Muhammet Ali Kemal
21 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 22 حوزەیران 2017
ریاز- AA
لە سعوودیە کوڕەکەی شا سەلمان، محەمەد بن سەلمان کە جێگری شازادەی جێنشینە، کرایە شازادەی جێنشین، لەجیاتی محەمەد بن نایف.
بەپێی بڕیارنامەکانی دیوانی پاشایەتی کە لە ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی سعوودیەدا بڵاوکراوەتەوە، شازادەی جێنشین، سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە، محەمەد بن نایف، لە سەرجەم پۆستەکانی دوورخراوەتەوە. جێگری شازادەی جێنشین، محەمەد بن سەلمان، کرایە شازادەی جێنشین و سەرۆکوەزیران. هاوکات لە پۆستی وەزیری بەرگرییدا دەمێنێتەوە.
لەرێگەی ئەو بڕیارنامەیەوە، گۆڕانکاریی لە ماددەی ٥٠ی دەستووری سعوودیەدا کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی پاشای ئەو وڵاتە، کرا. بە پێیەش حوکمی ''شای سعوودیە، لەنێو کوڕانی سەرۆکی دامەزرێنەر، عەبدولعەزیز بن عەبدولرەحمان ئالسعوود هەڵدەبژێردرێت'' بە حوکمی ''ئەو کەسەی وڵات بەڕێوەدەبات، لەنێو کوڕان یان نەوەکانی سەرۆکی دامەزرێنەر، عەبدولعەزیز بن عەبدولرەحمان ئالسعوود هەڵدەبژێردرێت'' گۆڕدرا.
هاوکات بەندەر بن فەیسەڵ بن بەندەر بن عەبدولعەزیز وەک جێگری راوێژکاری دەزگای هەواڵگریی دەستنیشانکرا. ئەمیر فەیسەڵ بن سەتتام بن عەبدولعەزیز ئالسعوود وەک باڵیۆزی ئیتاڵیا و ئەمیر خالید بن بەندەر بن سوڵتان بن عەبدولعەزیز وەک باڵیۆزی ئەڵمانیا دیاریی کرا.