ئەمڕۆ دووشەممە دەیان هاووڵاتی عەرەبی شارەكانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق لە ژن و پیاو خۆپیشاندانێكیان لەبەردەم ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ساز كرد و داوایان كرد لەمافی دەنگدان لەهەڵبژاردنی 30ی ئەم مانگەی پەرلەمانی عێراق بێبەش نەكرێن.
ئەو كەسانە لەدوای ساڵی 2003 و ڕوخانی ڕژێمی پێشووی عێراقەوە ، بەهۆی خراپی دۆخی ئاسایشی ناوچەكانییان ئاوارەی هەرێمی كوردستان بون و ماوەی 10 ساڵە لە سنوری پارێزگای سلێمانی نیشتەجێن ، وەك خۆشیان ئاماژەی پێدەكەن ژمارەیان دەیان هەزار كەس دەبێ.
خۆپیشاندەران چەندین دروشمیان بەرز كردبۆوە، لەوانەش (ئێمە عێراقین و مافمان هەیە لە پارێزگای سلێمانی دەنگ بدەین ، داوای مافی دەستووری خۆمان دەكەین بۆ دەنگدان ، داوا لەكۆمسیۆن دەكەین وەڵاممان بداتەوە و مافی دەنگدانمان نەفەوتێ).