بە پلانێكی سەربازیی ھاوبەش لەگەڵ ھێزەكانی ئاسمانی ھاوپەیمانان، ھێزەكانی پێشمەرگەی ھەرێمی كوردستان توانیان چەندین ناوچە لە كۆنترۆڵی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دەربهێننەوە كە چوار مانگ لەمەوبەر دەستیان بەسەر داگرتبوو.
دوای ھێرشەكانی چەكدارانی داعش بۆ سەر هەندێك ناوچەی ھەرێمی كوردستان و كۆنترۆڵ كردنی بەشێكی زۆری ناوچە جێ ناكۆكەكان لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ، ھێزی پێشمەرگە رووبەرێكی فراوانی سنوورەكانی بەنداوی موسڵ و ناحیەی زوممار و شارۆچكەی رەبیعە و ناحیەی سنونێ و چیای شنگالی كۆنترۆڵ كردەوە.
چەندین ھێز لە شەڕی دژی داعش لەو ناوچانە بەشدارییان كردووە، لەوانەش ھێزی پێشمەرگەی رۆژئاوا كە ئێستا لە ریزی پێشەوەی بەرەكانی جەنگدان و لە لایەن ھێزی پێشمەرگەی زێزەڤانییەوە چوار مانگ پێش ئێستا مەشقی سەربازیان پێكراوە.
لە لێدوانێكی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو پێشمەرگەیەكی سەر بە ھێزی رۆژئاوا بەناوی مەحمود رەشید گوتی: "لەسەرەتای دەستپێكردنی ھێرشەكان بۆ سەر بەنداوی موسڵ و ناحیەی زوممار و شارۆچكەی رەبیعە و شارۆچكەی سنونێ و چیای شنگال، وەك پێشمەرگەی رۆژئاوا لە ریزی پێشەوەی بەرەكاندا بووین، لەگەڵ ھێزەكانی دیكەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە پێشڕەوییەكی سەركەوتوومان ئەنجامداوە".
مەحمود ھەروەھا گوتی: "چەندین ھێرشمان بەسەركەوتوویی و بەزیانی زۆر كەم ئەنجامداوە، ھێرشێكی قورسمان بۆ سەر چەكدارانی داعش لە سنووری قەزای شنگال دەستپێكرد، هەنووكە ٣٠٠ پێشمەرگەین كە لەم شەڕەدا بەشداریمان كردووە و ١٧٠ پێشمەرگەمان لە ریزی پێشەوەن، یەكەم فەوج بووین چووینە ناو شنگال و لەوێ پێشمەرگەیەكمان شەھید بوو و دووانی دیكەمان بریندار بوون".
مەحمود سەبارەت بە چۆنێتی پێكھێنانی ھێزەكەیان و مەشقپێكردنیان گوتی: "لە لایەن ھێزی زێرەڤانییەوە مەشقی چوار مانگەمان پێكراوە، ئامادەی ھەموو جۆرە جەنگێكین لە دژی ھەر گرووپ و رێكخراوێكی تیرۆریستی. سەرجەم پێشمەرگەكانیش خەڵكی رۆژئاوان و بۆ بەرگریكردن لە خاك بۆ ھەرپارچەیەكی كوردستان بێت دەجەنگین، لێرە ھێزی چوار پارچەی كوردستان لە بەرگریی كردن دایە".