سياسەت

"زۆرینەی یەکێتیی کۆکن لەگەڵ سیستەمی هاوسەرۆکی"

عەدنان موفتی: "مادام بڕیاریانداوە کە سیستەمی هاوسەرۆکی بێت دیارە دەنگی زۆرینەیە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەبێتە دامەزراوەکی گشتی بۆ هەموو ئۆرگانەکان و هەموو ئەندامان ماوەیەکی دیاریکراویان هەیە کە تیایدا کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن و بڕیارەکان دەردەکەن".

Heman Husseın Yaseen  | 10.02.2020 - نوێکردنەوە : 17.02.2020
"زۆرینەی یەکێتیی کۆکن لەگەڵ سیستەمی هاوسەرۆکی"

Arbil

هەولێر - AA

دوای تەواوبوونی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتی بە مەبەستی رێکخستنەوەی پەیڕەو و پەیکەری حزبەکە بەردەوامە و تا ئێستاش بەشێکی زۆری ماددەکانی پەیڕەوی ناوخۆ تەواوکراوە و چەند ماددەیەکی ماوە.

ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، عەدنان موفتی رایگەیاند کە زۆر بابەت هەبوو لە کۆنگرەی چوارەم یەکلایی نەکراوەتەوە و تیشک دەخاتە سەر پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەی و ئاشکرای دەکات کە رەنگە لەمیانی چوار رۆژی داهاتوودا، پەیڕەوی ناوخۆ تەواو بکرێت.

عەدنان موفتی لە لێدوانێک بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە کۆنگرەی یەکێتیی زۆر بابەت هەبوو یەکلایی نەکرایەوە، بە تایبەت پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی، ئەو خاڵانەی کە تایبەت بوو بە ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی لەوێ تەواوکرا لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و هەڵبژاردنی سەرکردایەتی. پەیڕەوەکە خرایە بەردەم ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بۆ ئەوەی تەواوی بکەن، نزیکەی دوو هەفتەیە خەریکن، تا ئێستا نیوە زیاتریان تەواوکردووە و لەم چەند رۆژەی داهاتوودا ئەوانی دیکەش تەواو دەکەن".

لەبارەی گۆڕانکارییەکانی دوای کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، عەدنان موفتی گوتی: " گۆڕانکاری بەسەر بەڕێوەبردنی سیستەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هاتووە، ناوی ئۆرگانەکان گۆڕاوە، ئۆرگانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی شتێکی تازەیە، مەکتەبی سیاسیی ناوەکەی نەماوە و دەگۆڕدرێت بۆ ناوێکی دیکە، سیستەمی سەرۆکی یان سکرتێری گشتی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و دوێنێ بڕیاریانداوە کە هاوسەرۆک یان هاوسەرۆکایەتی دەبێت، دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی سیاسیی بە لیژنەیەکی هاوبەش دەبێت لەلایەن هەردوولاوە".

عەدنان موفتی گوتیشی: "کە پەیڕەوەکە تەواو کرا، ئینجا هەڵبژاردن بۆ ئۆرگانەکانی یەکێتیی، سەرۆکایەتی و دەستەی کارگێڕی ئەنجام دەدرێت، بڕیار وایە کە رێکخستنەکان دابەش بکرێن بەسەر شارەکاندا".

عەدنان موفتی لەبارەی ئەوەی لەنێوان سەرۆک، سکرتێر، هاوسەرۆک و هاوسەرۆکایەتیی زۆرینەی یەکێتیی لەگەڵ کام پێشنیازن گوتی: "مادام بڕیاریانداوە کە هاوسەرۆکی بێت دیارە دەنگی زۆرینەیە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەبێتە دامەزراوەکی گشتی بۆ هەموو ئۆرگانەکان و هەموو ئەندامان ماوەیەکی دیاریکراویان هەیە کە تیایدا کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن و بڕیارەکان دەردەکەن".

ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، عەدنان موفتی سەبارەت بە بۆچوونی تایبەتی خۆیشی گوتی: "ئەمە بڕیاری لەسەردراوە، لەم قۆناغەدا رەنگە ئاسان نەبێت کەسێک ببێتە کەسی یەکەمی یەکێتیی ئەگەر توانایشی هەبێت، هەتا ئەگەر سکرتێریش هەڵبژێردرێت دەبێت هەماهەنگی هەبێت، بۆیە هاوسەرۆکی بۆ ئێستا رەنگە پێویست بێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو یان تا کۆنگرەی داهاتوو".

لە کۆبوونەوەی دوێنێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بڕیاردرا ناوی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتی بکرێتەوە بە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

رۆژی ٢١/١٢/٢٠١٩ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چوارەم کۆنگرەی خۆی بەست و ماوەی چوار رۆژی خایاند کە تیایدا ١٢١ کەس بە ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی ئەو حزبە ھەڵبژێردران.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın