Hemin Hüseyin
16 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2018
هەولێر - AA
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەدار زوبێر بارزانی رایگەیاند کە پشتگیری هەر کاندیدێک دەکەن کە سەرۆکوەزیران، عادل عەبدولمەهدی کاندیدی بکات، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە لە ساڵی داهاتووەوە مینحە و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هاوتای حکوومەتی فیدرال دەکرێت.
هەدار زوبێر بارزانی سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تا ئێستا هەشت وەزارەت ماوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و لەم ژمارەیەش چوار وەزارەت کێشەیان لەسەرە، ئێمەش وەکو فراکسیۆنی پارتی پاڵپشتی سەرۆکوەزیران عادل عەبدولمەهدی دەکەین و هەر کەسێک کە ئەو کاندیدی بکات ئەوا ئێمە دەنگی پێ دەدەین".
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەدار زوبێر بارزانی گوتیشی: "وەزارەتی پەروەردە، رۆشنبیری، خوێندنی باڵا و پلاندانان باوەڕ ناکەم کێشەیان لەسەربێت، ئەوانەی کیشەیان لەسەرە، وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆن، هەروەها یەکێک لە وەزارەتەکانی داد و کۆچ و کۆچبەران کە پێکهاتەی مەسیحی بە مافی خۆی دەزانێت وەریبگرێت، هەروەها فراکسیۆنێکی دیکەش مەرجی بەشداریی لە کابینەی نوێی حکوومەت ئەوەیە کە وەزارەتی دادی پێ بدرێت".
هەدار زوبێر بارزانی پێی وایە کە پارتی لە بەغدا دەستبەرداری وەزارەتێک بووە بۆ ئەوەی یەکڕیزی کورد بپارێزێت و گوتی: "ئەگەر هاتوو باسی شایستەبوون بکەین، دەبینین ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٣٢٩ کورسی پێک دێت و پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەن ٢٥ کورسییە و دەبێت سێ وەزارەتمان بەربکەوێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە یەکریزی ناوماڵی کورد دەپارێزین، هەر کەسێک عادل عەبدولمەهدی دەستنیشانی بکات بەو مەرجەی کورد بێت، ئەوا ئێمە پشتگیری لێ دەکەین".
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەدار زوبێر بارزانی راشیدەگەیەنێت کە لە بوودجەی ساڵی داهاتوو، مینحە و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسیی هاوتای حکوومەتی فیدرال دەکرێت و گوتی: "خۆشبەختانە پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی ساڵی ٢٠١٩دا زیادکراوە، خۆمان لە لیژنەی شەهیدان و زیندانییان سیاسیی پەرلەمانی عێراقین و حکوومەتی هەرێم پڕۆژەیەکی رادەستی سەرۆکوەزیران کردووە بۆ ئەوەی مینحە و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسیی هاوتای ئەوەی عێراق بکرێت، پڕۆژەکە رەزامەندی لەسەر دراوە، ئەگەر هیچ شتێک روونەدات لە بوودجەی ٢٠١٩دا هاوتا دەکرێت".
رۆژی ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨، وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراون، مەحمود حاجی ساڵح دوای گەڕانەوەی لە بەغدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لە میانی کۆبوونەوەکانی لیژنە تایبەتەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاتوێی گواستنەوەی ئەو ٤٤ ملیار دینارەی کەسوکاری شەھیدان کراوە کە مانگانە حکوومەتی ھەرێم دابەشی دەکات، بەڵام ئەوکاتەی ئەو بووجەیە دەگوازرێتەوە سەر بەغدا، بڕی پارەکە زیاد دەبێت بۆ ١٠٨ ملیار دینار بەم پێیەش مینحەی کەسوکاری شەھیدان ھاوتای مینحەی کەسوکاری شەھیدان دەکرێت لە بەغدا و چاوەڕێی بڕیاری ئەرێنی دەکەین".