جنێڤ
دوای سێ رۆژ گفتوگۆی بەردەوامی نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ھاوتا روسییەکەی لەجنێڤ، ئەمڕۆ شەممە لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدا رایانگەیاند: سەبارەت بە دۆسێی چەکی کیمیایی سوریا رێککەوتوون.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا (جۆن کیری) جەختیکردەوە ھەر دوولا لەسەر چۆنێتی چاودێرییکردن و رادەستکردنەوەی چەکی کیمیایی سوریا لەپەیمانێکی شەش خاڵیدا رێککەوتوون.
کیری ئاماژەی بەوەکرد بەپێی ئەو پەیماننامەیە پێویستە چەکی کیمیایی سوریا لەلایەن شارەزایانی چەکی کیمیاوییەوە کونترۆڵبکرێن و دواتر لەبەین ببرێن. پێویستە بەر لە مانگی تشرینی یەکەم پسپۆڕانی چەکی کیمیایی لەسوریا دەستبەکار بکەن.
کیری بەڕاشکاوانە گوتی " ئەگەر ئەم پلانە بەپێی رێککەوتننامەکان جێبەجێ نەکرێ، ئەوا ئەمریکا بەپێی مادەی حەوتەمی جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان مامەڵە دەکات لەگەڵ سوریادا".
لەلایەکی دیکە گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا (فیلیپ لالیتۆ) رایگەیاند: ئیمزاکردنی داماڵینی چەکی کیمیایی سوریا بەس نییە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا لالیتۆ گوتی"حکومەتی سوریا دەیەوێ بەو ئیمزایە مەسەلەکە بە قازانجی خۆی تەواو بکات بەڵام ئەوە بەس نییە و بێھودەیە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھەنگاوو بڕیاری جدی بگرێتەبەر لەدژی بەشار ئەسەد".