هه‌ولێر
له گفتوگۆیه‌ك كه ئاژانسی ئانادۆڵو له‌گه‌ڵی ئه‌نجامداوه. ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان عه‌لی باپیر باس له‌ڕه‌وشی سیاسی و ئه‌منی عێراق ده‌كات.
هه‌روه‌ها له باره‌ی هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ كورد ئه‌میری كۆمه‌ڵ بۆچوونی تایبه‌تی هه‌یه‌و ده‌ڵێ: "واشنتۆن كورد زۆر له‌وه به بچووكتر ده‌زانێ كه هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ببه‌ستێت."
سه‌باره‌ت به‌ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كورد باپیر گوتی: "وروژاندنی پرسی ده‌وڵه‌تی كوردی هه‌روا ئاسان نیه، پێویستی به یه‌كگرتووی هه‌موولایه‌ك هه‌یه ئه‌گینا ئه‌و ده‌وڵه‌ته به كاك مه‌سعود و من و كاك نه‌وشیروان و یه‌كێتی و یه‌كگرتووی ئیسلامیش دانامه‌زرێت."
به‌بۆچوونی ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی نابێ هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندی سیاسی و دبلۆماسی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌بێت، چونكه هه‌ر جۆره په‌یوه‌ندیه‌ك له‌گه‌ڵ ئیسرائیل وه‌ك ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌ڵێ شه‌رعیه‌تدانه به‌قه‌واره‌ی زایۆنی كه خاكی موسڵمانانی داگیركردوه.
پرسیاره‌كانی په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو و وه‌ڵامه‌كانی عه‌لی باپیر به‌و شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌بوون:
ئانادۆڵو: بۆچوونتان چییه له‌باره‌ی هاتنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا جۆن كیری بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان؟
عه‌لی باپیر: به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان، سه‌باره‌ت به هاتنی جۆن كیری جگه‌له‌وه‌ی له راگه‌یاندنه‌كان بیستوومه، شتێكی تری لێ نازانم. دیاره هاتنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ عێراق، به‌لایانه‌وه گرنگه بارودۆخی عێراق چۆن ده‌بێت، به‌تایبه‌تی ئه‌و ئاڵۆزیه‌ی ئێستا له وڵات دروست بووه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كاتی خۆی ئه‌مریكا ئاوێكی خراپی له‌م وڵاته رشتووه، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له‌دوای نه‌مانی رژێمی دیكتاتۆری به‌عس هێمنی و ئارامی له‌نێوان پێكهاته‌كانی عێراق په‌یدا بێ، كه‌چی ئه‌مریكا هات تۆی دووبهرهكێی چاند، ئێستا كیری هاتووه ئه‌و به‌رهه‌می تۆوه بدورێته‌وه. به‌بۆچوونی من ئه‌مریكا فاشل بوو نه‌ك ته‌نیا له عێراق، به‌ڵكو له‌و وڵاتانه‌ی كهداگیری كردوه شوێنه‌واری خراپی به‌جێهێشتووه. ئێستا به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته هاتوونه‌ته عێراق ده‌یانه‌وێ به‌ڕواڵه‌ت چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكه‌ن، به‌ڵام ئایا چی له‌نێوان ئه‌مریكا و مالیكی یان له‌نێوان ئه‌مریكا و كاك مه‌سعود گوزه‌راوه، به‌ڕاستی نازانم.
ئانادۆڵو: كورد پرۆژه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا چۆن مامه‌ڵه بكات؟
عه‌لی باپیر: ئه‌وه‌ی كاك مه‌سعود له‌راگه‌یاندن گوتی پرسی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی له‌گه‌ڵ جۆن كیری باس ده‌كه‌ین، نازانم باسیان كردوه یان نا.
