سلێمانی - بەھمەن حەسەن
ئەوەی لە عێراقدا روودەدا بووەتە هۆی درووستبوونی بۆچونی جیاواز، بە جۆرێک زۆرێک لە خوێندنەوەکان ئاڵۆسکاون کە هاوڵاتی سادە توانای تێگەیشتنی نەماوە، رەوشی عێراق و ئەو شەڕە ناوخۆییەی تیایدا روودەدا، بووەتە جێی سەرنجی زۆرێک لە چاودێران.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، بۆچوونی فرەڕەنگ بەرچاو دەکەوێ. زۆرێک باس لە نزیکبوونەوەی کورد دەکەن لە دەوڵەتی سەربەخۆ، زۆرێكی دیکەش باس لە دووبارە گێڕانەوەی یەکپارچەیی عێراق دەکەن.
ئایە کورد بەڕاستی بەرەو سەربەخۆیی دەڕوا؟ ئایە کورد لەوەها دۆخێکدا چۆن دەتوانێ بەرگری لە دەستکەوتەکانی بکا و بنەماکانی دەوڵەتی سەربەخۆی هەیە، یاخود هاوشێوەی راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ دەیەوێ لە سەرەتاوە دەستپێبکاتەوە؟ لەگەڵ ئەم پرسیارانەشدا دەپرسرێ، ئایە کورد لەم قۆناغەدا رابەری شارەزای وەهای هەیە کە لە گەمە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بگا؟ وەک هەوڵێك بۆ گەڕان بە دوای وەڵامی بەشێک لە وەڵامی ئەم پرسیارانە، ئاژانسی ئانادۆڵو گفتوگۆیەکی لەگەڵ دەیڤد ماک سازکرد.
دەیڤد ماک لە نێوان ساڵانی ١٩٨٦-١٩٨٩ باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە ئیمارات. هەروەها لە ساڵانی ١٩٩٠بۆ ١٩٩٣، لە پۆستی جێگری سکرتێری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا بووە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک و پۆستی جیاوازی دێبلۆماسی و راوێژکاری جیاوازی لە عێراق، وڵاتانی کەنداو و ئیسڕائیل بەڕێوەبردووە و لە نزیکەوە لەگەڵ سەرکردایەتی کورددا لە پەیوەندیدا بووە.
لە ئێستادا دەیڤد ماک یەکێکە لە لێکۆڵەرە دیارەکانی پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەم پەیمانگایە یەکەمین پەیمانگای تایبەتمەندە بە پرسە رۆژهەڵاتییەکان و لە ساڵی ١٩٤٦ەوە لێکوڵێنەوە لەسەر پرسەکانی تایبەت بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکا بە شێوەیەکی ئەکادیمی. ئەمە لەگەڵ ئەوەی دەیڤد ماک لە ماوەی سی ساڵی رابردوودا وەک راوێژکار بۆ ژمارەیەک کۆمپانیا و دەوڵەت کاری کردووە، کە لەناویاندا ژمارەیەک دەوڵەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش هەن.
دەیڤد ماک بەهۆی کارە دێبلۆماسییەکانی ساڵانی ١٩٩٠ و لێکۆلێنەوەکانی ئەم داوییەی، چاودێری رەوشی ئێستای عێراق دەکا و بۆچوونی دیاری هەیە. لەم میایەشدا، ماک پێیوایە ئەوەی لە عێراقدا روودەدا جەنگی ناوخۆییە و لە زۆر رووەوە هاوشێوەی ئەو جەنگەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٧ بەشێکی زۆری عێراقی گرتەوە، لەمبارەیەوە دەڵێ: "لە زۆر رووەوە ئەوەی لە عێراقدا روودەدا، شەڕی ناوخۆییە. دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام سوود لە ناڕەزایی سونەکان و ناڕەزاییەکان بەرامبەر بە نوری مالیکی وەردەگرێ. هەروەها لە ئێستادا عەرەبە سونەکانیش لێبوردەن بەرامبەر داعش، لەبەرئەوەی سونەکان داعش باشترین ئامرازی بەردەست دەزانن بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و نەویستنی مانەوەیان لە ژێر دەستەڵاتی مالیکیدا."
