Heman Hussein Yaseen,Sarmand Hameed
03 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2020
هه‌ولێر - AA
بەرپرسی لقی قەرەچووغی پارتی دیموکراتیی کوردستان، کرمانج عەبدوڵڵا:
- ''خەڵکی رەسەنی مەخموور تا ئێستاش تاپۆی عوسمانیان ماوە کە بە قۆچانی رەش ناسراوە و ئەوانەی لەم 50 ساڵەدا هاوردەکراون هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای کەرکووکیان پێ دەدرێت".
- "ئاواتەخوازین کورد و تورکمان و عەرەبی رەسەنی ناوچەکە بە یەکەوە و لە پاڵ یەک بە تەبایی بژین".
- "بە هۆی بۆشایی ئەمنی و نەبوونی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، تا ئێستاش جموجۆڵی داعش لە هەنديک ناوچە ماوە و بەشێک لە عەرەبە هاوردەکانیش بە رۆژ حەشد و بە شەو داعشن".
بەرپرسی لقی قەرەچووغی پارتی دیموکراتیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە سنوورەکەیان بەھۆی عەرەبی ھاوردەوە تووشی ململانێی نەتەوەیی و سیاسیی بووە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە گرێ کوێرەی چارەسەری کێشەکان، کەرکووکە.
بەرپرسی لقی قەرەچووغی پارتی دیموکراتیی کوردستان، کرمانج عەبدوڵڵا لە چاوپێکەوتنێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی بارودۆخی مەخموور و کێشەکانی ئەو ناوچەیەدا دەڵێت: "سنووری قەزای مەخموور زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار کەس دانیشتووانیەتی و پێکھاتەی ناوچەکە زیاترینیان کوردن و بەشێکیان عەرەبن، پێکھاتەی کاکەییەکانیش ھەر لەوێن و زۆربەیان دەکەونە شارۆچکەی سفەییە، لە رووی ئاینییشەوە و موسڵمان و کاکەیی ھەیە کە ئەم پێکھاتانە لە دێرزەمانەوە بە باشی ژیاون تا ساڵانی شەستەکان کە پڕۆسەی تەعریب دەستی پێ‌کرد، دوای ئه‌وه تۆزێک ململانێی خستە نێوان پێکھاتەکان و ئەمەش وایکرد زۆربەی ماڵی کوردەکان بسووتێنرێت".
قەزای مەخموور بەھۆی گرنگی بوونی لەرووی جوگرافی و سیاسی و نەتەوەیی و ھەبوونی ماددە جۆربەجۆرەکانی سەر زەوی و ژێرزەوەییەکەی بەتایبەت نەوت، بۆیە بەدرێژایی مێژوو ھەوڵدراوه زۆربوونی ده‌سه‌ڵاته یه‌ك به‌دوای یه‌كه‌كان و، ئەم دەڤەرە بە تەواوی گوند و ناحیەکانی بۆ چەندین جار له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی رژێمی به‌عسه‌وه بەرشاڵاوەکانی تەعریبکردن و راگواستن کەوتووه‌تەوە، بەعس تەواوی ھەوڵەکانی خستبووه‌گه‌ڕ بۆ گۆڕینی جوگرافیا و دیموگرافیای سنوورەکە، ھەر لەم ھەوڵەشدا چەند گوندێکی لە ناحیەی قەراج و دیبەگە دابڕاند و خستیە سەر ناحیەی سەڕگەرانی پارێزگای کەرکووک، سەرەڕای ھێنانی عەرەبی ھاوردە بۆ سنوورەکە و گۆڕینی ناوی گوند و شوێنە گشتییەكان له كوردییه‌وه بۆ عه‌ره‌بی و، ھاوکات قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی کوردی و کردنی بە زمانی عەرەبی، هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ش کرمانج عەبدوڵڵا دەڵێت: "عەرەبەکانی ئێرە دوو بەشن، بەشێکیان عەرەبی رەسەنی ناوچەکەن بە تایبەت ئەوانەی لە سنووری قەراج و مەخموور نیشتەجێن، بەشێکیشیان دوای ساڵی ١٩٦٣ ھاتن و بەشێک لە خاکی کوردیان داگیرکرد، بۆیە دوای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق، بەشێکی زۆر لەو عەرەبە ھاوردانە ناوچەکەیان چۆڵکرد تا ساتی پەیدابوون و ھاتنی گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش، ئەوکاتە ئەوانەی عەرەبی ھاوردەبوون، بوونە بەشێک لە داعش، واتا داعش لەو سنوورە بەشێکی زