واشنتۆن
سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما بەر لە هەڵبژاردنی وەكو سەرۆكی ئەمریكا لە كاتی هەڵمەتی بانگەشەكان و لە دوایی هەڵبژاردنیشی لە ماوەی شەش ساڵدا سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە رەخنەیەكی زۆری لێ گیرا.
جێی باسە دەستەواژەی "سەركردایەتی لە دواوە" یەكەمجار بۆ راپەڕینی لیبیا دەگەڕێتەوە، دوای ئەوەی بڕیاریدا كە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەش بۆ لادانی سەرۆكی پێشووی لیبیا موعەممەر قەزافی ئەنجام بدرێ. لە لای خۆیەوە بەرپرسێكی باڵای كۆشكی سپی ئاشكرای كردبوو كە ئەمریكا لەم قۆناغە پێویستە بە تەنها ئۆپەراسیۆنەكە ئەنجامدا، هەر لەو كاتەوە دەنگۆی ئەوە هاتە ئاراوە كە ئەمریكا لە پشتەوە سەركردایەتی ئۆپەراسیۆنەكان دەكات.
پاش ماوەیەك لایەنە كۆمارییەكانی ئەمریكا دەستەواژەی "سەركردایەتی لە پشت پەردەوە"یان بۆ "سەركردایەتی لە دواوە" گۆڕی. بەمەش پێچەوانەی دەستەواژەی یەكەم بوو. چونكە بەر لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن، فەڕەنسا هەنگاوێك هاتە پێشووەوە و سەركردایەتی ئۆپەراسیۆنەكانی لیبیای كرد و بەمەش وڵاتانی ئەوروپا راستەوخۆ ئەم كارەیان لە شوێنی ئەمریكا ئەنجام دا، ئەو كات دەنگۆی ئەوە هاتە ئاراوە كە ئەمریكا نەك لە پێشەوە بەڵكو لە دواوە سەركردایەتی دەكات. ئەو كات كۆمارییەكان ئەم بارەیان وەكو كودەتا لەقەلەم دا، بەڵام ئیدارەی ئۆباما قەیرانەكانی دونیایان لە شوێنی ئەوەی ئەمریكا ببێ بە پۆلیسی دونیا هاوپەیمانییەكی نیودەوڵەتییان پێكهێنا كە ئەمریكا سەركردایەتی ئەو هاوپەیمانێتییە دەكات.
لە لای خۆیەوە ئۆباما لە جیاتی ئەوەی بەرلە سەرهەڵدانی قەیرانەكان ئامادەكاری بكات، لە قۆناغی سەرهەڵدانی قەیرانەكان رووبەڕووی دەبوویەوە ئەمەش وای لێهات كە رەخنەیەكی زۆری لێبگیرێ.
دەستەواژەی "سەركردایەتی لە دواوە" لە رووداوەكانی سوریا بە شێوەیەكی ئاشكرا خۆی نیشان دا. دوایی ئەوەی بە هۆی كاریگەرییەكانی روسیا و چین نەیتوانی ئامانجی حوكمڕانی رژێمی ئەسەد كۆتایی پێ بهێنێ، بەمەش سێ ساڵە لە قەیرانی سوریا نەیتوانیوە هیچ هەنگاوێكی روون بهاوێژێ. هەروەها ئۆباما لەو ماوەیەدا هاوكاری هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی كرد و گوێی نەدا بە رێكخراوە تیرۆریستییەكانی ئەو وڵاتە و رەچاوی پەیرەوكردنی سیاسەتێكی توندی رەتكردەوە.
جێ ئاماژەیە دوایی ئەوەی كە دەركەوت رژێمی ئەسەد لە مانگی ئابی ساڵی پێشوو چەكی كیمیایی دژ بە خەڵكی سڤیل بەكارهێناوە، ئامادەكاری هێزی سەربازی لەو وڵاتە هاتە ئاراوە بەڵام ئۆباما رایگەیاندبوو كە مەسەلەی ئۆپەراسیۆنەكە بۆ كۆنگریس دەنێری بۆ دەنگدان لە سەری، بەمەش لە بابەتەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و هێزی سەربازی بە شێوەیەكی بەرچاو شكانی بەخۆیەوە بینی. ئەمەش وای كرد كە دەستەواژەی "سەركردایەتی لە دواوە" بە شێوەیەكی روون خۆی نیشان بدات.
ئەمریكا بەرامبەر بە داگیركردنی كریما لە لایەن روسیاوە هیچ هەنگاوێكی ئەوتۆی نەنا و وا كرد كە ناسەقامگیری لە ناوچەكە بەردەوام بێ، بەمەش ئۆباما ئەوەی نیشان دا كە لە سیاسەتی دەرەوە بێ هێزە.
