ھەولێر - AA
دەقی ڕاگەیانراوەکەی کۆمیتەی ئامادەکاریی یەکەمین کۆنگرەی نەتەوەیی کورد:
لەسەر بانگەوازی بەڕێز مەسعوود بارزانی،سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کە رۆژی ٨-٨-٢٠١٣ بە پەیامێکی رەسمی داوای لە کۆمیتەی ئامادەکاری یەکەمین کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کرد،شاندێک رەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان بکرێت، بۆ ھەڵسەنگاندن و لێکۆلێنەوە لە بارودۆخی رۆژئاوا و ئەو رووداوانەی کە روویانداوە.
شاندی ناوبراو لە (٧) ئەندام لێژنە بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی ئامادەکار، و (٢) کەس بۆ ھاوکاری لە رووی لۆجستیەوە ھاوکار و رێنیشاندەری شاندەکە بوون، رۆژی ١٩-٨-٢٠١٣ لە ھەولێر بەڕێککەوتن و دوای پێنج رۆژ لە بەدواداچوون و سەردانیکردنی شارەکانی رۆژئاوای کوردستان، رۆژی ٢٣-٨-٢٠١٣ گەیشتنەوە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان و راپۆرتی خۆیان لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان پێشکەشی سکرتاریەتی کۆمیتەی ئامادەکاری یەکەمین کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کرد.
سکرتاریەتی کۆمیتەی ئامادەکار، راپۆرتی شاندەکەی خستە بەر باس و گفتوگۆی ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکار لە کۆبوونەوەی رۆژی ٢٩-٨-٢٠١٣، کۆمیتەی ئامادەکار راپۆرتەکەی بەباشی ھەڵسەنگاند و پەسەندی کرد. سوپاسی خۆی ئاراستەی شاندی نێردراو و لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان کرد لە پاراستن و ئاسانکاری لۆجستی و حەوانەوە و رەخساندنی کەشوھەوایەکی ئارام، بۆ شاندەکە تا گەڕانەوەیان.
لە کۆبوونەوەکەدا کۆمیتەی ئامادەکار پشتیوانی خۆی لەسەر گشت داخوازییەکانی ھاوڵاتیانی رۆژئاوا و پێشنیارەکانی شاندەکە نیشاندا .داواش لە ھەموو لایەنە پەیوەندارەکان دەکات ھاوکار و پشتیوان بن، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا ناوەرۆکی راپۆرتەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.
ھەروەھا وێنەیەکیش لە راپۆرتی شاندی کۆمیتەی ئامادەکار بۆ رۆژئاوای کوردستان، بۆ رێزدار سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رەوانە کرا.
داخوازی و پێشنیاری ھاوڵاتیانی رۆژئاوای کوردستان:
١- ھەموو کەس و پارت و لایەنەکان جەختیان لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ھەولێر و چالاککردنی دەستەی باڵای کوردی و لێژنەکانی دەستەی باڵای کوردی بەتایبەتی لێژنەی (تخێێی) دەکرد.
٢- داوا دەکرێت بەپەلە کار بکرێت بۆ راگرتنی شەڕ لەناوچەی کوردییەکان، چونکە شەڕ لە بەرژەوەندی کورددا نییە و دەبێتە ھۆی زیادبوونی دوژمنی کورد. ھەروەھا داوایان کرد کە دەبێت ھەموو لایەنەکان بەشدار بن لە بڕیاری شەڕ و ئاشتی و تەنھا لایەنێک ئەو بڕیارەی لە دەست نەبێت.
٣- داوا دەکرێت ھێزێکی سەربازی ھاوبەش و یەکگرتوو لە نێوان ھەموو لایەن و پێکھاتەکان پێکبھێنرێت.
٤- داوا دەکرێت بەپەلە داو و دەرمان بۆ رۆژئاوای کوردستان دابین بکرێت.
٥- کردنەوەی دەروازەی (سێمالکا) لە نێوان ھەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان بۆ کاروباری بازرگانی گشتی، بەڵام بە ئالیەتێکی رێکوپێک و کۆنکرێتی و بەشداری فعلی ھەموو لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان نەک یەک لایەن سەرپەرشتی بکات.
٦- کار بکرێت بۆ راگرتنی کۆچبەربوونی کوردی رۆژئاوا بۆ ھەرێمی کوردستان و تورکیا و تەنھا رێگا بەو خەڵکە بدرێت، کە بۆ حاڵەتی مرۆیی دەربازی ھەرێمی کوردستان دەبن و دەربازبوونیان بەرێکوپێکی و بۆ کاتێکی دیاریکراو بێت.
٧- داوا دەکرێت ناوەندی سەرکردایەتی پارتەکان بگەڕێنەوە رۆژئاوای کوردستان.
٨- راگرتنی شەڕی راگەیاندن لە نێوان لایەنەکانی کوردی دژ بەیەکتر.
٩- کاربکرێت بۆ ئامادەکردنی کامپێک لە رۆژئاوای کوردستان، ئەگەر خەڵک لەبەر ھەر ھۆیەک ناچار بێت ناوچەی خۆی جێبێڵێت لەو کەمپەدا نیشتەجێ بکرێت. ھەروەھا کار بکرێت بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی ھەرێمی کوردستان بۆ رۆژئاوا.
١٠- داوا دەکرێت رێز لە ئازادی رادەربڕین و کاری رۆژنامەوانی و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان بگیرێت و کۆسپ و تەگەرە نەخرێتە بەردەمیان.
١١- داوا دەکرێت خەڵکی باکوری کوردستان فشار بخەنە سەر حکومەتی تورکیا بۆ کردنەوەی دەروازەکانی سنووری نێوان تورکیا و رۆژئاوای کوردستان.
١٢- ھەندێک خەڵک داوایان دەکرد لە رووی چەکەوە ھاوکاری (یەپەگە) بکرێت.
پێشنیارەکانی شاندی کۆنگرە:
١- پەلە بکرێت لە دابین کردنی داو دەرمانی ئیمرجنسی بۆ رۆژئاوای کوردستان.
٢- کار بکرێت بۆ جێبەجێکردنی ھەموو داواکارییەکانی سەرەوە کە پێشکەش بە لێژنە کراون.
٣- سەبارەت بە کردنەوەی دەروازەی سێمالکا (پێشابیر) بۆ کاروباری بازرگانی دەبێت، سیستەمێکی نوێ دابنرێت و لەو دیوی سنوور یەک لایەن دەستی بەسەردا نەگرێت.
کۆمیتەی ئامادەکاری یەکەمین کۆنگرەی نەتەوەیی کورد
٢-٩-٢٠١٣