سلێمانی
سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و یەکێ لەدامەزرانی ئەو حیزبە عادل موراد، لە ھەڤپەیڤێنێکدا لەگەڵ AA بەڕاشکاوانە چەندین کەموکورتی سەرکردایەتی حیزبەکەی دەخاتەڕوو.
موراد ئاشکرایکرد لەدوای بەستنی کۆنگرەی چوارەمی ی.ن.ک بەتەمایە بەیەکجاریی واز لەکارکردن بێنێ لەناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پشوو بدات.
موراد بەو جۆرە بۆچوونی خۆی خستەڕوو لەبارەی پێکھێنانی کابینەی تازە لەھەرێمی کوردستان: "دەبێ حکومەتی بنکە فراوان دروستبێ بە بەشداری بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن، ھەندێ کەس ھەن سڵ دەکەنەوە لەوەی ئۆپۆزسیۆن نەمێنێ و گشتیان بچنە نێو حکومەت، بەڵام بۆھەرێمی کوردستان کارێکی زۆر باشە چونکە ھێشتا لەقۆناغی ئینتقیالیداین و ھەرێمێکی نەمەیوە".
ئێستا باس و خواس لەبارەی سیناریۆکانی کابینەی تازە لەڕۆژەڤی سیاسی ھەرێمی کوردستاندایە لەمبارەیەوە عادل موراد ئەو باسە شرۆڤە دەکات " پارتی دیموکراتی کوردستان ناکرێ بە تەنیا حکومەت پێکبێنێ، پێویستی بەھاوپەیمانە، پرسیارەکە ئەوەیە ئەو ھاوپەیمانە کێیە بۆ پارتی.. گۆڕانە ؟ گۆڕان ھاوپەیمانی لەگەڵ پارتی نابەستێ چونکە خودی گۆڕان لەسەر ڕەخنەگرتن لە پارتی دروستبووە، ئەگەر یەکێتی و پارتی ھاوپەیمانی ببەستن ئەوا یەکێتی دەسوتێ ئەمە خۆکوژیی سیاسییە بۆ یەکێتی، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە ئێمەو پارتی و گۆڕان لەگەڵ حیزبە ئیسلامیەکان بێین و بەشداری لەحکومەتێکی ھاوبەشدا بکەین، بێجگە لەسازان ئەو کاتە گەندەڵیش بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەبێـتەوە".
لەبەشێکی گوتەکانی عادل موراد باسی رەوشی ناوخۆیی ی.ن.ک کرد، لەم باسەدا بەڕاشکاویی چەند خاڵێکی دەست نیشانکرد" یەکێ لەھۆکانی شکستی یەکێتی سەرقاڵی ھەندێک لەسەرکردەکانیەتی بە بازرگانییەوە، کاری ئێمە خزمەتکردنی میللەتە نەک بازرگانییکردن. ھەروەھا ھۆیەکی سەرەکی دۆڕاندنی یەکێتی لەھەڵبژاردندا درێژ کردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی ھەرێم مەسعود بارزانی بوو بۆ دوو ساڵی دیکە."
موراد درێژەی پێدا "راگەیاندنی یەکێتی بەخراپی ھەڵسوکەوتی کرد لەگەڵ چەند ھەڵسوڕاوێکی دیاری ناو گۆڕان، ئەوان پێشتر کادرو سەرکردەی ی.ن.ک بوون، نەدەبوو بەوجۆرە قسەیان لەسەر بکرێ بۆیە ھەزاران دەنگی یەکێتی لەناوچەی گەرمیان لەکیسی یەکێتی چوو لەبەر ئەو کارکردنەی میدیای یەکێتی."
لەساڵی ٢٠٠٦ەوە کابینەی تێکەڵاو یان یەکگرتوو لەنێوان ھەر دوو حیزبی دەسەڵاتدار لەھەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، عادل موراد لەوبارەیەوە پێی وایە ی.ن.ک بەلاوازی کەڵکی وەرگرتووە لەبەشی خۆی و بەوەیش لەبەردەم پارتی دا بەپچووکی دەرکەوتووە.
"من نموونەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستانتان بۆ دەھێنمەوە، لە ١٠٢ کارمەندی ئەو دەزگایە تەنیا دوو کەسیان سەر بە یەکێتین کەکاربەدەست بن، ئەگەر کەسێ لەسنووری یەکێتییەوە بیەوێ بڕواتە دەرەوەی ولات، ئەوا زۆر بە زەحمەت بەدەستی دێنێ، کەچی کەسانی نزیک لە پارتی زۆر ئاسان دەتوانن لەڕێی ئەو دەزگایەوە بچنە دەرەوەی وڵات، ئەوە شتێکی روونە حکومەت تەنیا بەدەستی پارتییەوە بووە لەو چەند ساڵەدا."
