ھەولێر
بەپێی قسەکانی شارەزایەکی وزە ئاوارە و پەنابەرەکان قورساییەکی زۆریان بۆ سەر کەرتی وزە دروست کردووە و ھەرێمی کوردستانیش بە دابەزینی نرخی نەوت کاریگەر دەبێ.
لەبارەی پلانی بەرھەمھێنانی نەوت لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە کە وا بڕیارە لەکۆتایی ئەمساڵ بگاتە ٥٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و لەکۆتایی ساڵی ئایندەدا بۆ یەک ملیۆن بەرمیل بەرز ببێتەوە شارەزای وزە، بێوار خونسی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێ "ئەو پلانە وەکو خۆی بەڕێوە دەچێت و پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ بگاتە ئەو ئاستەی راگەیەنراوە" ناوبراو هەروەها گوتی "ھەرێمی کوردستان لە ھێرشەکانی داعش پارێزراوە، ئەگەر پێشتر لێرە و لەوێ کەموکورتییەک ھەبووبێ، ئێستا ھەموو دامەزراوە و کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێم لە دەستی خۆیدان، بۆیە ئەو پلانەی بۆ بەرھەمھێنانی نەوت دانرابوون جێبەجێ دەکرێ و لە کۆتایی ئەمساڵ ھەرێم دەگاتە ئاستی بەرھەمھێنانی ٥٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا."
ئەو شارەزایەی وزە پێی وایە بوونی ئاوارەیەکی زۆر بارگرانیی خستووەتە سەر کەرتی وزە لە ھەرێمدا، بەقسەی ئەو بوونی زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێم کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەو کەرتە بەجێ ھێشتووە، چونکە پێداویستیی نێوخۆیی بۆ وزە زیادی کردووە.
بێوار خونسێ کە راوێژکاری ئاسایشی ئابووری ھەرێمی کوردستانیشە دەڵێ "ئێستا ھەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنێت، جگە لە ١٠٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانە کە بۆ پێویستی ناوخۆ بەکاردەھێنرێت."
لەبارەی کاریگەریی ھێرشەکانی داعش لەسەر نەوتی ھەرێمی کوردستان، خونسی دەڵێت "ئەو ناوچانەی کە نزیکی سنووری داعش بوون لە نزیک مەخمور و گوێر و حەمدانییە و نزیکی چیای مەقلوب و چیای زەرتک، بۆ ماوەیکی کورت ھەندێ کێڵگەی نەوتی ھەرێم لە خاکی ھەرێم لە رۆژئاوای رووباری دیجلە لە پارێزگای دھۆک، کەوتە دەست داعش وەکو کێڵگەکانی عەینزالە و بەتمە بەڵام دواتر بە پلانێک ئەوانە کەوتنەوەدەست و ئێستا ھیچ دامەزراوەیەکی نەوتیی ھەرێم لەدەستی داعشدا نییە".
راوێژکاری ئاسایشی ئابووری ھەرێم بێوار خونسی ئاشکراشی دەکات ھیچ کۆمپانیایەکی بیانیی نەوت و غاز لە ھەرێم کارەکانیان رانەگرتووە بەتایبەت ئەوانەی نەوت بەرھەم دەھێنن، لەو رووەوە دەڵێ "سەرجەم ئەو کۆمپانیانەی لەھەرێمدان و گرێبەستیان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم ھەیە بەتایبەت ئەوانەی کە بەرھەمی نەوتییان ھەیە لە ھەرێم، ھیچیان بەھۆی ھەڕەشەکانی داعشەوە چالاکییەکانیان رانەگرتووە، رەنگە پێشتر لەسەر داوای حکوومەتی ھەرێم چەند کۆمپانیایەک کە کارەکانیان نزیکی سنوورەی داعش بووبێ، کارەکانیان راگرتبێ، بەڵام ئێستا ھەموویان کاری خۆیان دەکەن".
ئەو شارەزایەی وزە باس لەوە دەکات ھەرێمی کوردستان ٥٣ گرێبەستی لەکەرتی وزە لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان لە ٥٧ بلۆکی نەوتی واژۆ کردووە. ھەروەھا دەشڵێ ئەگەر دەرکەوتنی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش نەبایە ئەوە کەرتی نەوتیی ھەرێم زیاتر گەشەی دەکرد و حکوومەتیش گرێبەستی پتری کەرتی وزەی واژۆ دەکرد.
لەبارەی داھاتی داعشیشەوە لەکەرتی وزە، خونسی پێی وایە ئاستی بەرھەمھێنان و فرۆشتنی نەوت لەلایەن داعشەوە بەگورزی ھاوپەیمانانەوە تەواو کاریگەر بووە.
لەوبارەیەوە دەڵێت" لە ناوچە جێناکۆکەکان ھێشتا داعش دەستی بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە بیر و کێڵگەی نەوتییدا گرتووە، بەپێی راپۆرتەکان ژمارەی ئەو بیرانەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی داعشن دەگاتە ھەزار و ٤٣٧ بیرە نەوت، پێشتر رۆژانە ٢٠٠ تا ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتیان بەرھەم دەھێنا بەڵام پێناچێ ئێستا ئەو ژمارەیە وەکو خۆی بێ، بەڵکو گورزە ئاسمانییەکانی ھاوپەیمان ئەو بڕەی کەم کردووە، چونکە لاواز کردنی توانای دارایی داعش یەکێکە لە ئامانجەکانی ھاوپەیمانان".
سەبارەت بە کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لە کەرتی وزەدا خونسی ھێما بۆ ئەوە دەکات بەربەرستەکانی پێشتری بەردەم گەیشتن بە رێککەوتن تا رادەیەک کەم بوونەتەوە و بەلاچوونی سەرۆک وەزیرانی پێشوو و یاریدەدەرەکەی بۆ کاروباری وزە، دەڵێ" دەبێ کەرتی وزە لە عێراق بەھاوبەشی و بەشداریی ھەرێم و پارێزگاکان بێ و ئەوکات بە نامەرکەزی بەڕێوە ببرێ و دەسەڵاتەکان دابەزێنرێتە خوارەوە."
بێوار خونسی لەکۆتایی قسەکانیدا ئاماژە بۆ دابەزینی نرخی جیھانیی نەوت دەکات و پێی وایە دابەزینی نرخەکە بەو شێوە زۆرەی جێی سەرسووڕمانە و دەڵێ: "لەماویەکی دیاری کراودا ھەر بەرمیلێک نەوت ٢٨ دۆلار دابەزی، ئەوەش کاریگەری لەسەر ئەو وڵاتانەی بەرھەمھێنی نەوتن دروست کردووە، لەنێویاندا عێراق و ھەرێمی کوردستانیش، چونکە ئێستا دەبێ عێراق بوودجە بەڕێژەی ٢٠% کەم بکاتەوە، ئەوەش کار لە پرۆژەکان دەکات."