Zana Natık Kerem
12 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2026
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی دوای ھەڵبژاردنی نزار ئامێدی وەک سەرکۆماری نوێی وڵاتەکە، داوای کرد کە حکوومەتێکی ھاوپەیمانیی بەھێز پێکبھێندرێت.
محەمەد شیاع سوودانی لە ڕاگەیاندراوێکدا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی نزار ئامێدی کردووە بە بۆنەی ھەڵبژاردنی بە سەرکۆماری عێراق لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو پڕۆسەیە، ھەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی پتەوترکردنی پڕۆسەی دیموکراسی و تەواوکردنی ڕێڕەوی دەستووریی.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاشیگەیاندووە: "لەگەڵ ئەم دەستکەوتە نیشتمانییە، ئەوە ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە بە ھەمان شێوە شایستەیەکی دیکەی دەستووریی تەواو بکرێت کە ئەویش بریتییە لە پێکھێنانی حکوومەتێکی ھاوپەیمانی بەھێز، ئەوەیش لەسەر بنەمای نەگۆڕی نیشتمانی و دەستووریی بۆ درێژەدان بەوەی کە دەستمان پێکردووە لەڕێڕەوی گەشەپێدان و پتەوترکردنی پێگەی عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی سەر ئاستی ناوخۆ و درێژەدان بە پتەوترکردنی توانای ھێزە چەکدارەکانمان بۆ سەپاندنی یاسا، پاراستنی سەروەریی عێراق و بەرژەوەندییە باڵاکانی و چارەسەرکردنی ئاستەنگە ئابوورییەکانی عێراق".
ھەروەھا محەمەد شیاع سوودانی سوپاسی سەرۆکایەتی و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرجەم ھێزە سیاسییەکانی کردووە لەھەمبەر تەواوکردنی ئەم دەستکەوتە گرنگە و ڕاشیگەیاندووە: "پێزانینمان بۆ ڕۆڵی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی ھەیە لەھەمبەر پەرۆشی بۆ تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان".