رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام ئەو ٣٠ بەرھەڵەستكارەی ئەندامانی سوپای سوریای ئازادیان كوشت كە لە خاڵی پشكنینی سوپای سوریای ئازادی لە ئیدلەب بەدیل گیرابوون.
كۆردیناتۆری شۆڕشی سوریا رایگەیاند رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ئەو ٣٠ بەرھەڵەستكارەی لە ناوچەی جەبل زاویەی سەر بە ئیدلێب بەدیلگرتبوو، ھەموویانی كوشتووە.
لە بەشێكی دیكەی ئەو راگەیەنراوەدا ئاماژە بەوە كراوە داعش وەك وەڵامدانەوەی ئەو ھێرشانەی لە دژی ئەوان لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە ئەنجام دەدرێن، ئەو ٣٠ دیلەی كوشتووە.
لە بەردەوامی راگەیەنراوەكەدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە لە ناوچەی ئەتراریب شەڕ و پێكدادانێكی قورس لە نێوان داعش و سوپای سوریای ئازاد دا دروستبووە و ھێشتا بەردەوامە. زانرا لە ناوچەی حەسەكە داعش فەرماندەی یەكینەكانی توحید و جیھادیشی كوشتووە.
بە ھۆی بەردەوامی شەڕی نێوان داعش و سوپای ئازاد لە سوریا، داعش داوای لە ھەزار و ٣٠٠ چەكداری تایبەتی خۆی كردووە بگەڕێنەوە سوریا و بەشداری شەڕی دژی سوپای موجاھدین بكەن.