ھەولێر
محەمەد عوسمان ناسراو بە (حەمەسوور دووشیوانی) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی سەردانەکەی دوێنێی شاندی پەرلەمانتارانی کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ لای وەزیری نەوتی عێراق عادل عەبدولمهھەدی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرایکرد كه عەبدولمەھدی تێڕوانینی پۆزەتیڤی لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەیە و بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە نەوت و غازی داوە.
لەوبارەوە دووشیوانی گوتی: "وەزیری نەوتی عێراق عادل عەبدولمەھدی پێیڕاگەیاندین ئەو لەگەڵ بڕینی بودجەی ھەرێمی کوردستان نییە و دەستبەکاربوونی وەزیرانی کوردیشی بە سەرەتایەکی باش زانی بۆ گێڕانەوەی مافی خەڵکی کوردستان. ئەو بەڵێنی ئەوەشی دا کە لە ئەنجومەنی وەزیران وەکو وەزیرانی کورد داکۆکی لە گەڕانەوەی بودجەی ھەرێمی کوردستان و موچەی خەڵکەکەی دهكات."
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ههروهها گوتی: "عادل عەبدولمەھدی پێیگوتوون کە سیاسەتی مەرکەزییەت لە عێراق وایکردووە زۆر کێشەی گەورە دروست ببێ و بەڵێنی ئەوەشی داوە دەسەڵاتەکان داببەزێنێتە خوارەوە."
محەمەد عوسمان باسی لەوەشکرد کە عەبدولمەھدی پێیگوتوون دەستبەکاربوونی وەزیرانی کورد لە کابینەکەی عەبادی سەرەتایەکی باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بەتایبەت کێشەکانی نەوت و غاز و گوتی: "وەزیری نەوت پێیگوتین کە بەتەنھا دانیشتنی ھەردوولا لەگەڵ یەکتر سهدا ٥٠ی کێشەکان چارەسەر دەکات، عێراق بۆ ھەمووانە و ھیچ پێکھاتەیەک بێ ئەوی دیكه ناتوانێت کار بکات، دەبێت ھەمووان پێکەوە کاربکەن."
روونیشی کردەوە كه وەزیری نەوت ئاشكرایكردوه ئەوپەڕی ھەوڵی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە نەوت و غاز لەنێوان ھەرێم و بەغدا و ئهمهش فاکتەرێکی باش دەبێت بۆ چارەسەرکردن و ھەوڵ دەدەن کێشەکان بەزووترین کات چارەسەر بکەن.
محەمەد دووشیوانی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەو حەوت خاڵانهش کرد کە وەکو داواکاریی پەرلەمانتارانی کەرکوک پێیاندابوو و گوتی: "سەرجەم داواکارییەکانی خوێندەوە و پێیگوتیین کە ئەوپەڕی ھەوڵ دەدات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە رەوایانەی کە لەکەرکوک ھەن و بەدڵخۆشیشەوە بانگھێشتکردنەکەی ئێمەی بۆ سەردانیکردنی کەرکوک قهبوڵكرد."
دوێنێ پەرلەمانتارانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی وەزیری نەوتییان کرد و حەوت خاڵیان وەکو داواکاریی کەرکوکییەکان لەکەرتی نەوت دایه عادل عهبدولمههدی کە دیارترینیان، بەرھەمھێنانی بەنزینی کوالێتی باش، خەرجکردنی پارەی کۆمپانیا نەوتییەکان له كهركوك، ھەماھەنگی کردنی ناوەند لەگەڵ ئیدارەی کەرکوک لەبارەی توێژینەوەکەی کۆمپانیای BPی بەریتانی بۆ گەشەپێدانی کێڵگەی نەوتی کەرکوک.