ژنێڤ
سەبارەت بە دانوستانەكانی لایەنەكانی یەمەن لە ژنیڤ، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یەمەن ئیسماعیل ولدشێخ ئەحمەد رایگەیاند "گەڕانەوە بۆ قۆناغی سیاسی سەرەتایەكی گرنگە، بۆیە پێویستە ئەو سەركەوتنە بچووك نەكرێتەوە".
ئەحمەد دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندنی حوسییەكان، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رێكخست و تیایدا ئاماژەی بەوە كرد پێویستە ئەو راستیە بزانرێت كە قۆناغەكە قورس دەبێت، بەڵام هەموو كێشەكان بە تەواوی رەهەندەكانییانەوە بەشێوەیەكی خوازراو و پێداگریەوە لە كۆبوونەوەكانی ژنیڤدا تاوتوێ دەكرێن".
گوتیشی: "بە شاندی سەنعامان گوتووە كە لە 22 كەس پێكهاتووە و بەیانی ئەمرۆ گەیشتۆتە ژنێڤ دەبێت تەنیا 10 كەس بەشداری لە كۆبوونەوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بكەن، لەوانەش شاندێكی 7 كەسی لەگەڵ 3 راوێژكار، دەبێت هەردوو لا هاوسەنگ بن. یەمەنیەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش چاوەڕوانی چارەسەرێكی ئاشتیانە دەكەن لە كۆبوونەوەكانی ژنێڤدا".
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە یەمەن ئەحمەد باسیشی لەوە كرد كە گەڕانەوە بۆ قۆناغی سیاسی سەرەتایەكی گرنگ بوو، بۆیە پێویستە ئەو سەركەوتنە بچووك نەكرێتەوە. هیوا دەخوازین ئەو كۆبوونەوانەی لەگەڵ لایەنەكانی یەمەندا ئەنجام دەدرێن، قەیرانی مرۆیی و توندوتیژیەكانی ئەو وڵاتە كەم بكەنەوە.
هاوكات لەبارەی دانانی ئابڵوقەی چەك لەسەر سەرۆكی پێشووی یەمەن كە رۆڵیكی وێرانكار دەبینێت و كار لەگەڵ حوسییەكان دەكات، ئەحمەد گوتی: "هیوادارین بڕیاری ژمارە 2216ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەولەتی جیبەجێ بكرێت".
لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی ئەنجامدان و نەدانی كۆبوونەوە لەنێوان لایەنەكانی یەمەندا، ئەحمەد گوتی: "پێویستە هەردوو لایەن لەسەر هەندی خاڵ سازش بكەن، بۆئەوەی بە ئامانج بگەین. سبەینێ لەسەر وردەكاری ئەو بابەتانە گفتوگۆ دەكەین. پێویستە یەمەنیەكان كێشەكان لە نێوان خۆیاندا چارەسەر بكەن و هەموو هەوڵێكی خۆیانی بۆ بخەنەگەڕ".
لەلایەكی دیكەوە نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە یەمەن، باسی لەوە كرد كە گەلی یەمەن لە دۆخێكی زۆر سەختدایە و داوای لە لایەنەكان كرد لە مانگی رەمەزاندا ئاگربەست رابگەیەنن.