ئیستەنبوڵ
سەرۆكوەزیرانی توركیا، ئەحمەد داودئۆغلو لە كۆبوونەوەی فۆڕمی ئابووری جیهانی بە ناوی "دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێ بۆ گەشەپێدانی ناوچەیی" رایگەیاند كە جیهانی ئیسلامی بە رێكخراوی داعش و گروپە هاوشێوەكانی یاد ناكرێتەوە.
داودئۆغڵو لە كۆبوونەوەكەدا گوتی: "هەروەك چۆن گەلی جیاواز لە جیهان، یان هەر كەسێك لەسەر ئاینی جیاواز توانای بەڕێوەبردن و كارپێكردنی دیموكراسیان هەبێ ئەوا گەلانی ئیسلامی هەمە كەلتووریش دەتوانن دیموكراسی جێبەجێ بكەن و گەشەی پێبدەن، لەم چوارچێوەیەش جیهانی ئیسلامی بە رێكخراوێكی وەك داعش و گروپە هاوشێوەكانی یاد ناكرێتەوە."
داودئۆغڵو گوتیشی:" لە مانگی ئابی ساڵی 2011 بە بەشار ئەسەدم راگەیاند، "زوڵم لە گەلەكەی نەكات، لە بەرامبەر ئەوەش لە بارەی بەجێهێشتنی دەسەڵات بە شێوەی ئاشتی پرسیاری ئەوەم ئاراستەكرا، ئەی ئێمە چیمان بەسەر دێت لە دوای بە جێهێشتنی دەسەڵات، منیش لە وەڵامدا گوتم ئەگەر لە وڵاتێك سەركۆماری پێشوو و سەرۆكوەزیرانی پێشوو لە ئاشتیدا بژین ئەوا مانای هەبوونی دیموكراسی لەو وڵاتە دەگەیەنێ، بەڵام ئەگەر لە وڵاتێك سەرۆكوەزیرانی پێشوو لە زیندان یان لە گۆڕ بێت ئەوا مانای ئەوەیە لەو وڵاتە دیموكراسی نییە، وەك نموونە بەشێك لە سەركردەكانی وڵاتانی عەرەبی، ئەوا قەزافی لە گۆڕە و موبارەك لە زیندانە."
داودئۆغڵو راشیگەیاند فۆڕمی دیموكراسی بەم شێوەیە ژیانی سەركردەكانیش دەخاتە ژێر گەرەنتی، نەبوونی دیموكراسی دەبێتە هۆی باوەڕبەخۆ نەكردنی سەركردەكانی وڵات.
داودئۆغڵو روونیشیكردەوە كە چۆن گەلانی جیهان لە كلتوری جیاواز و ئاینی جیاواز توانای جێبەجێكردنی دیموكراسیان هەیە ئەوا كۆمەڵگەی موسڵمانیش بە كلتور و سیاسەتی جیاواز دەتوانن دیموكراسی جێبەجێ بكەن لەم چوارچێوەیەش جیهانی ئیسلامی بە رێكخراوی داعش و هاوشێوەكانی هەرگیز یاد ناكرێتەوە.