ھەولێر
سەرکردەی پێشووی پارتی کرێکارانی کوردستان عوسمان ئۆجالان لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بۆ دیاربەکر بۆ AA دووا و بەم جۆرە ھەڵسەنگاندنی بۆ دیدارەکە کرد: "لەڕاستیدا دیمەنەکان زۆر جوان و دڵخۆشکەر بوون. ھەنگاوێکی زۆر باش و بەسوود بوو. پێویستە ئەوە بە تۆوی ئاشتی دابنرێ. ئەوە ئاشتییەکی ھەمیشەیی بۆ کورد و تورک فەراھەم دەکات."
ئۆجالان جگە لە ئاشتەوایی کورد و تورک ئەوەی بە ئاشتەوایی جیھانی ئیسلامی دانا و گوتی: "چۆن دەمێکە تورک و کورد تینووی ئاشتی و رێکەوتنن، زۆر لەوە زیاتر جیھانی ئیسلامی پێویستی بەو ئاشتەوایی و پێکەوە ژیانەیە. لەم روانگەیەوە بەڕای من ئەردۆغان سەڵاحەدینی ئەیوبیی ئەمڕۆمانە، ئەو وەکو ئاڵپاڕسڵان و قڵیچاسڵانە."
ئۆجالان ھیوای گەڕانەوەی بۆ خاکی باووباپیرانی خواست و گوتی: "چاوەڕێی رۆژی گەڕانەوە بۆ ماڵەکەی خۆمان دەکەین. زۆریش تامەزرۆی شادبوونەوەین بەو خاکەی تێیدا لەدایکبووین. گەورەترین خەونی ئێمە شادبوونەوەمانە بە زێدی باپیرانمان. من لەساڵی ١٩٨٠وە تا ئێستا لە دەرەوەی وڵاتەکەمم."
ئۆجالان لەبارەی کاردانەوەی BDP و PKK بۆ سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە لەناخی ئەواندا بووین و لەگەڵیان ھاوھەست بووین. ئەو ھەنگاوە لە پێگە و پایەی کوردایەتی دانابەزێنێ، بگرە بەرزتری دەکاتەوە. ئەگەر PKKپارێزگاری لە یەکڕیزیی خەڵک دەکات ئەوا پێویستە بزانێ ئەو ھەنگاوەی ئەردۆغان و بارزانی خزمەتێکە بە ئاشتی و یەکڕیزی. بەڕای من سەغڵەتبوون بەو ھەنگاوە کارێکی ژیرانە نییە. ئەو پارتانەی تەنیا بەرژەوەندیی خۆیان دەوێ بێگومان پێی ناڕەحەت دەبن، ئەگینا نیشتمانپەروەران بە کارێکی لەو چەشنە ناڕەحەت نابن."