ئانادۆڵو: كورد بۆ ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا یه‌كگرتووه؟
عه‌لی باپیر: كورد ده‌یه‌وێ یه‌كگرتوو بێت، وه‌ك كۆمه‌ڵی ئیسلامیش پێشتر پرۆژه‌ی تایبه‌ت به‌خۆمان هه‌بووه بۆ ده‌وڵه‌تی كوردی، هه‌م له‌سه‌ر ئاستی كوردستانی گه‌وره و هه‌م له‌سه‌ر ئاستی باشووری كوردستان، پێموایه یه‌كگرتووی كورد پێویسته و یه‌ك گوتاری گرنگه. بۆ ده‌وڵه‌تی كوردیش ده‌بێ به‌رنامه رێژی بكرێت. ئه‌مه كاری شه‌و رۆژێك نیه.
ئانادۆڵو: له‌سه‌ر ئاستی شه‌قام هه‌روه‌ها لایه‌نگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێن سه‌رۆكی هه‌رێم پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی پێیه، بۆچوونت چیه له‌سه‌ر ئه‌مه؟
عه‌لی باپیر: پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی ئه‌وه‌نیه به‌كاك مه‌سعود بێ یان به من و كاك نه‌وشیروان و براده‌رانی یه‌كێتی و یه‌كگرتووی ئیسلامی. پێویسته ئه‌و پرۆژه‌یه هی هه‌موومان بێت، چونكه كورد شه‌خسێك گوزارشتی لێ ناكات، ناكرێ به‌هه‌موو لایه‌نه سیاسیه‌كانیش بڵێن گوزارشت له هه‌موو كورد ده‌كه‌ین، بۆیه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ بۆ ئامانجێكی گه‌وره‌ی وه‌ها هه‌نگاو بنێن، ده‌بێ زۆر باش ئه‌و پرۆسه‌یه تاوتوێ بكه‌ین، گوتاری هاوبه‌شمان هه‌بێت. كاك مه‌سعود و هه‌موو هاوڵاتییه‌كی ئه‌م وڵاته‌ش مافی خۆیه‌تی باسی ده‌وڵه‌تی كوردی بكات، خوای گه‌وره‌ش ده‌ڵێ كه‌س ئیمتیازی به‌سه‌ر كه‌سه‌وه نیه كه‌وایه فارس و تورك و ئه‌فغان و ئینگلیز چه‌نده حه‌قی ده‌وڵه‌تی هه‌یه، كوردیش ئه‌وه‌نده حه‌قی هه‌یه. له‌راستیدا كاتی خۆی ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كان زوڵمیان له كورد كردوه، چونكه په‌یمانی سایكس بیكۆ له‌نێوان به‌ریتانیا، فه‌ڕه‌نسا و روسیا بووه. له‌ساڵی 1916 پاشان له په‌یمانی سیڤه‌ر له ساڵی 1920 به‌ڵێن به‌كورد درا كه خاوه‌نی چاره‌نووسی خۆی بێت، كه‌چی له په‌یمانی لۆزان له ساڵی 1923 ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كان په‌شیمان بوونه‌وه. جا كه‌واته ده‌بێ ئه‌مڕۆ بێ یان سبه‌ی ئه‌و زوڵمه مێژوویه له‌سه‌ر كورد لابچێت. هه‌ڵبه‌ته كه‌له‌سه‌ر كورد لابچێ مه‌رج نیه هه‌ر ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ بێ، ده‌كرێ له‌هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆبن، یان له ئۆتۆنۆمییه‌كی راسته‌قینه بن گرنگ ئه‌وه‌یه كورد له‌سه‌ر خواستی خۆی بێت چی ده‌وێت.
ئانادۆڵو: بۆچی سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هاوڵاتیانی ئاسایی پرسی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیان به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتوه؟
عه‌لی باپیر: له‌راستیدا جیاوازییه‌ك هه‌یه له نێوان هاوڵاتی ئاسایی و سیاسییه‌كان. زۆرجار هاوڵاتی ئازادتره له سیاسییه‌كان، ئه‌گینا له‌هه‌ر كوردێك بپرسی ده‌لێ پێمخۆشه ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆمان هه‌بێ كه‌واته ئازادبوون مافێكی ره‌وایه بۆ هه‌موو مرۆڤێك.
