سياسەت, عێراق

عەلی باپیر: "بە ئەندامێکی ئێمەیان گوتووە، نوێژی کەمتر، سەلامەتی زیاتر"

عەلی باپیر: " بەشداری ئافرەتانمان لە سەدا ١٠ کردە سەدا ٢٠، ئەمەش واتای بەشداری گەرموگوڕی ئافرەتانە لە کار و بارەکاندا، چوار خوشک هاتنە سەرکردایەتی واتا لە ٢٢ کەس چواریان ئافرەتن و بە دەنگی خۆیان هاتوونەتە سەرکردایەتی".

Heman Hussein Yaseen  | 27.02.2021 - نوێکردنەوە : 03.03.2021
عەلی باپیر: "بە ئەندامێکی ئێمەیان گوتووە، نوێژی کەمتر، سەلامەتی زیاتر"

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان مامۆستا عەلی باپیر لە کۆنگرەیەکی رۆژانامەوانییدا دوا گۆڕانکارییەکانی کۆنگرەکی چوارەمی کۆمەڵی دادگەریی خستەڕوو و، راشیگەیاند ئەو باوەڕی وابووە کە خۆی هەڵنەبژێرێتەوە بەڵام لە کۆنگرەدا جارێکی دیکە کاندیدیان کردووەتەوە و بە کۆی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە وەک سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان هەڵبژێردراوەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان مامۆستا عەلی باپیر لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی ١٥ی شوباتی ٢٠٢١ بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، رایگەیاند کە ئەوان دژی تێکدانی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستانن و جەختی لەوەشکردەوە کە پێویستە هەموو لایەک یەک دەنگ بن بۆ پاراستنی هێمنی و ئاسایشی ناوچەکە.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان مامۆستا عەلی باپیر گوتی: "ئێمە لە ١٨ و ١٩ی ئەم مانگە کۆنگرەی چوارەممان بەست، هەمیشە کۆنگرە و کۆبوونەوەکان وێستگەیەکە کە ئەو خەڵکە سەیری رابردوویان بکەنەوە و هەر هەڵەیەک هەبووبێت چاکی بکەن و بۆ ئایندە بڕوانن، بۆ بەرەو پێشچوون و گەشەکردن، ئێمە ئەم کۆنگرەیەمان بەستا لە کاتێکدا بوو کە ساڵێک بەسەر وادەی کۆنگرەکە تێپەڕیبوو ئەویش هۆکاری دۆخی تەندروستی بوو، بۆیە ئێستا کۆنگرەمان گرێدا کە سێ قۆناغ بوو، قۆناغی یەکەم کۆبوونەوەی گشتی بوو کە هەشت هەزار ئەندامان بەشداربوون، دواتر کۆنفڕانسە ناوچەییەکان بوون بۆ هەڵبژاردنی بەرپرسی مەڵبەندەکان کە ١٢ مەڵبەندە و، ١١ لەوانە لەناوەوەی هەرێمی کوردستان و یەک مەڵبەندیش لە دەرەوەیە، دواتر قۆناغی گرێدانی کۆنگرە دەستی پێکرد، بێگومان ئێمە وەکو کۆمەڵ هەمیشە هەوڵمانداوە کە بەچاوێکی رەخنە لەخۆگرتن سەیری خۆمان بکەین و ئێمە کۆمەڵێک مرۆڤین دەکرێت هەڵە و کرچ وکاڵیمان هەبێت و لەم کۆنگرەیەدا بە ئازادانە برایان و خوشکان قسەی خۆیان کرد".

