وەستاوینەتەوە دوو هۆكار لە پشتیەتی یەكەم هەرێمی كوردستان خۆی لە قەیرانێكی ئابووریدایە و ژێرخانی ئابووری خراپە و گەندەڵیش لە ئاستێكدایە پێویستی بە چارەسەرە بەڵام بە هاتنی ئەم پڕۆژەیە گەندەڵی زیاتر دەبێت و پرۆسەی چاكسازیش لەبار دەبات".
هەروەها هەڵەدەنی گوتیشی: "لایەنێكی دیكە كە گرنگە بۆیە ئێمە دژی پڕۆژە وەستاینەوە، پێمانوایە ئەو جۆرە قەرزە حەرامە و سووی دەچێتە سەر ئەمەش بۆ ئێمە نابێت چونكە ئێمە كۆمەڵگایەكی موسڵمانین".
ئەو پەرلەمانتارانەی بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد زیاتر فراكسیۆنی كۆمەڵ، یەكگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی بوون.
ئیسلامییەكان جەختیان لەسەر حەرامی قەرز وەرگرتن دەكردەوە، ئەگەر هاتوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە بانكەكانی جیهانی قەرز وەربگرێت.
لە بەرامبەردا پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان، محەمەد عەلی دەڵێت "فەتوای ئایینی با بۆ خاوەنەكانی بێت، ئەگەر حەرامە بۆ وڵاتێكی وەكو سعوودیە دەڕوات قەرز دەكات بەشداری لە بانكەكانی جیهانیدا هەیە خۆ هەر هەموو دانیشتوانی سعوودیە موسڵمانن، هەندێ وڵاتی ئیسلامی دیكەش هەیە قەرز دەكەن، ئەو قەرزەش بە بەشێك لە داهاتی گشتی دەزانن".
محەمەد عەلی بۆ ئانادۆڵو گوتیشی: "ئێمە لە پرۆسەیەكداین كێشەی داراییمان هەیە پرۆژەی قەرز كردن لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە هاتووە، كەواتە حكوومەت بابەتەكەی لێكداوەتەوە بۆیە دەیەوێت قەرز وەربگرێت لە بانكەكانی جیهانی، بۆیە بەڕای من ئەم قەرزە بۆ قۆناغی ئێستای كوردستان گرنگە".