پریشیکی ئەم ئاڵۆزییانەی عێراق کاریگەرییان لەسەر کورد دەبێ، زۆرێک ئەم دۆخە وەک دەرفەتێکی ناوازە بۆ کورد دەزانن و پێیانوایە هەنگاوەکانی کوردی بەرەو خەونی دەوڵەتی سەربەخۆ خێراتر کردووە. بەڵام بۆ لێکۆڵەر و سیاسییەکی وەک دەیڤد ماک کە ساڵانێکی زۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا کاری کردووە، ئەم رەوشە بە زیاد لە خەونی کورد بۆ سەبەخۆیی دەبینێ و دەڕوانێتە لایەنەکانی پشت ئەم پرسەوە. هەربۆیە لەمبارەیەوە دەیڤد ماک دەڵێ: "پرسین لە رەوشی کورد لەم دۆخەدا جیاوازە. لێرەدا من وای دادەنێم ویستی هەبوونی کوردستانی گەورە یان پان-کوردستان، خواستێكی تاکەکەسییە. لێرەدا من دەخوازم لە رووە واقعییەکەیەوە لە ئەگەری سەرهەڵدانی کوردستانی سەربەخۆ بدوێم. لە ئێستادا کوردەکانی عێراق لە ئاستێكی باڵای ئۆتۆنۆمییەت و گەشەسەندندان، دەبێ ئەوەندش بە ئاگابن و بپرسن داخۆ چییان دەست دەکەوێ ئەگەر سەربەخۆیی رابگەیەنن؟"
لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەییشدا، ئەگەر کورد دەوڵەتی خۆی رابگەیەنێ، ئەوە لە رووی ئابورییەوە دەست کراوەتر دەبێ. ئەم لێکدانەوەیە پشتی بەستووە بەو ژێرخانە نەوتییەی هەرێمی کوردستان هەیەتی، کە چاودێران پێیانوایە کورد لە رێگەیەوە دەتوانێ پەرە بە ئابوورییەکەی بدا. بەڵام ئەم بۆچوونە هەمان بۆچوونی دەیڤد ماک نییە. بە بڕوای ماک: "زۆر زەحمەتە کوردی عێراق هەرگیز لە نەوتەکەی زیاد لەو ١٧ لەسەدە بەدەست بێنی کە لە بەرامبەر هاوکاریکردنی بەغدادا دەستیدەکەوێ. لەگەڵ ئەمەشدا روون نییە کە گۆڕینی رەوشی ئۆتۆنۆمی ئێستا لەگەڵ عێراق و پەیوەندی دیفاکتۆیی لەگەڵ تورکیا، لەماوەی درێژخایەندا بڕیارێکی باش دەبێ یان نا. سەرباری ئەمەش کوردانی عێراق تاکە میللەت نابن کە سەربەخۆییان لە هەبوونی پەیوەندییەکی پراگماتیکی پێ باشتر نەبێ لەگەڵ هاوسێکانیاندا."
لە درێژەی باسی سەربەخۆییدا، بەشێک لە واقعیبوونی خەونی دەوڵەتی کوردی دەبەسترێتەوە بە دانپێدان و رەزامەندی ئەمریکا. ئەگەرچی لە ئێستادا و لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا، پلانی ئەمریکا بریتی بووە لە پاراستنی یەکپارچەیی خاک و سیاسەتی عێراق. هەوڵەکانی ئەمریکا لە زۆر دۆخدا بێبەرهەم بوون و زیادەرەوییان تیادا کراوە، بۆیە دوور نییە لە پرسی راگەیاندن یان دووبارە گەڕانەوەی کورد بۆ بەغداش زیادەڕەوی لە رۆڵی ئەمریکادا بکرێ. لەمبارەیەوە ئەم لێکۆڵەرەی پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆنەوە دەڵێ: "کاریگەری ئەمریکا لەم پرسەدا زیادڕەوی تیادا دەکرێ. من هیچ سوودێکی ستراتیژی لە سەربەخۆیی کوردستاندا نابینم بۆ ئەمریکا. لە کۆتاییدا، ئەم بڕیارە لە نێوان بەغدا و هەولێردا دەدرێ. ئەگەر لە عێراقدا کوردستانێکی سەربەخۆ سەریهەڵدا، کە لە رووی سیاسییەوە جێگی بوو و لە رووی ئابووریشەوە خۆبەستوو و مافی کەمە نەتەوایەتییەکانی لەبەرچاو گرت، ئەوە ئەمریکا زیرەک دەبێ کە پەیوەندی لەگەڵدا ببەستێ، هاوکاری بکا بێئەوەی ناچاربێ لە نێوان بەغدا و هەلێردا هەڵبژاردن بکا."