عەلی باپیر گوتیشی: "ئەوەی بە پێویستی دەزانم قسەی لەسەر بکەم ئەوەیە کە هەمواری پەیڕەوی ناوخۆمان کردەوە، لەنێو پەیڕەو ناونیشانی کۆمەڵی ئیسلامی گۆڕا بۆ کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، هەروەها ناوی پۆستی ئەمیری کۆمەڵ گۆڕدرا بۆ سەرۆکی کۆمەڵ کە ئەمە کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا و بەشێک لە خەڵک پێیوایە ئەمە هەنگاوێکە بۆ خۆچاککردن کە بێگومان ئەمەیان راست و دروستە، هەروەها ئاڵای کۆمەڵیش لەسەر راسپاردەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە عێراق گۆڕانکارییەکی بەسەردا دێت بەڵام رەنگەکەی وەک خۆی دەمێنێتەوە، هەروەها بەشداری ئافرەتانمان لە سەدا ١٠ کردە سەدا ٢٠، ئەمەش واتای بەشداری گەرموگوڕی ئافرەتانە لە کار و بارەکاندا، چوار خوشک هاتنە سەرکردایەتی واتا لە ٢٢ کەس چواریان ئافرەتن و بە دەنگی خۆیان هاتوونەتە سەرکردایەتی".

هەر لەبارەی گۆڕینی پاشگری ئیسلامیی بە دادگەریی، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان عەلی باپیر گوتی: "میکانیزمی یەکلاییکردنەوە لای ئێمە بە دەنگی زۆرینەیە، ئێمە بە زۆرینە بڕیاری گۆڕانکاریمان داوە و پاشگری ناوەکەمان گۆڕیووە، ئێمە ناوەرۆکمان نەگۆڕیووە، ھەندێک کەس پێیان وایە گەر بتەوێت بکرێیەوە بەرەو کۆمەڵگادا، دەبێت دووریی بگری لە ئیسلام، بەڵام بە پێچەوانەوە ‌گەر ئێمە لە ئیسلام تێبگەین وەکو ئەو شەریعەتەی کە لە قورئان و سوننەتدا بەرجەستەیە، ئێمە ھەتا باشتر لە قورئان و رێبازی پێغەمبەر تێبگەین، ئینجا دەزانین شەریعەت فەرمانمان پێدەکات بە کرانەوە و تەبایی و پێکەوەژیان، ھەروەرھا شەریعەت فەرمانمان پێدەکات بە کرانەوە و پێکەوەژیان، هەورەها شەریعەت فەرمانمان پێدەکات کە بوەستین لەبەرامبەر ستەمکار و گەندەڵکاران".

سەرۆکی دادگەریی کوردستان عەلی باپیر گوتیشی: "ئێمە کە پاشگری ئیسلامیمان لابردووە و دادگەریمان داناوە، بۆ ئەوەیە کە خوای گەورە فەرمانی پێکردووە، خوای گەورە پێغەمبەرانی بۆ چەسپاندنی دادگەری ناردووە، مەبەستمانە گۆڕانکارییەکان ببنە پردێک بۆ زیاتر لێکنزیکبوونەوە لە سەرجەم چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگە، بەتایبەتی ئەوانەی دادگەرییان دەوێت، گەر نوێژیشمان لەدواوە نەکەن، با بێن پێکەوە دادگەری بچەسپێنین، چونکە حاڵەتی شەرعی و لۆجیکی ئەوەیە دادگەری بۆ ھەموو ھاوڵاتییان بێت. کەسێک کە موسڵمان بێت پێویستە ئامادەی ھەموو باجدانێک بێت. با کەس کەڵکەڵەی ئەوەی لە کەللـەدا نەبێت کە خەڵکی خزمەتکاریان بن".

لەبارەی ھەڵبژاردنەوەی بۆ جارێکی دیکە بە سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان مامۆستا عەلی باپیر گوتی: "بەندە خۆم ھەڵنەبژاردەوە و پێشم راگەیاندن کە یەکێکی دیکە دابنێن بۆ سەرۆکایەتی کۆمەڵ، بەڵام ئەندامانی کۆنگرە ئەوەیان رەتکردەوە و کاندیدیان کردمەوە، گەر نا خەڵکی زۆر بەتوانامان ھەیە بۆ سەرۆکایەتی ئەم حزبە، من لە رابردوودا دوو ساڵ لەلایەن ئەمریکاوە گیرام کۆمەڵێک سەرکردەی زۆر باش حزبەکەیان بەڕێوەبرد و سەرکەوتووش بوون".