ئانادۆڵو: زۆرجار كه باسی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌كرێ، ناوی ئه‌مریكا ده‌هێنری گوایه ئه‌مریكا هاوپه‌یمانی گه‌لی كورده. پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌مریكا هاوپه‌یمانی كورده؟ ده‌كرێ بۆ پرسی ده‌وڵه‌تی كوردی هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌و وڵاته نزیك ببێته‌وه؟
عه‌لی باپیر: هاوپه‌یمانی نێوان كورد و ئه‌مریكا ئه‌فسانه‌یه. به‌داخه‌وه كاتی خۆی هه‌ردوو حزبی پێشووی حوكمڕان پارتی و یه‌كێتی زۆریان گوت ئه‌مریكا هاوپه‌یمانمانه. جارێكیان گوێم له به‌رپرسێكی باڵای یه‌كێك له‌و حزبانه بوو گوتی: "ئه‌گه‌ر توركمان توركیایان هه‌یه، عه‌ره‌ب وڵاتانی عه‌ره‌بیان هه‌یه، شیعه ئێرانیان هه‌یه، ئێمه‌ش له هه‌رێمی كوردستان ئه‌مریكامان هه‌یه" به‌ڵام ده‌ركه‌وت شیعه ئێرانی هه‌بوو عه‌ره‌بی سونه وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌بوو توركمانیش توركیای هه‌بوو، به‌ڵام كورد ئه‌مریكای نه‌بوو. ئه‌مه خۆڵ له‌چاوكردنی خه‌ڵك و خۆهه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن بوو، نابێ ئینسانی سیاسی وا ماڵه بكات. كوا ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ته؟ جگه له ته‌له‌فۆنێك و كۆمه‌ڵێك قسه‌ی زاره‌كی كه هیچ ئیعتیبارێكی نیه. به‌بۆچوونی من ئه‌مریكا كورد زۆر له‌وه به بچووكتر ده‌زانێ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ بكات. سبه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا به‌رژه‌وه‌ندی له‌وه‌دابوو كوردی هه‌رچوارپارچه‌كه بكاته یه‌ك ده‌وڵه‌ت، ده‌یكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی له‌وه‌دابوو كورد وه‌ك ئێستا بمێینێتهوه كه به‌رژه‌وه‌ندی له‌وه‌دایه وه‌ها بێت، پێی خۆشه كورد هه‌روا بمێنێته‌وه. بۆیه نابێ قسه له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ین چیمان له ئه‌مریكا یان ههروڵاتێكی تر ده‌وێ، پێویسته خۆمان یه‌كلای بكه‌ینه‌وه وه‌كو كورد چیمان ده‌وێ ده‌بێ ئیراده‌مان هه‌بێ خۆمان به‌سه‌ر ئه‌م واقیعه ناشه‌رعیه‌دا زاڵ بكه‌ین كه چه‌ندین ساڵه ئێمه‌ی كورد به‌ده‌ستیه‌وه گیرۆده‌ین، زۆر میلله‌ت بوونه ده‌وڵه‌ت مه‌رج نیه ئه‌مریكا پێی خۆش بێت. بۆیه ئه‌مریكا زۆرشتی ویست كردی، زۆرشتیت كرا ئه‌مریكا پێی باش نه‌بوو بكرێ كه‌چی كردیشیان.
ئانادۆڵو: وه‌كو كورد پاكێجێكتان هه‌یه له‌گه‌ڵ وڵاتان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن؟
عه‌لی باپیر: تا ئێستا به‌جدی قسه له‌سه‌ر ده‌وله‌تی كوردی نه‌كراوه، ئه‌وه‌نه‌بووه بێین دابنیشین بزانین هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێ چی بكات یان چی مان ده‌وێ، به‌ڵام له‌م لاو ئه‌ولاوه قسه‌كراوه، بۆنموونه وه‌كو كۆمه‌ڵی ئیسلامی پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردیمان راگه‌یاندوه. لایه‌نی تریش قسه‌ی كردوه و ره‌نگه وه‌ك كارتی فشار ئه‌م قسه‌ی كردبێ، به‌گشتی ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ ئێمه ده‌بێ پرۆژه‌یه‌كمان هه‌بێ بێین به‌جدی قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین.