سەرلەبەری گواستنەوە بۆ قۆناغی ئایندە لەسەر لێزانی سەرکردایەتی کورد وەستاوە. بە بۆچوونی دەیڤد ماک "سەرکردەکانی کورد دەبێ لەمەدا لێزان بن و رێگەی دەرچوون بدۆزنەوە بۆ ئەم لایەنە. هیوادارم سەرکردەکانی کورد بە وریاییەوە هەنگاو بنێن و هەنگاوی وەها هەڵنەنێن لێی پەشیمان ببنەوە."
لای ماک سەرکردایەتی کورد دەتوانێ ئەم قۆناغە تێپەڕنێ، جا بە سەربەخۆیی بێ یاخود گەڕانەوەیەکی خۆبەخشانە بێ بۆ بەغدا و پێکهێنانەوەی حکومەتی ناوەندی. لەم پێناوەشدا بە پشتبەستن بە نزیکییەکەی لە سەرکردایەتی کوردەوە، دەیڤد ماک دەڵێ: "من رێزێکی زۆرم بۆ سەرکردەکانی کورد هەیە. ئەوان رۆڵێکی زۆریان هەبووە لە دروستکردنی حکومەتی بەغدادا. هیوادارم سەرکردەکانی کورد ئارامی و گەشەسەندی هاوڵاتییانی کوردستان بکەنە بنەمای بڕیارەکانیان."
لە ئێستادا بەهۆی غیابی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان جەلال تاڵەبانییەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی وەک سەرکردەی ژمارە یەکی کورد دەبینرێ لە هەرێمی کوردستاندا. هاوشێوەی خواستی ناوخۆیی، دەیڤد ماک، کە هاوکات لە نزیکەوە پەیوەندی لەگەل بارزانیدا هەیە، خوازیارە بارزانی "تاكڕەوانە" مامەڵە نەکا. زیاد لەمەش ماک خوازیارە بارزانی هاوکاری ئەو رەوتانە بێ کە کار لەپێناو یاسا و حکومەتی دیموکراتیدا دەکەن لەسەر ئاستی کورستان و عێراق، لەم بارەیەشەوە دەیڤد ماک دەڵێ: "كوردستانی عێراق ژمارەیەکی زۆر سەرکردەی بە توانای هەیە لە ئاستە باڵاکاندا. پێدەچێ مەسعود بارزانی خاوەنی فراوانترین بنکەی جەماوەری بێ. بە خۆشحاڵییەوە ئێستاش دیدارەکانی ساڵی ١٩٩٢ و ١٩٩٣ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ بارزانیم لەبیرە. لە ساڵانی دوای ئەوەدا، سەرکردە کوردەکان تەواو فەشەلیان هێنا کاتێک کەوتنە جەنگی ناوخۆییەوە. ئەم وێنەیە لە کاتێکدایە کە سەرکردایەتی کورد دەریانخست بە یەکڕیزی دەتوانن کاریگەربن لە بەرامبەر بەرەی غەیرە کوردەکانی عێراق. هیوادارم مەسعود بارزانی هاوشان لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی کورددا کاربکا، کە کار بۆ دروستکردنی حکومەتی دامەزراوەیی و دیموکراسی و یاسا دەکەن، پێچەوانەی ئەوانەی دەیانەوێ دەستەلات لە دەستی چەند کەسێکی دیاریکراودا بێ."
news_share_descriptionsubscription_contact

