Dilşad Seyfeddin Ahmed
06 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2015
سلێمانی
ئاوارەكان لەلایەكەوە خۆشحاڵن بەوەی یەكەمجارە لە وەرزی زستاندا بەفر دەبینن و بە چاوی خۆیان لە نزیكەوە بەفر بارین دەبینن و لەو كەشوهەوایەدا دەژین، لە هەمان كاتدا نیگەرانن لە خراپی دۆخی ژیانیان لە نێو كەمپەكان لەم وەرزەدا و بونی قوڕ و لیتەیەكی زۆر و و رێگا نەدان بە گەڕانەوەیان بۆ ناوچە ئازاد كراوەكانی خۆیان لە پارێزگای سەڵاحەدین.
لە نێو كەمپی عەربەت (لە دووری 30 كیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی سلێمانی) نزیكەی هەزار و 900 ماڵبات ( نزیكەی نۆ هەزار كەس)ی ئاوارەی ناوچەكانی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین نیشتەجێن. زۆرێك لەو ئاوارە ماوەی چەند مانگێكە هاتوونەتە كەمپەكە و تائێستا بەفر بارینیان نەبینیوە و یەكەمجاریانە بەفر بەسەریاندا ببارێت، ئەوەش بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافی ناوچەكانی خۆیانەوە (پارێزگای سەڵاحەدین) كە ناوچەیەكی گەرمە و بەفربارین نایگرێتەوە و ساڵانە تەنها باران لە وەرزی زستاندا دەبارێت.
بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافی ناوچەكە و نزیكی كەمپەكەش لە ناوچەكانی شاخاوی و جۆری خاكەكەیەوە، ساڵانە ئەو ناوچەیە زستانێكی سەخت بەڕێ دەكات و بڕێكی زۆر بەفر و بارانی لێدەبارێت ئەوەش ئاستەنگی زۆری بۆ دانیشتووانی ناوچەكە درووست كردووە و لە نێو كەمپەكانیش بەفر و لافاو و قوڕێكی زۆر درووست دەبێت.
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە شەپۆلێكی بەفر بارین هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، لەو كەمپەش بڕێكی زۆر بەفر باریوە و كەمپەكەی سپی پۆش كردووە و كەشێكی سارداوی هەیە، لەگەڵ ئەو كەشە ساردەشدا ژمارەیەك لە ئاوارەكان لە دەرەوەی چادرەكان و لەبەر بەفرەكە مانانەوە و منداڵەكانیش سەرقاڵی یاری و شەڕە بەفرینە بوون.
ئاوارەیەكی نێو كەمپەكە كە خاوەنی حەوت سەر خێزانە محەمەد عەزیز عەلی ( 45 ساڵان) بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەك ئاوارەكانی پارێزگای سەڵاحەدین پێشتر كەشوهەوایەكی ساردی لەم شێوەیەمان نەدیوە و بەفرێكی ئاوەهاشمان نەبینیوە، بەڵام بە ئاوارەبوونمان بۆ هەرێمی كوردستان لێرە ئەم كەشوهەوا ساردە و بەفربارینمان بینی و لەگەڵی دەژین".
ئەو ئاماژەی كرد بەوەی لایەنە بەرپرسەكان نەوت و هۆكارەكانی خۆگەرم كردنەوەیان بۆ ماڵباتەكانی نێو كەمپەكە تەرخان كردووە تاوەكو لە سەرمای ناوچەكە پارێزراو بن.
لە هەمانكاتدا داوای كرد لە حكوومەتی عێراق ئاسان كاریان بۆ بكات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و گوتی: "پارێزگای سەڵاحەدین ساڵێكە ئازاد كراوە و حكوومەت رێگای گەڕانەوەمان نادات، خۆشمان نازانین هۆكارەكەی چییە".
ژنێكی ئاوارەی تری نێو كەمپەكە سەفحە ئەحمەد حەسون ( 50 ساڵان) گوتی: "بەفر خێرێكە لە خواوە دەبارێت و لەم كەشوهەوایەشدا پێویستمان بە هاوكاری زیاتر هەیە بۆ خۆ گەرم كردنەوە".
بە گوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەی هەرێمی كوردستان، بە هۆی كاریگەری ئەو بارستە هەوا ساردەی لە ئەنجامی درێژبونەوەی كاریگەری بەرزە پاڵەپەستۆی سیبیریا روی لە ناوچەكە كردووە، بووەتە هۆكاری بەفر بارین لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەكان و نیمچە شاخاوییەكانی هەرێمی كوردستان و پلەی گەرماش بۆ ژێر پلەی سفری سیلیزی نزم دەبێتەوە.
كاریگەری شەپۆلەكەش تا ئەمشەو بەردەوامی دەبێت و ئاسمان بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت و سبەی ئاسمان بۆ ساماڵ دەگۆڕێت.