سلێمانی
سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندی کە وەک پەرلەمانی ناوخۆیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانعادل موراد باس لە کۆبوونەوەکەی سبەی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی و ئەگەرەکانی پێکھێنانی کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێم دەکا.
سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندی کە ھاوکات یەکێکیشە لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو کە لە داھاتوودا بڵاو دەبێتەوە ,بۆچوونی خۆی دەربارەی ھەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانی لەسەر پێکھێنانی حکومەتی داھاتووی ھەرێم خستە روو و ئاشکرای کرد، ئێستا لە مەکتەبی سیاسی ھەوڵێک ھەیە بەتەنیا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا حکومەت پێک بھێنرێ، ئەمەشی بە جۆرێک لە خۆکوشتنی سیاسی بۆ (ی.ن.ک) لەقەڵەم دا .
موراد لە بەشێکی ھەڤپەیڤینەکەیدا باسی لەوەش کرد، راپۆرتێکی کورت و پوخت لەلایەن ئەنجومەنی ناوەندیەوە ئامادە کراوە، تێیدا باس لە ھۆکارەکانی شکستی یەکێتی لە ھەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی پەرلەمانی کوردستان دەکا، تێیدا پشتگیریی یەکێتی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکی ھەرێمی بە یەکێک لە ھۆکارە سەرەکیەکانی شکستی یەکێتی لەم ھەڵبژارندە لەقەڵەم دراوە. ھەندێ لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش لەو شکستەی حزبەکەی بە بەرپرسیار دەزانێ.
ھەروەک لە بەشی دووەمی راپۆرتەکەدا ئەنجومەنی ناوەند پێشنیارەکانی خۆی بۆ چاکسازی بۆ سەرکردایەتی یەکێتی نووسیوە و لە بەشێکیدا داوای ھەموارکردنەوە یان ھەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنامەی ستراتیژیی یەکێتی لەگەڵ پارتیدا دەکا.
لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی کوردستان لە ٢١ی ئەیلولی رابردوو یەکێتی ١٨ کورسی بەدەست ھێنا، لەکاتێکدا لە ھەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی ھاوپەیمانیدا پێکەوە بەشدارییان کرد و ٥٩ کورسییان بەدەست ھێنا، کورسیەکانیشیان نیوە بەنیوە دابەش کرد.