Hemn Baban
29 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 02 مای,س 2018
ھەولێر - AA
جەرجیس گولیزادە ئەو پیاوەی سەرکردایەتی لیستێک دەکات لە ھەولێر کە عەبادی سەرۆکایەتی دەکات دەڵێت کە وەکو کوردێک دەچێتە بەغدا ئەگەر دەربچێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئیئتیلافی نەسر کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتی دەکات لە ھەرێمی کوردستان چەند کاندیدی ھەیە و دەتانەوێت چی بکەن؟
جەرجیس گولیزادە : "لەدوای ئەو سەرکەوتنانەی کە لە سایەی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەسەر تیرۆریستانی داعشدا بەدەستھات سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڕێز دکتۆر حەیدەر عەبادی بیری لەوەکردەوە کە بۆچوون و تێڕوانێکی تایبەتی بۆ عێراق و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق گەڵاڵە بکات، بەتێڕوانینی ئەو سەرچاوەی کێشەکان بەتایبەت سیاسی و کۆمەڵایەتی ئابووریین، بۆیە دەیەوێت حکوومەتێکی رەشید بھێنێتە کایەوە و بتوانێت بونیادی ژێرخانی ئابوورییەکی بەھێز بکات و بتوانێت لە سەرجەم ناوچەکانی عێراق ئاسایشێکی پتەو بەرقەرار بێت و حکوومەت ھاوکاریی لاوان و ئافرەتان بکات و ھەلی کار بڕەخسێنێت، ئیتر ئەوە بووە سەرچاوەی پەیامەکەی ھاوپەیمانی نەسر و لەو روانگەوە بایەخ و گرنگی دا بە تێڕوانینی ھاووڵاتیبوون بەبێ رەچاوکردنی دابەشکاریی تایفی و مەزھەبی، ئیدی ئەوە بوو لە ھەموو پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، چەند کەسایەتییەکی لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ھەڵبژارد بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی ئیئتیلافەکەی بکات و ئەو پەیامەی بگات بە ھاووڵاتی کوردستانی کە خودی حەیدەر عەبادی و حکوومەتی عێراق پەیامەکەی ئەوەیە دەبێت پەیوەندیی ستراتیجییمان ھەبێت و دەبێت ئاشتیی گشتی ھەبێت و بناغەی ئابووریی پتەومان ھەبێت و بەرەو پێشکەوتن بچین و لاپەڕەی شەڕ و بەرنگاربوونەوەی تیرۆر لابەین، چونکە عێراق توانی لە سایەی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە بەسەر تیرۆریستان سەربکەوێت، ئیتر لە سلێمانی نۆ کاندید ھەیە و لە پارێزگای ھەولێر ھەشت کاندید و لە دھۆکیش پێنج کاندیدی ھەیە، وەکو پاڵێوراو ئەو ئازادییەمان ھەیە پەیامەکەی عەبادی بگەیەنین و وەکو کورد و کوردستانیش پەیام بگەیەنیین، ئێمە عێراقیین، ناسنامە و پاسەپۆرتمان عێراقییە و خۆمان دەستورمان چەسپاندووە لەساڵی ٢٠٠٥ کە پابەندی دەستوور بین و تەنھا دەرگە عێراقە و دەبێت بگەڕێینەوە بۆ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە روومان لەھەر کوێیەک کرد سوودی نەبوو.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئەو کاندیدانەی ئێوە لە ھەرێمی کوردستان کە ژمارەیان ٢٣ کاندیدە ھەموویان کوردن؟
جەرجیس گولیزادە: لە پارێزگای سلێمانی ھەموو کاندیدەکانمان کوردن و لە پارێزگای ھەولێر سێیان کوردە و چوار تورکمانن و یەک عەرەبیشمان ھەیە و لە دھۆک ھەر پێنجی کوردن.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئێوە تۆمەتتان بۆ ھەڵدەبەسترێت و قسەی نەشیاوتان دەدرێتە پاڵ، کێن ئەوانەی دژایەتی ئێوە دەکەن؟
جەرجیس گولیزادە: ئێمە ئەگەر بەڕەسانەیەتییەوە نەچینە ئەو لیستە ئەوا ناچیین، ئەگەر نەتوانم خزمەتی کورد و عێراق بکەم ناچم، دەمانەوێت لینکێکی تایبەت بدۆزینەوە بۆ ئەوەش سەرەتای بنەمای دامەزراندنی پەیوەندییەکی ستراتیجییە تاوەکو لەو قەیران و کێشانەی ھەن دووربکەوینەوە، ئەگەر ئەو ستراتیجییەتە نەدۆزینەوە و دانامەزرێنین ئەو کێشانە ھەر دەمێنن و لە داھاتوودا رەنگە کێشەی تریشمان بۆ دروست ببێت.
