ئەمڕۆ شەممە لیژنەی حەشدی شەعبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕە لە باشووری عێراق بڕیارەكەی حكوومەتی ئیتیحادی رەتكردەوە، كە داوای داماڵینی چەك لە هێزی حەشدی شەعبی لەو پارێزگایە دەكات.
راگەیاندنی رەتكردنەوەی بڕیارەكەی حكوومەت دوای چەند سەعاتێك لە راگەیاندنی وەزیری بەرگری خالید عوبەیدی لە پارێزگای بەسڕە دێت، كە رایگەیاندبوو، حكوومەت بڕیاری داوە هەموو كەسێك لە دەرەوەی یاسا كە چەكی هەڵگرتووە، چەك بکرێت و رێو شوێنی توندونیش لە بەرامبەریان دەگیرێتە بەر.
جێگری سەرۆكی لیژنەی حەشدی شەعبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕە ئەحمەد سلێتی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە: "خراپی دوۆخی ئەمنی و هەڕەشە تیرۆریستی و پیلانگیرییە هەرێمییەكان كە ئێستان وڵات رووبەڕووی بووەتەوە وا دەخوازێت حەشدی شەعیی هیچ چەكێك دانەنێ".
سلێتی ئاماژەی بەوەشدا، داماڵینی چەك لە دانیشتوانی بەسڕە تەنها خەڵكەكەی بڕیاری لەسەر دەدەن ئەگەر كاتەكە لەبار بێت.
بڕیارەكەی حكوومەتی عێراق لە بارەی داماڵینی چەك لە هێزی حەشدی شەعبی، پاش ئەو شەڕ عەشایەرییە خوێنەوییە دێت كە رۆژی دووشەممەی رابردوو لەو پارێزگایە روویداو بە هۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی بریندار بوون و تەنانەت وێستگە كارەباییەكانیش لەكار كەوتن.