ئانادۆڵو: بۆچوونتان چیه له‌سه‌ر داعش ئه‌م گروپه چۆن له پڕێكدا توانی هه‌ژمونی خۆی به‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراق زاڵبكات و كوردیش خه‌ریكه له‌م شه‌ڕه‌دا تێوه‌ده‌گلێ، قسه‌ی ئێوه چیه؟
عه‌لی باپیر: ئه‌وه‌ی ئێستا له عێراق په‌یدابووه به داعش و چه‌كداره‌كانی تریش له‌راستیدا ئه‌مه داعش نیه، ئه‌مه سونه‌ی عێراقن. له‌ماوه‌ی ساڵانی رابردوو به‌تایبه‌تی له هه‌شت ساڵی رابردوو سته‌میان لێ كراوه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ناوه‌نده‌وه، بۆیه ئه‌مه‌ی ئێستا ده‌كرێ كاردانه‌وه‌یه داعش‌یش یه‌كێكه له پێكهاته‌كان، ئه‌گینا به‌گشتی كاردانه‌وه‌كه سونه‌ی عێراقن. هیچ عاقڵێك له‌گه‌ڵ ئه‌وه نییه خۆی توشی ئه‌م شه‌ڕه بكات. له كۆبوونه‌وه‌ی پێشتری سه‌ركردایه‌تی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌بووین كورد له‌م شه‌ڕه تێوه نه‌گلێت.
ئانادۆڵو: ئێستا پێشمه‌رگه له‌ناوچه كوردستانیه جێناكۆكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم جێگیركراون، پێتان باشه پێشمه‌رگه نه‌كشێته‌وه؟
عه‌لی باپیر: ئێمه رامان گه‌یاندوه، ئه‌و شوێنانه ئه‌وه‌نده پێویست و بگونجێن پێشمه‌رگه نه‌كشێته‌وه، كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه لایه‌نێكی سیاسی هه‌یه، ئه‌گه‌ر بزانین باجی قورسی له‌سه‌ر ناده‌ین و ئێره‌شمان لێ تێك ناچێ، باشتره پێشمه‌رگه نه‌كشێته‌وه. ئه‌مه حه‌قێكی خۆمانه پێش ئه‌وه‌ی شه‌ڕی له‌سه‌ر بكه‌ین. ئێستا ده‌رفه‌تێكی باش هاتۆته پێش ناوچه‌كانمان هاتۆته‌وه ده‌ست، ئه‌گه‌ر بتوانین له‌ڕووی سیاسیشه‌وه كاری له‌سه‌ر بكه‌ین، حه‌قی خۆمانه نه‌كشێینه‌وه. پێویسته كورد زۆر وردبینانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی سنوری كه‌ركوك و موسڵ بكات، نه‌ك وه‌كو پێشتر مامه‌ڵه‌ی دادگه‌رانه‌ی نه‌كرد ده‌بێ سوود له‌م ده‌رفته وه‌ربگرین. بزانین چۆن ده‌وڵه‌تداری ده‌كه‌ین.
ئانادۆڵو: كورد له‌به‌رامبه‌ر پرسی ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان یه‌كگرتووه؟
عه‌لی باپیر: به‌ڵێ ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادارم كورد یه‌كگرتووه ئێستا.
ئانادۆڵو: سه‌باره‌ت به كوژرانی پێشمه‌رگه، پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه بكوژرێ شه‌هیده؟
عه‌لی باپیر: به‌ڵێ ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌سێك له‌سه‌ر خاك و نیشتمانی خۆی بكوژرێ شه‌هیده، خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ وڵاتی خۆتان و ناموسی خۆتان بپارێزن.