من لە مێژە پاڵپشتیی لێکنزیکبوونەوەی کوردیی-عێراقیی دەکەم و چەندین وتار و شیکردنەوەم ھەبووە و لە ریفراندۆمیشدا روونم کردووەتەوە کە کاتەکەی گونجاو نییە و بەدیلیشیم خستە روو لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێم کە ئێمە وەکو کورد و سەرکردایەتی کورد دەبێت عێراقییەکان لە کێشەکانمان تێبگەیەنین کە تا ئێستا نەمانتوانیوە ئەمە بکەین و لە خەونەکانی خۆمان تێیانبگەیەنین، دەبێت ئەمە بکەین، مەسەلەی عێراق شتێکی حەتمییە تا رۆژی قیامەت پێکەوەدەژین و جیرانین و ئەمە مەسەلەی جوگرافیایە، بۆیە بە سوودم نەدەزانی ریفراندۆم لەو کاتە بکرێت، چەند لایەنێک بۆ ئەو مەبەستە دژایەتییان کردم.
بێگومان لیستەکەی دکتۆر عەبادی لەبەر ئەوەی بۆچوونێکی گشتی عێراقیی ھەیە و نوێیە، چونکە ساحەی عێراقی زیاتر بۆچوونی تایفی بوون و لەسەر بنەمای نیشتمانی نەبوون و جیاوازی ھەبوو پێشتر لەسەر بنەمای تایفی و مەزھەبی ئێستا ئەو بۆچوونەی عەبادی باشە، بەڵام پێویستی بەکاتە، چونکە لە بەرژەوەندی ھەموو عێراقییەکانە بە کورد و عەرەب و مەسیحی و تورکمان و ھەمووی، بەتایبەت کە عەبادی زۆر بە عاقڵانە گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە کێشەکانی عێراق بەتایبەت کێشە سیاسییەکان ئابوورییە، تا ئێستا سامانی نەوت ھەموو خەڵک لێی سوودمەند نەبووە، بۆیە ئەو دەیەوێت لەو رێگەیەوە خزمەت بە ھاووڵاتی بکات و ھاووڵاتی کوردیش لەوە تێبگات کە چەند لە بەغدا دووربکەوینەوە باش نابێت، بۆیە ئەگەر لەسەر بنەمای ستراتیجی لەگەڵ بەغدا رێکبکەوین ئەوە بەرەو باشتر دەرۆین و کێشەکانمان چارەسەر دەبێت، بەداخەوە لێرە ھەندێک لایەن ھێشتا دژایەتی عێراق دەکەن و بەچاوی دوژمنایەتی سەیری عێراق و عێراقییەکان و حکوومەتی عێراق دەکەین، چونکە عێراق دەوڵەتە و سوپای ھەیە و ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە و ئێمە ھەرێمێکین لەو عێراقە و دەبێت لەو چوارچێوەیە ھەوڵ بدەین سوود بە ھەرێمەکەمان بگەیەنین.
لێرە و لەوێ لەسەر بنەمای ناعەقڵانی دژایەتی ئێمە دەکرێت لە ھەرێمی کوردستان، لەوانەیە بەشێکی پەیوەندیی بەخۆمەوە ھەبێت بە نموونە من لە مەسەلەی رەخنەگرتن توندم و پێشتر ئەمە وایکردووە ھەندێک لایەن ناڕەحەت بن، ئەگەرچی لەبەرامبەردا سەدان پڕۆژەمان بۆ چاکسازی و کاری سیاسی و دیموکراسی و گەشانەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق داومانە بە سەرکردایەتی کورد و یەکێتی و پارتیش، بەڵام بەداخەوە بۆچوونەکانییان وەرنەگرتووە.ھیچ ھەڕەشەیەک بۆسەر کاندیدەکانمان نەبووە کە لە لیستەکەی بەڕێز عەبادی بکشێنەوە، سوپاسی ئاسایش و پارێزگای ھەولێر دەکەین کە لە مەسەلەی رەسمیات زۆر باش پێشوازییان لێ کردووین و سوپاسی ئەوان دەکەین کە ھاوکارمان بوون و ھیچ کێشەیەکی ئەوتۆمان بۆ دروست نەبووە ھێشتا.
ئاژانسی ئانادۆڵو: پۆستەر و ریکلامی وێنە و دروشمەکانی ئێوە نابینرێت بە زۆری، بۆچی؟
جەرجیس گولیزادە: ئێمە لەبەر ئەوەی ئەو ھەنگاوەی عەبادی نوێیە لەسەر ساحەی ھەرێمی کوردستان دەمانەوێت بە ھێمنی بچێت بەڕێوە و بێ ئەوەی ھیچ کێشەیەک دروست بکرێت، ناشمانەوێت ببینە سەرچاوەی کێشە بۆ حکوومەتی ھەرێم یان پارێزگا، بۆیە بۆچوون و دروشمەکانی ئەو ئیئتیلافە لەسەر چاکسازییە زیاتر، ئێمە دەمانەوێت حکوومەتێکی رەشید لە عێراق بێتە کایەوە ئەگەر لە ھەرێمی کوردستانیش ئەمە ببێت لە بەرژەوەندیی خەڵکی ھەرێمە، دروشممان ئەوەیە کە چاکسازیی ئابووریی بکەین، ھەروەھا پەیاممان ئەوەیە پەیوەندیی ستراتیجی لە نێوان بەغدا و ھەرێم بێت، جەخت لەسەر ھاوبەشییەکی ئەکتیڤ دەکەینەوە لە عێراق و کورد رۆڵی ھەبێت لە بەغدا ، دەبێت ھەنگاو بە ھەنگاو ئەو کێشانەی ھەن نەیانھێلێین بۆ ئەوەی بگەینە ئەو خاڵەی بەرەو گۆڕانکاری و بووژانەوەی ئابووری و دارایی بڕۆین و خۆشگوزەرانی ھاووڵاتی عێراقی خەممان بێت.
ئاژانسی ئانادڵو: وەکو ئیئتیلافی نەسر چاوتان لە بەدەستھێنانی کورسی ھەیە لە ھەرێمی کوردستان؟
جەرجیس گولیزادە: لەبەر ئەوەی لیستەکە لە پارێزگاکانی ھەرێم نوێیە، بێ گومان ھەموو ھەنگاوی نوێ بە ئاسانی قبووڵ ناکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی پەیامەکانمان ئاشتییە و بونیادنەرە ئومێد دەکەین دەنگ بھێنین، بەڵام ئەوەش لەسەر یاسای ھەڵبژاردن رادەوەستێت و ئیستحیقاقی کورسییەکان ئەگەر زۆر بێت و بە نموونە ھەر کورسییەک بگاتە ٤٠ بۆ ٥٠ ھەزار دەنگ بێت ئەوا کورسی ناھێنین، بەڵام ئەگەر کەم بوو نرخی کورسییەک لە ٢٥ ھەزار دەنگ و کەمتر بوو لە ھەر پارێزگایەک رەنگە کورسییەک بەدەست بخەین، ئومێد دەکەین کورسی بەدەست بھێنین لەم حاڵەتەدا، بەڵام ئێمە داوا دەکەین کە دەنگدەر بایەخ بە دەنگی خۆی بدات و بزانێت دەنگ بە کێ دەدات و کێ بەرگریی لێ دەکات لە پەرلەمانی عێراق، ئێمە پێشبینی ئەو ژمارەیە لە دەنگ دەکەین، بەڵام ئیدی لەسەر دەنگدەریش دەوەستێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ھەندێک پێیان وایە ئێوە خۆتان فرۆشتووە بە بەغدا، ئەمە راستە؟
جەرجیس گولیزادە: دەرگای ئێمە ھەر عێراقە، ھەر بەغدایە و ئێمە روومان لە زۆر شوێن کرد و ھیچمان دەستنەکەوت، ئێستا ئەو دەرگایە سوودی ھەیە و داھاتوومان دروست دەکات و پەیوەندیی کورد و عێراق دەچەسپێنێت لەسەر بنچینەی دەستوور بۆ رووی لێ نەکەین؟، بۆ ئەمە عەیبە بێت، ئێمە روومان کردە چەندین وڵات ھیچمان دەست نەکەوت، ئومێد دەکەین بە خۆماندا بچینەوە و ھۆشیارتربیین و واقیعی تر بین، ئێمە لە گیرفانمان رەگەزنامەی عێراق ھەیە و بۆ دوژمنایەتیی عێراق بکەم، من ئەگەر بچمە بەغدا بە جلی کوردییەوە دەچم و خۆمان نەفرۆشتووە بەکەس و ئەو قسەیەشی دەکرێت بێ بنەمایە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: کورد دوای ٢٠٠٣ بۆ ئێستا لەگەڵ بەغدا کێشەی ھەیە و دەگوترێت ھۆکارێکی ئەوەیە کاندیدی لاوازی بۆ بەغدا ناردووە، ئێوە بچن چی ئەکەن؟
جەرجیس گولیزادە: ئەو بارودۆخەی لە نێوان ھەولێر و بەغدا دروست بوو لە دوای ٢٠٠٣ەوە و نەیانھێشت ئەو پەیوەندییە ستراتیجییە دروست ببێت بۆ ئەوەی دوورکەوتبایاینەتەوە لەو کێشانەی ھەن ھۆکاری زۆرن، یەکەم ئەوەیە سەرکردایەتی کوردی نەیتوانی مافەکانی لەژێر چەتری دەستوور بەیاسا بکات، بۆ نموونە ماددەی ١١٧ی دەستوور کە باس لە کیانی ھەرێمی کوردستان دەکات دوو دێڕە و سەرکردایەتی کوردی بەنموونە نەھات و ئەمە بکاتە یاسایەکی گەورەتر و لەسەر بنەمای دەستوور دەرچووبێت و لە پەرلەمانەوە دەرچووبێت، بەھەموو دەسەڵات و ئاڵا و دروشم و ھەموو شتییەوە.
ھۆکارێکی دیکە ئەوەیە سەرکردایەتی سیاسیی کوردی خۆی بەگەورەتر زانی، ئێمە لە ٢٠٠٥ مافی فیدراڵییەت چەسپێنرا و ئەوەی سەرکردایەتی کوردی کردییان ئەوەیە بەرەو کۆنفیدڕاڵی دەچوون و بازیان دابوو بەسەر دەستوور، لەبەرامبەردا بەغداش مافەکانی کوردی جێبەجێ نەکرد و ئەو شتانە بوون بە کار و کاردانەوەیە.
لە راستیشدا نوێنەرانی کورد ئەوانەی چوونەتە بەغدا وەکو پێویست نەبوون و یەکەم جار ھێشتا کەسایەتیی عێراقییان پێ ھەزم ناکرێت، دەبێت ئێمە بیانخوێنینەوە بۆ ئەوەی مامەڵەیان لەگەڵمان باش بێت، ئەوەی ھەبووە بەداخەوە بەشێک لە نوێنەرانی کورد بۆ بەرژەوەندیی حزبی و کەسی خۆیان لەوێ بوون.
ئەگەر ئێمە بچینە بەغدا ئەوا پەیامی دەستوورییمان پلە یەک دەبێت، ھەوڵ دەدەین ئەو خاڵانەی بەھێزن بەھێزتری بکەین و ئەو خاڵانەی لاوازن بەھێزی بکەین بۆ ئەوەی بەھەردوولا بە قۆناغێکی یاسایی بچینەوە و مافەکان زیاتر بە یاسایی بکرێن، ھەروەھا ھەوڵ دەدەم خودی عەبادی و ئیئتیلافی نەسر و حکوومەتی عێراقیش بە تێڕوانینێکی ستراتیجی بیر لە ھەرێمی کوردستان بکەنەوە و کوردستان گرنگە بۆ ھەموو عێراق لەڕووی ئابووری و ئاو و خاک و شتی دیکەش وەکو توانای مرۆیی.
ئاژانسی ئانادۆڵو: وەکو کوردێک لەناو لیستێکی عەرەبی ئەگەر بچیتە بەغدا چی دەکەیت؟
جەرجیس گولیزادە: خودی عەبادیش پێی خۆش نییە ئەو ئیئتیلافەی وەکو لیستی عەرەبی ناو بھێنرێت، بەڵکو دەیەوێت وەکو لیستی عێراقی بێت، وەکو کوردێک لەناو لیستێکی عێراقی کاردەکەم و سوود بە ھەرێمی کوردستان و عێراقیش بگەیەنم.