بەیروت ـ AA
سەركۆماری لوبنان میشێل سلێمان گوتی: :رەوشی لوبنان زۆر خراپە، ئەو تەقینەوانەی باشووری لوبنانیان كردە ئامانج بەشێكن لە ھێرشی تیرۆریستان بۆ سەر لوبنان."
دوای تەقینەوەكەی رۆژی پێنجشەممە كە بە ھۆیەوە چوار كەس كوژران و ٤٥ كەسی دیكە بریندار بوون، سەركۆماری لوبنان میشێل سلێمان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەو ھێرشە تیرۆریستییانە كە ئەمڕۆ باشووری لوبنانیان كردووە ئامانج بەشێكن لەو ھەڵمەتە تیرۆریستییانەی كە دەیانەوێ لوبنان كاول بكەن."
سلێمان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "بارودۆخی ئەمڕۆی لوبنان زۆر خراب و ئاڵۆزە بۆیە پێویستە خەڵكی لوبنان دەست بدەنە یەكتری و پێكەوە لە دژی فیتنە و ئاژاوەگێڕی راوەستن. پێویستە لە بەرامبەر پلانگێرییەكانی سەر لوبنان خەڵك وڵات بپارێزێ و دەبێ لە نێوان سەركردەی لایەنە سیاسییەكانیشدا كەناڵەكانی دیالۆگ بەھێز بكرێن."
سەرۆكوەزیرانی لوبنان نەجیب میقاتی لە بارەی تەقینەوەكانی باشووری لوبنانەوە گوتی: "باشووری لوبنان لە ژێر كۆنترۆڵی حزبوڵڵا دایە و ئامانجی ئەو تەقینەوانە نانەوەی فیتنە و ئاژاوەیە لە نێو پێكھاتەكانی لوبناندا."میقاتی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە تێگەیشتوون تیرۆر و تیرۆریستان ھیچ جۆرە جیاوازییەك ناخەنە نێو پێكھاتەكانی لوبنانەوە و ئامانجیان تێكدانی باری ئەمنی و ئارامی لوبنانە، دەستە پیسەكان بۆ نوغرۆكردنی خەڵكی لوبنان لە نێو فیتنە و ئاژاوەدا ھەر جۆرە پلان و نەخشەیەكیان داناوە. تا ئەو كاتەی خەڵك و پێكھاتەكانی لوبنان نەبنە یەك و لە دژی فیتنە و ئاژاوە ھێزی خۆیان یەك نەخەن، ئەوا ئاگری ئاژەوە ھەر بەگۆڕتر دەبێ.
لە لایەكی دیكە سەرۆكوەزیرانی پێشووی لوبنان سەعد حەریری گوتی: "ئەو كەسانەی بوونە قوربانی ئەو ھێرشە تیرۆریستییانە، تووڵە كردنەوە لە دەستوەردانی كردن لە شەڕی سوریایە. بەشداریكردن لە شەڕی سوریا ھیچ سوودێكی بۆ لوبنان نابێ، خەڵكی بێ گوناهی باشووری لوبنان چەند مانگێكە بوونەتە قوربانی ھێرشی تیرۆر و تیرۆریستان، ئەو خەڵكە بووەتە قوربانی ئەوانەی بەشداری لە شەڕی سوریا دەكەن. بەشداریكردنی لوبنان لە ئاڵۆزیی و نائارامییەكانی ناوچەكە دەبێتە ھۆی پەرەسەندنی تیرۆر و ھێرشی تیرۆریستی لە لوبنان."
تەمام سەلام كە بۆ دامەزراندنی حكومەتی نوێی لوبنان راسپێردراوە گوتی: "بۆ بێ كاریگەركردنی ھەوڵ و پلانی تیرۆریستان بۆ تێكدانی باری ئەمنی لوبنان، باشترین رێگا ئەوەیە جیاوازی و ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوخۆیی وەلاوە بنێین بۆئەوەی ھیچ دەرفەتێك نەكەوێتە دەست تیرۆریست و ئاژاوە گێڕەكان."
وەزیری ناوخۆی لوبنان مەروان شەربیل ئاماژەی بەوە كرد كە ئامانجی ئەو ھێرشە تیرۆریستیانە بۆ سەر باشووری لوبنان نانەوەی ئاژاوە لە نێو پێكھاتەكانی لوبنانە.
سەرۆكی پەرلەمانی لوبنان نەبیه بەڕی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە ھێرشە یەك لە دوا یەكەكانی باشووری لوبنان بۆ تێكدانی یەكێتی و یەك پارچەیی لوبنانە.