Hemin Hüseyin
24 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2017
هەولێر - AA
فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان داوا دەکات تەمەنی پەرلەمان لە سێ مانگ بۆ شەش مانگ درێژبکرێتەوە و بەشێک لە لایەنەکانی دیکەش داوای ماوەیەکی درێژتر دەکەن.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ئەبوبەکر هەڵەدنی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکەی گوتی: "ئێمە دژی دوو ئیدارەیین لە هەرێمی کوردستان و پێویستە پەرلەمان وەکو چەترێک بێت بۆ ئەوەی هەموو هێز و لایەنەکان کۆبکاتەوە".
ئەبو بەکر هەڵەدنی گوتیشی: "تەمەنی پەرلەمان کەمتر لە دوو هەفتەی ماوە و لەو ماوە کورتەشدا ئەستەمە هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بۆیە داوا دەکەین کە تەمەنی پەرلەمان لە سێ مانگ بۆ شەش مانگ درێژبکرێتەوە".
دوای دووساڵ لە پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ چوارەمین کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و سەرجەم فراکسیۆنەکان بەشدارن جگە لە کۆمەڵی ئیسلامیی و بزووتنەوەی گۆڕان.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان خاوەنی١٠ کورسییە لە پەرلەمانی کوردستان.