لایەنە نزیكەكان لە ئۆباما ئەم رەخنەیان بە ناحەق لە قەلەم دا و ئاشكراییان كردبوو كە نزیكبوونەوەی ئەمریكا بە گۆمان لە رووداوە نێودەوڵەتییەكان بە مانای درەنگ بەرەنگاربوونەوە نییە و رایانگەیاندبوو كە ئۆباما سورە لە سەر ئەوەی سیاسەتەكانی پەیرەو بكات.
ئۆباما بەرلە هەڵبژاردنی وەكو سەرۆكی وڵات بەڵێنی كۆتایی هێنانی بە شەڕی عێراق و ئەفغانستان دابوو، دوای ئەوەی ئەمریكا بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی لە عێراق كرد كە ئەو كات عێراق لە ناو شەڕی مەزهەبی دابوو و هیچ شتێك لە شوێنی خۆی جێگیر نەببوو. كۆمارییەكانیش لەگەڵ ئەوەدابوون كە دوای ئەوەی عێراق دوارۆژێكی باشی بۆ دروست دەبێ ئینجا پێویستە هێزەكانی ئەمریكا لەو وڵاتانە بكشێنەوە.
لەگەڵ هەموو ئەو رەخنانەی ئیدارەی ئۆباما بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی لە عێراق دا، ئێستا دوای سێ ساڵ تێپەربوون بەسەر ئەو بڕیارە، عێراق لەوپەری ناسەقامگیری دایە بە هۆی بەرەوپێشچوونی داعشەوە.
تۆماس دۆنیللی پسپۆڕ لە پەیمانگای Enterprise ی ئەمریكی لە بوارەكانی بەرگری و ئاسایشی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرای كرد كە ئۆباما سەر لە نوێ لە هەوڵی ئەوە كە رۆڵێكی گەورە ببینێ لە پرسە نێودەوڵەتییەكان، بەڵام ئەم هەوڵانە هیچ سوودێكی نابێت.
دۆنیللی جەختی كردەوە كە ئۆباما پێی وایە قەیرانی ئۆكرانیا كاتییە و هەست بە گرنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناكات و گوتی: "پەیرەوكردنی سیاسەتێكی سستی دەرەوەی ئەمریكا وای كرد كە هاوسەنگی هێزەكان تێك بچێ. ئەو بارەش زیانێكی گەورەی بە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی گەیاندووە. "
پسپۆڕەكە ئاماژەی بەوە دا كە ئۆباما هەنگاو دەنێ بۆ پەیرەوكردنی سیاسەتێكی جێگیر لە دەرەوە و گوتی: "بەڵام تەنانەت دیموكراتەكانیش رەخنە لە ئۆباما دەگرن." دوایی ئەوەی ئۆباما لە روونكردنەوەیەكدا لە بارەی رووبەڕووبوونەوەی داعش گوتی: "هیچ ستراتێژییەكمان نییە"، سیناتۆری ویلایەتی كالیفۆرنیا، دیانە فینستین ئاشكرای كرد كە بە نیگەرانییەوە دەرواننە ئەو روونكردنەوەیە.
دۆنیللی ئەوەشی خستەڕوو كە سیاسەتی دەرەوەی ئۆباما بە بەراورد لە گەڵ گشت سەرۆكەكانی پێشووی ئەمریكا تابلۆیەكی ترسناكە. دانیال سێرور پسپۆر لە پەیمانگای Middle East و مامۆستا لە زانكۆی جۆنس هۆپكینس لە گەڵ ئەوە نییە كە ئۆباما سیاسەتی دەرەوەی نییە و سەركردایەتی لە دواوە دەكات.
سێرور ئاماژەی بەوە دا كە ئۆباما هەر كاتێك كە هەستی كرد بەژرەوەندییەكانی ئەمریكا لە مەترسی دایە وەك لە وڵاتانی عێراق، سۆماڵ و ئۆكرانیا لە گەڵ هاوپەیمانەكانی جولایەوە و گوتی: "لە زۆر باردا باش نەبوو ئەمریكا بە تەنها بجولێتەوە. "
پسپۆڕەكە جەختی لەوە كردەوە كە پێش ئەوەی رەخنە لە ئۆباما بگیرێ پێویستە سەیری چارەسەری ئەو بابەتە بكرێ.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كە ئۆباما زیان بە سەركردایەتی دونیا دەگەیەنێ؟ گوتی: "سەرۆكی پێشووی ئەمریكا جۆرج دەبلیو بۆش وڵاتی بەرەو جەنگ برد و هەڵەی گەورەی كرد، لەو باوەڕەدا نیم ئۆباما هەمان هەڵە بكات. "