ھەولێر
بەرپرسی کۆمەڵە و حزبەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێم عەبدوڵا حەسەن لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێ بۆ مۆڵەتدان بە حزبە سیاسییەکان بۆ کارکردن لەھەرێمی کوردستان ھیچ ھەماھەنگییهک لەنێوان وەزارەتەکەی و حکومەتی عێراق نییە.
عەبدوڵا حەسەن لەبارەی ژمارەی ئەو حزبانەی کە لە ھەرێمی کوردستاندا مۆڵەتی کارکردنی سیاسییان ھەیە گوتی: "لە ھەرێمی کوردستان ٣٧ پارت و لایەنی سیاسی مۆڵەتی کارکردن و ئەنجامدانی چالاکی و بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانیان ھەیە و بەپێی یاسای حزبەکانی ھەرێم کار دەکەن، ھاوکات چوار حزبی سیاسیی دیکە داوای مۆڵەتییان کردووە."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی ئەو مەرجانەی پێویستن بۆ دامەزراندنی پارت و لایەنی سیاسی لەھەرێمی کوردستان دەڵێ مۆڵەت پێدان بەپێی یاسای ژمارە ١٧ی ساڵی ١٩٩٣ دەبێ، روونیشیکردەوە: "ئەو مەرجانەی کە زۆر پێویست و گرنگن بۆ داواکردنی دامەزراندنی حزب و وەرگرتنی مۆڵەت بریتیین لەوەی ئیمزای ٥٠ کەس وەک دەستەی دامەزرێنەر ئامادەبکرێ کە تەمەنی ھیچ کام لەوانە لە ٢٥ ساڵ کەمتر نەبێ و لانی کەم خوێندەوار بن، ھەروەھا دەبێ ئیمزای ٥٠٠ کەس لە لایەنگرانی ئەو پارتەی دەیەوێ مۆڵەت وەرێ ھەبێ، پەیڕەو و پرۆگرامێک لەگەڵ داوایەک رەوانە بکا، لەگەڵ ئەوانەشدا پێویستە سەرکردەکانی ئەو حزبە کەسانی دیار بن و بەشدارییان لەو تاوانانە نەکردبێ کە دژ بەگەلی کوردستان ئەنجامدراون.
بۆ وەرگرتنی وردەکاریی زیاتر (ھەواڵ، وێنە، ڤیدیۆ) ببن بە ئابوونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.