ئانادۆڵو: سه‌باره‌ت به ده‌سته‌واژه‌ی تیرۆر بۆ داعش، بۆچوونێك هه‌یه ئیسلامیه‌كانی كوردستان به‌داعش ناڵێن تیرۆرست. قسه‌ی ئێوه چیه؟
عه‌لی باپیر: مه‌سه‌له‌ی داعش تیرۆریسته یان تیرۆریست نییه، من پێناسه‌ی تیرۆر وه‌ها دێنمه‌وه (هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك بیروڕای خۆی به‌سه‌ر به‌رامبه‌ره‌كه‌ی فه‌رزبكات) تیرۆرسته، جا داعش بێ یان هه‌ر گروپ و لایه‌نێك. بۆنموونه ئه‌مریكا بیه‌وێ دونیا بخاته ژێر ركێفی خۆی پێناسه‌ی تیرۆر ده‌یگرێته‌وه، ئیتر من ناچم بڵێم ئه‌مه كاڵایه‌كه به‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه بڕاوه‌ته‌وه. هه‌موولایه‌ك ده‌زانن كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن خه‌ڵك و سیاسه‌تیان له پشته، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ خه‌ڵك جوان ده‌كه‌ن نه‌یانه‌وێ ناشرینی ده‌كه‌ن. چی وڵاتێك به‌قه‌د ئه‌مریكا بنكه‌ی سه‌ربازی له دونیا هه‌یه؟ هیچ وڵاتێك نیه. یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌ت چه‌كی كیمایی به‌كارهێنا دژی ژاپۆن، ئه‌مریكابوو. هه‌ر ئه‌مریكابوو چه‌كی یۆرانیوۆمی له عێراقدا به‌كارهێنا. ئێ ئێستا كه‌س به ئه‌مریكا ناڵێ تیرۆریست.
ئانادۆڵو: دوا پرسیارم سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئیسرائیله. پێتانه چۆنه كورد په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌بێت؟
عه‌لی باپیر: پێم خراپه هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ جوله‌كه هه‌بێ. كورد گله‌ی ده‌كات له عه‌ره‌ب و تورك و فارس كه ده‌ڵێن وڵاته‌كه‌مانیان داگیركراوه، خۆی له‌راستیدا تورك و عه‌ره‌ب و فارس كوردستانیان داگیر نه‌كردوه، ئه‌وه سایسك بیكۆیه كه داگیر و دابه‌شی كرد، به‌ڵام ئه‌و گلله‌ییه‌ی له عه‌ره‌ب و فارس و تورك ده‌كرێ كه ئیقراری ئه‌و واقیعه ناحه‌قه بكه‌ن كه ده‌رهاویشته‌ی سایكس بیكۆیه. كورد كه گله‌یی ده‌كا له تورك و فارس و عه‌ره‌ب، ئه‌ی چۆن دێت په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ قه‌واره‌ی زایۆنست ده‌به‌ستێت كه به‌ناحه‌ق هاتۆته سه‌رخاكی موسڵمان. له فه‌له‌ستین میله‌ته ئه‌سڵیه‌كه ده‌ربه‌ده‌ر كراوه. كاتی خۆی ئینگلیز و ئه‌مریكا و رووس و فه‌ڕه‌نسا ئه‌و قه‌واره‌یان دروستكرد و گوتیان ده‌ربه‌ده‌رن. ئی با له ئه‌وروپا ئه‌و قه‌واره‌یان دروست بكردبیایه و با له‌سه‌ر خاكی فه‌له‌ستین دروستیان نه‌كردبایه. له‌رووی ئایینییه‌وه قه‌واره‌ی زایۆنی سێیه‌م حه‌ره‌می موسڵمانانی له‌ژێر ده‌سته، ئه‌مه په‌یوه‌ندی به‌هه‌موو موسڵمانه‌وه هه‌یه. بۆیه ده‌بێ موسڵمانان په‌ویه‌ندیان به‌و قه‌واره‌یه‌وه نه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت به‌و قه‌واره‌یه نه‌درێت. له‌گه‌ڵ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی سیاسی و دیبلۆماسی نیم كه له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌مان بێت.
news_share_descriptionsubscription_contact

