ئەنقەرە
فرانسیس ریکاردۆن، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە لە میانی بەشدارییکردنی لە رێورەسمی رۆژی میللی پۆڵۆنیا لە شاری ئەنقەرە، وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایە.
ریکاردۆن لە بارەی سەردانی تانەر یڵدز وەزیری وزەو سامانە سروشتییەکانی تورکیا بۆ عێراق، گوتی: "کارێکی باش بووە، ھیوادارین ھەنگاوی جدی بنرێ لەو بارەیەوە . ئێمە لەڕێی میدیاکانەوە چاودێری سەردانەکەی یڵدزمان دەکرد، دوای گەڕانەوەی لە سەفەرەکەی زانیاریی زیاترمان دەست دەکەوێ."
باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا ھەروەھا گوتی: "خوازیارین نەوت و گازی عێراق لە بازاڕەکانی جیھان ببینن، ئەمریکا ھەموو کات لە نزیکەوە پەیوەندیی لەگەڵ عێراق و تورکیادا ھەیە، دەبێ عێراق خۆشحاڵ بێ کاتێ لە باکووری وڵاتەکەیەوە ھێڵی بۆری نەوتبەری ھەیەو بە ناو خاکی تورکیادا تێپەر دەبێ."
لە بارەی ئەوەی ئایا ئەمریکا ھیچ جۆرە ھەوڵێکی دیپلۆماسی لەم بارەیەوە داوە؟ ریکاردۆن گوتی: "ھەمووکات ئەمریکا لەگەڵ دۆستەکانیدا لە دانوستاندا بووە، ھەروەکو ھەموو کاتێ ئاماژەمان پێداوە دەبێ ئەنقەرەو ھەولێر و بەغدا لە پێناو بە دەستھێنانی بەرژەوەندیی ھاوبەش لە دەرکردنی نەوت و گاز، لە پەیوەندیی گەرموگوڕدابن."