ئامادەبووانی گردبونەوەکە لە بەردەم تەلاری دادگای سلێمانی، داوای دەستگیرکردنی ئەو کەسانەیان دەکرد کە لە لایەن دادگاوە داواکراون لە دۆزی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی.
ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان ھەروەھا داوایان دەکرد، دادگا ئەرکی راستەقینەی راپەڕێنێ و نەکەوێتە ژێرکاریگەریی ھیچ لایەنێکەوە.
لە سەرەتای گردبونەوەکەدا، گوتاری لیژنەی بە دواداچوونی کەیسی کاوە گەرمیانی لە لایەن ئەحمەد میرە خوێنرایەوە، تێیدا گوتی: "ئەمڕۆ مانگێکی تەواو تێپەڕ دەبێ بەسەر کوشتنی کاوە گەرمیانی ڕۆژنامەنووسدا، بەڵام تائێستا کەیسەکەی جۆرێک لەلێڵی پێوە دیارەو ئەگەر وابڕوا کەیسەکەی بەھەمان کەیسی شەھیدانی تری قەڵەمی لێدێ. لە سەرەتاوە بەدواداچوونەکان و کەیسەکەی لە دادگادا گەرموگوڕی پێوە دیاربوو ، بەڵام ئێستا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو خاوبوونەوەی زیاتر دەچێ، بۆیە پێویستە دادگا بەسەربەخۆیی مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەدا بکا و دادوەران نەکەونە ژێر کاریگەریی حزب و بەرپرسانەوە."
لە گوتاری بەشداربووان ئاماژە بەوە کرابوو، دوو بەرپرسی باڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەمادەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی داواکراون، بەڵام پاساو بۆ نەچونییان دەھێننەوەو تائێستا ئامادە نەبوون بچنە بەردەم دادگا.
پارێزەرانی یاسایی سلێمانی لە گردبوونەوەکەدا، رایانگەیاند ئامادەن ببنە پارێزەری دۆزی گەرمیانی لە دادگا.
شێرکۆ حەمەئەمین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا یاداشتێان لە لیژنەی بەدواداچوونی دۆزی کاوە گەرمیانی وەرگرتووەو دەقی یاداشتەکە دەگەیەننە سەرۆکی دادگاو وەزارەتی دادو لایەنە بەرپرسەکان.
شەوی ٥/١٢/٢٠١٣ لەناو ماڵەکەی خۆیدا لەشاری کەلار، ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی کوژرا.