ھەروەھا نموونەی دیکەی ھێنایەوە " وەزیری دارایی حکومەتی ھەرێم یەکێتییەو جێگرەکەی پارتییە، جێگر لە وەزیر زیاتر شتی بەدەستە، ئەمەیش ھۆکارێکی سەرەکی شکستی یەکێتیە، دەوڵەتمەدارانی یەکێتی نەیانتوانی سوود لە بەشداریکردنیان لە حکومەت ببین."
لەدوایین کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ی.ن.ک لەشاری سلێمانی (٧ی تشرینی یەکەم) راگەیەنرا لەداھاتوودا کۆنگرەی چوارەم دەبەستێ، لەو کۆبوونەوەیەدا عادل موراد بەشداریی نەکردبوو، بەڵام لەبارەی بەستنی کۆنگرە بۆچوونی تایبەتی ھەبوو.
موراد گوتی "بەستنی کۆنگرەیەک کە دوور بێ لەتەکەتولبازیی، دەشێ ببێتە مەشخەڵی زیندووبوونەوەی یەکێتی، دەبێ سەرجەم ئەندامانی ئێستای مەکتەیی سیاسی واز بێنن، خەڵکی گەنج بێنە پێشەوە عەلی حەمە ساڵح یەکێ بوو لەکاندیدە گەنجەکانی گۆڕان بینیتان زۆرترین دەنگی بەدەستھێنا چونکە گەنج بوو، بۆ یەکێتیش دەکرێ کەسێکی گەنج ئەگەر لەدەرەوەی مەکتەبی سیاسیش بێ بکرێتە سکرتێر، ئیتر باوی ئەوە نەماوە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بێن و بڵێن ئێمە ئەوەندە خەباتمانکرد و وا تێکۆشاین. ئیتر کاتی ئەوەیە مەکتەبی سیاسی بچنەوە ماڵەوە و جێگە بۆ گەنجی تازە بکەنەوە، من و کاک کەمال فواد وازمانھێنا بۆ ئەوەی ببینە نمونەو چاومان لێبکەن، کەچی کەس ئەوەی نەکرد."
لەبارەی رۆڵی ئێران لەسەر ی.ن.ک، عادل موردا نکوڵی لەوەکرد ئێران دەستوەرداتە کاروباری نێوخۆیی ئەو حیزبەو گوتی " دەگوترێ ئێران ھەوڵی تەداخول دەدا. ئەوە راست نییە، ئەو وڵاتە دەیەوێ سنوورەکانی خۆی بپارێزێ، ئەگەر پارتی لەسنووری ئەو بوایە پێدەچوو لەگەڵ پارتی مامەڵەی بکردایە، ئەگەر ئێران تەداخولی بکردایە نەیدەھێشت گۆڕان و یەکێتی لێکتر جیاببنەوە، تورکیاو ئێران لایان گرنگە سنوورەکانیان پارێزراوبێ."
یەکێکی دیکە لەو پرسانەی ئێستا باسی لێوە دەکرێ، ئەگەری جیابوونەوەو ئینشیقاقە لەناو (ی.ن.ک) دا عادل موراد کارێکی وای بەدوور زانی، رونیکردەوە ھەر کەسێ بیەوێ لەناو یەکێتی جیابێتەوە ئەوا ھەرگیز ئەو قەبارەیەی پێشووتر بەدەست ناھێنێتەوە " جیابوونەوەی کاک نەوشیروان و دواتر بزووتنەوەی گۆڕان کاریکی جیاواز بوو، لەبەر ئەوەی کاک نەوشیروان کەسێکی تەواو جیاواز بوو دەست و داوێن پاکبوو، ھەروەھا شەخسی دووەمی ناو یەکێـتی بوو، من کاتێ ئەو قسانە دەکەم پێم دەڵێن تۆ گۆڕانی، بەڵام لەوە ناگەن کە گۆڕان ھی ئێمەیە و ئێمەش ھی گۆڕانین."
لە بەرامبەر چۆنێتی ھەستانەوەی ی.ن.ک عادل موراد چەند خاڵێک دەخاتە پێشچاو، دەڵێ ئەو خاڵانەی لەڕاپۆرتێکدا داوەتە سەرکردایەتی ی.ن.ک.
موراد گوتی: "ھەموارکردنەوەی رێککەوننامەی ستراتیژیی یان ھەڵوەشاندنەوەی، پێدانی ڕۆڵی زۆر زیاتر بەگەنجان چونکە ئەم دۆخە خوارو خێچەی یەکێتی تەنیا بە گەنج ڕێکدەکرێتەوە. دروستکردنی گروپێکی لێپێچینەوەو ئەمیر سندوق تا چی موڵکوماڵی یەکێتی ھەیە و بەناوی شەخسەوەیە دەبێ بکرێتەوە بەناوی یەکێتیەوە، پاشان ھەموو کەس لێیی ئاگادار بن."