لەبارەی زیندانییەکانی بادینان کە چەند رۆژی رابردوو بە شەش ساڵ زیندانی حکومدراون، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان عەلی باپیر گوتی: "ئەگەر بە دادگایەکی عادیلانە بێت و ئەو کەسەی سزادراوە، بە کردەوە تاوانەکەی ئەنجام دابێت و دانی بە تاوانەکەی نابێت، ئەمە بێگومان کەس گلەیی نيیە، بەڵام بەپێی زانیاریی من بەداخەوە لەم وڵاتەدا هەندێک لە ئەندامەکانی خۆمان وابوون کە دوای چەند ساڵ گیران و زیندانیکردنییان بە حەق، بە زۆر دانیانپێداناوە و تا لێواری مردن بردوویانە و بە ناچاری دانپێدانانێکیان پێ واژوو کردووە، بۆیە ئەگەر ئەمەش بە زۆر بێت ئەوا هیچ بەهایەکی نیە، پێم وایە ئەوەی پاکە، بێ باکە، باوەڕم وایە ئەگەر کەسێک هەڵە دەکات رێگای بدەن خۆی قسە بکات و پارێزەری هەبێت، ئێمە هەموو لایەک دەبێت دڵسۆزبین بۆ خۆمان و قەوارەکەمان بۆیە دەبێت عەیب و حاڵەکان لەم قەوارەیە دووربخەینەوە".

مامۆستا عەلی باپیر گوتیشی: "بێگومان کاتی خۆی کەسانێک گیراون بە تۆمەتی ئەوەی کە ئیسلامیین، ئەندامێکی خۆمان دەستگیرکرابوو، دوای چەندین ساڵ ئازادکرا و لێم پرسی لەسەرچی گیرابووی، گوتی وەڵا منیش هەر دەمپرسی لەسەرچی گیراوم، پێیان دەگوتم تۆ لە مزگەوت زۆر مایەوە و نوێژی سوننەتت کردووە، بۆیە لەلای ئێمە بنچینەیەک هەیە ئەویش ئەوەیە، نوێژی کەمتر، سەلامەتی زیاتر".

لەبارەی پەیوەندییەکانیان و هاتوچۆی شاندی هەولێر و بەغدا، مامۆستا عەلی باپیر گوتی: "وا باشترە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بێگومان دەبێت کێ بەهێزە و بڕیاری یەکلاییکەرەوەی بەدەستە دەبێت ئەو بچێت".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لەبارەی مووشەکبارانەکەی سەر چەند رۆژی رابردوو بۆ سەر هەولێر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، مامۆستا عەلی باپیر گوتی: "بەپێی زانیاریی کە بە من گەیشتووە، مووشەکەکان بۆ فڕۆکەخانە هاوێژراون و ئەوانەیشی کە لە دەوروبەری فڕۆکەخانە کەوتوونەتەوە، ئەوا ئەو مووشەکە دژە هەواییەی ئەمریکاییەکان بووە کە مووشەکەکەی لەخۆیان دوورخستووەتەوە. بێگومان ئێمە هەموو جۆرە شێواندنێکی هەرێم و هەر پارێزگایەکی دیکەی عێراق رەتدەکەینەوە و کارێکی خراپە، ئەمریکا خۆی بە خاوەن دۆسیەکە دەزانێت و پێرێ کاردانەوەی هەبووە، بۆیە ئێمە هەموو ئەوانە رەتدەکەینەوە کە دەبێتە هۆی تێکدانی ئەمن و ئاسایش، پێویستە هەموو لایەک یەک دەنگ بین بۆ پاراستنی هێمن و ئاسایش کە دواجار هەموومان لەو پڕۆسەیە سوودمەنددەبین".




بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن