سلێمانی
بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی سالار حیسامەدین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا روونكردنەوەی لەسەر دۆخی كارەبای سنووری سلێمانی و كەمبوونەوەی بڕی پێدانی كارەبا بە هاووڵاتییانی پارێزگاكە كرد بە هۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرماوە.
سالار حیسامەدین گوتی: "لە ئێستادا بڕی كارەبای بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان دەگاتە نزیكەی دوو هەزار و 700 مێگاوات و لە باشترین كاتدا دەگاتە سێ هەزار مێگاوات".
ئەو گوتی: "بڕی ئەو كارەبایەی لە سلێمانی پێویستمان پێیەتی هەزار و 100 مێگاواتە، بەڵام تەنها 700 مێگاوات كارەبامان پێدەگات و هاووڵاتییانیش خواستێكی زۆریان لەسەر كارەبا هەیە و رۆژانە دەتوانین تەنها 16 بۆ 17 سەعات كارەبای نیشتمانی بدەینە هاووڵاتییان".
ئاماژەی بەوەش كرد، پێدانی كارەبا لە هەموو هەرێمی كوردستان وەك یەكە و لەلایەن كۆنترۆڵی گشتی كارەبای هەرێمەوە دیاری دەكرێت و هەولێر زۆرترین بڕی كارەبا بەكار دەهێنێت و دهۆك كەمترین بڕ بەكاردەبات.
بەڕێوەبەری كارەبای سلێمانی باسی لەوەش كرد کە قەیرانی دارایی هەرێم كاریگەری لەسەر كارەبا كردووە، بەو هۆیەوە ئەو بڕە كارەبایەی لە توركیاوە دەگەیشتە هەرێم بڕاوە و لە ئێرانیشەوە بڕێكی كەمتر كارەبا دەگات.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی، ئاستی هۆشیاری هاووڵاتییان بەرامبەر بەكارهێنانی كارەبا وەك پێویست نییە و بڕێكی زۆر كارەبا بە فیڕۆ دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا مانگانە و لەكاتی خۆیدا پارەی كارەبا نادەن و تەنها دانیشتووانی سلێمانی 30 ملیار دینار قەرزاری پارەی كارەبان.