ھەولێر
حکومەتی عێراق بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووری رەبیعە لەنێوان سوریا و عێراق لەپارێزگای حەسەکە، دوو مەرجی داناوە. یەکەمیان دەبێ ئاڵای سوریا لەسەر ئەو دەروازەیە ھەڵبدرێ و ئەوەی دیکەیان دەبێ کارمەندانی ئەو دەروازەیە سەر بە حکومەتی سوریا بن.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، پارتی یەکێتیی دیموکراتی- پەیەدە دوای دەستبەسەرداگرتنی ناوچەی یەعروبیە لەڕۆژی ٢٦ مانگی رابردوو، داوایان لە بەرپرسانی عێراق کردووە تا ئەو دەروازەیە بۆ کاری بازرگانی نێوان ھەردوولا بکرێتەوە.
بەڵام حکومەتی عێراق دوو مەرجی ھەیە بۆ کردنەوەی ئەو دەروازە ستراتیژییە، دەروزاەکە بەیەکێ لە وێستگە گرنگەکانی بازرگانیی نێوان عێراق و سوریا دادەنرێ.
یەکەم مەرجی لایەنی عێراقی ئەوەیە دەبێ ئاڵای سوریا بەسەر ئەو دەروازەیە بشەکێتەوە. دووەمیان دەبێ کارمەندانی ئەو دەروازەیە سەر بە حکومەتی سوریابن. عەبدولسەلام ئەحمەد، ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل لە رۆژئاوا سەر بە پەیەدە، لە لێدوانێکدا بۆ AA رایگەیاند ئەوان بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ کردنەوەی ئەو دەروازەیە کۆمیتەیەکیان دروستکردووەو دەستیان بەکار کردووە. ئەو بەرپرسە ئامادەنەبوو لەو بارەیەوە لێدوانی زیاتر بدا تەنیا گوتی:" ئێمە بەھیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین دەزگای ئیستیخباراتی سوریا لەو دەروازەیە ھەبێ."
خاڵی سنووری رەبیعە لەپارێزگای حەسەکە، رۆژی ٣ ئازاری ساڵی ٢٠١٣ کەوتە ژێر کۆنترۆڵی بەرەی نەسرە،. بەڵام وەکو پەیەدە ناوی لێدەنێ "شەڕی یەکلایی کەرەوە" رۆژی ٢٦ ی تشرینی یەکەم، لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل -یەپەگە دەستی بەسەر داگیرا.
لەلایەکی دیکە رۆژی ٣١ مانگی رابردوو، محەمەد زەعال عەلی، پارێزگاری تازەی حەسەکە، سەردانی ئەو ناوچەیەی کرد و بانگەوازی کرد لەو سوریانەی ئاوارەبوون و ئێستا لەعێراق و ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن، بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان و ئەوان ھەموو ئاسانکارییەک دەکەن بۆیان.