Hemn Baban
04 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 06 تشرینی دووەم 2015
سەفین دزەیی دەڵێت "هیوادارن هەدەپە بتوانێت لەگەڵ ئاك پارتی پردێك درووست بكەن بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەست پێبكاتەوە".
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەفین دزەیی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی بەڕێوەچوون و ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەمدواییەی توركیا گوتی: "پیرۆزبایی لە خەڵكی توركیا دەكەین كە بەشێوەیەكی دیموكراسییانە و دوور لە توندوتیژی ئەو پرۆسە گرنگە كە بەشێكی گرنگە لە پرۆسەی دیموكراسی كە ئەوەیش مافی دەنگدانە بەشێوەیەكی رێكوپێك كۆتایی پێهات و ئاكامەكەشی بەو شێوەیە بوو كە هەموو لایەك بە سنگێكی فراوان قبووڵیان كردووە".
گوتیشی: "داوای سەركەوتن لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لە توركیا دەكەین، هیوادارین پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا كە لە رابردوودا باش بووە لە داهاتووشدا بە هەمان ئاست و بەرەو باشتریش بچێت".
دزەیی نیگەرانی خۆی و حكوومەتی هەرێمی لە پەرەسەندنی توندوتیژییەكانی ئەمدواییەی توركیا دەربڕی و گوتی: "ئەوە سەلمێنراوە كە توندوتیژی هیچ مەرامێك بەدەست ناهێنێت و ئاشتی و تەبایی و رێگەی دیموكراسی و دیالۆگ و گفتوگۆ تەنها رێگە چارەسەرە بۆ كێشەكان، هیوادارین حكوومەتی نوێ كە پێكدێت بتوانێت دەرگایەك بكاتەوە و دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان بەتایبەت لەناو پەرلەمان بكاتەوە بۆ دەستپێكردنەوەی ئاشتی".
لەبارەی رێژەی ئەو دەنگانەشی كە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بەدەستی هێناون، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێم روونی كردەوە "هەرچەندە ئەو دەنگانەی كە هەدەپە لە هەڵبژاردنی ئەمجارە بەدەستی هێناون لە هەڵبژاردنی پێشتر كەمتر بوو، بەڵام بەگشتی ئەو دەنگانەی بەدەستی هێناوە سەركەوتنێكی باش بوو و توانی بەربەستی سەدا ١٠ی هەڵبژاردن تێیپەڕێنێت، بوونی ئەوان لە پەرلەمان شتێكی باشە و هیوادارین بتوانن لەگەڵ ئاك پارتی پردێك دروست بكەن بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەست پێبكاتەوە".
لە كۆتایی قسەكانیدا دزەیی هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمیشی خستە روو بۆ یارمەتیدانی لایەنە ناكۆكەكانی توركیا بۆ گەیشتن بە ئاشتی و گوتی: "ئێمە هەمیشە لایەنگیری ئەوە بووین ئاشتی بەرقەراربێت لە توركیا و هاوكار بووین و رۆڵی بەرچاومان بینیوە لە حكوومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی هەرێم و لایەنەكانی سیاسیی بۆ ئەوەی قسەی خێر بكەین و لایەنەكان نزیك بكەینەوە، ئێمە ئێستاش ئامادەین بۆ هاوكاریی زیاتر لەوبارەیەوە".