Rewa Mahmood Hasan
09 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2020
سلێمانی - AA
ئەنجوومەنی باڵای سیاسی، بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجوومەن، كۆسرەت رەسول عەلی كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا.
ئەمڕۆ ٩ی شوباتی ٢٠٢٠ لە ماڵی کۆسرەت رەسول لە سلێمانی، ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجام دا.
دواتر راگەیەندراوێک سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاو کرایەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە لەسەر پرسە ناوخۆییەکانی یەکێتی و عێراق و ناوچەکە گفتوگۆ کراوە.
لەراگەیەندراوەکەداهاتووە ''لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لە بڕیارەكانی كۆبوونەوەی پێشووی ئەنجوومەن كرایەوە، بە تایبەتی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتی، کە بەردەوامن، بەئومێدی ئەوەی تەواوی ئۆرگانەكانی یەكێتی لە ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتییەوە، هەتا ئۆرگانەكانی تر، بەوردی بڕیارەكان لە هەموو ئاستەكان پەسند بكرێت، هاوکات قۆناغی هەستیاری ئێستا، بۆ سەرخستنی بڕیارەكانی كۆنگرە و ڕاپەڕاندنی سەرجەم ئەركەكان، بەپێی پێویستی و هاوسەنگی سیاسی و حزبایەتی هەمەلایەنە لەبەرچاو بگیرێت.''
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا سەبارەت بەدۆخی ئاڵۆزی عێراق و ناوچە كێشە لەسەرەكان و مەترسییەکانی جموجۆڵی تیرۆریستیی داعش باس کران و لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە ''ئەگەر هەیە تیرۆریستانی داعش شڵەژاویی دۆخی عێراق زۆرتر بقۆزنەوە، بۆیە بڕیاری پێویست لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵاوە درا سەبارەت بەهێزەكانی ٧٠، رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بەرپەرچدانەوەی تیرۆرستەكان، بەپێی سیاسەت و ستراتیجییەتی عەسكەری حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە''.
بەپێی زانیاریەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەکێتیدا بڕیار دراوە هەریەک لە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتی یەکێتی، مستەفا چاوڕەش وەک بەرپرس و سەرپەرشتیاری هێزەکانی ٧٠ دەستنیشان کراون بۆ رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بەرپەرچ دانەوەی تیرۆریستەکان .