واشنتۆن
کاربەدەستێکی کۆشکی سپی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکات رایگەیاند، ئۆباما رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بە بۆنەی سەرکەوتنی ناتانیاھو لە ھەڵبژاردنەکاندا لە رێگای تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی نوێی ئیسرائیل کردووە و پێی راگەیاندووە کە ئەمریکا لە دوای ئەو لێدوانە ناچارە رەچاوی بژاردە سیاسییەکانی خۆی بەرامبەر بە ئیسرائیل بکات.
ئۆباما لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی ھوفینگتۆن پۆست ئاماژەی بەوە کردووە کە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بە ناتانیاھوی گوتووە گفتوگۆ لەسەر لێدوانەکانت لە بارەی چارەسەریی دوو دەوڵەتەوە دەکەین و ئەگەر ئیسرائیل دەیەوێت وەکو دەوڵەتێکی جوو و دیموکراتیک بمێنێتەوە ئەوا پێویستە بزانێت کە بۆ ئاسایشی خۆی دروستبوونی دوو دەوڵەت تاکە رێگایە و ئێمە لەو بڕوایەدان و لێدوانەکانی ناتانیاھو پێش ھەڵبژاردن تەگەرەیان خستووەتە بەردەم پڕۆسەی دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین.
ئوباما لە وەڵامی پرسیارێکدا کە باس لەوە دەکات ناتانیاھو گوتوویەتی دەنگدەرە عەرەبەکان بە پاس براون بۆ دەنگدان گوتی: "ئەم جۆرە شتانە پێچەوانەی داب و نەریتی سیاسی ئیسرائیلن چونکە بە پێی دیموکراسیەتی ئیسرائیل پێویستە بە شێوەیەکی یەکسان ھەڵسووکەوت لە بەرامبەر ھەرکەسدا بکرێت".
ئۆباما گوتی: "بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی ئاسایشی ئیسرائیل و بۆ ئەوەی خەڵکی ئیسرائیل لە ئارامی و ئاسایشدا بێت و لە رووی سەربازی و هەواڵگرییەوە درێژە بە ھاوکاری و ھەماھەنگییەکانمان دەدەین".
ناتانیاھو لە چوارچێوەی کەمپەینی ھەڵبژاردنی لە ئیسرائیلدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەگەر جارێکی دیکە ببێتەوە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەوا شتێک بە ناوی دەوڵەتی فەڵەستین دروست نابێت و سەرەڕای گوشارە نێودەوڵەتییەکان لە قودس پڕۆسەی دروست کردنی یەکەی نیشتەجێ بوون بۆ جووەکان بەردەوام دەبێت، ئەم لێدوانانەی ناتانیاھو ببوونە ھۆی نیگەرانی و ناڕەزایەتی بەرپرسانی ئەمریکا.