هەولێر
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەڤپەیڤینێكی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و راگەیاند:" پەیوەندییەكانی ئێستای توركیا و هەرێم وەك پێشوو ئاساییە و لەنێوان هەردوولا دا لەرووی سەربازی و ئابووریی و كۆمەڵایەتی هەماهەنگی زۆر باش هەیە."
بە پێی بۆچوونی سەفین دزەیی، توركیا بۆ هەرێمی كوردستان وڵاتێكی گرنگە و هەرێمی كوردستان توركیا بە درواسێیەكی گرنگی دادەنێ و بۆیە بەردەوام دەبین لە سەر بەرەوپێشەوەبردنی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا.
سەفین دزەیی ئەوەشی راگەیاند: "لەمانگی پێنجەوە توركیا پارەی نەوتی هەرێمی كوردستانی رەوانە كردووە، بەو شێوەی توانیوێتی بەشێك لە پارەی مووچە و خەرجییەكانی دیكەی هەرێمی پێ دابین بكات. هاوكات توركیا لەمانگی هەشتدا و لەكاتی هێرشی داعش بۆ سەر هەرێم هاوكاریی سەربازیی كردووین و چەكی رەوانەی هەرێم كرد. ئەم هەڵوێستانەی توركیا جێگای بایەخی هەرێم بوونە و بەڵام ئێمە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی زیاترمان دەكرد لەوەی كە توركیا كردوویەتی."
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو بارەوە هەورەها گوتی:" لەگەڵ ئەوەی توركیا ئێستا خەریكی كردنەوەی دوو كەمپە لە شاری دهۆك كە ئەمەش پێویستی بە پارە و ئیمكانیاتە و هەروەها دەزانین كە هاریكاری زیاتری ئەو وڵاتەش لەرووی سەربازی و مرۆییەوە، بەردەوام دەبێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ئاستی جەماوەرییەوە خەڵك لە هەڵوێستەكانی ئەو وڵاتە نیگەران بوو، چوونكە خەڵكی كوردستان چاوەڕی زۆرتریان لە توركیا دەكرد، پێم وایە هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەو كات بەشێكی زۆری بەرپرسانی وڵاتانی ئەوروپا و جیهان روویان لە هەرێمی كوردستان دەكرد و لەرووی سەربازی و مرۆییەوە، هاریكاری و پشتگیری هەرێمی كوردستانیان كرد. ئەو كات توركیا زیاتر بە نهێنی ئەو هاوكاریانەی دەكرد ، بەڵام ئێمە وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان رەچاوی بەرژەوەندییەكانی توركیامان كردووە و ئەم جۆرە سیاسەتەی ئەوانیشمان قبوول كردووە."
دەقی هەڤپەیڤینەكەی گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو سبەی دووشەممە بڵاودەكرێتەوە.