Zana Natık Kerem
20 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2023
ھەولێر – AA
لە میانی دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجامدرا، شەشی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بە وادەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەسند کرا.
فەرمانگەی راگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەن بۆ گفتوگۆکردن و دەنگدان لەسەرماددەکانی پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجامدراوە.
راشیگەیاندووە کە لە کۆی ٣٢٩ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، ١٧١یان ئامادەی دانیشتنەکە بوون کە لە میانیدا، لە کۆی ١٥ ماددەی پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، حەوت ماددەیان پەسەند کراون.
باسی لەوەیش کردووە کە حەوت ماددەکە، بە ئامانجی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی ئازاد، پاک و بێگەرد و دادپەروەرانە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە لە ھەرێمێکدا رێکنەخراون ئەنجام بدرێت.
بەپێی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، یاساکانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان کراون بە یەک یاسا.
گرنگترین ئەو ماددانەی کە لە پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەسەند کراون، ئەوەیە کە ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەک خۆیان دەمێننەوە کە ٣٢٩ کورسین و ژمارەی کۆتای پێکھاتەکانیش گۆڕانکاریان تیایدا کراوە کە نۆ کورسییە و بەم شێوەیەن "کورسییەکانی پێکھاتەی مەسیحی دەبن بە پێنج کورسی و بەسەر پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، کەرکووک، دھۆک و ھەولێر دابەش کراون، یەک کورسی بۆ پێکھاتەی ئێزدی لە پارێزگای نەینەوا، یەک کورسی بۆ پێکھاتەی سابیئەی مەندائی لە پارێزگای بەغدا، ھەروەھا یەک کورسی بۆ پێکھاتەی شەبەک لە پارێزگای نەینەوا و یەک کورسی بۆ کوردی فەیلی لە پارێزگای واست".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە میانی دانیشتنەکەدا، شەشی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بە وادەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەسەند کراوە.
باسی لەوەیش کردووە کە ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاریداوە، دانیشتنەکەی بۆ دەنگدان لەسەر سەرجەم برگە و ماددەکانی پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، رۆژی شەممەی داھاتوو ھەڵگرتووە.
دوایین ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٣دا ئەنجامدرا، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩دا، بە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان سڕ کرا.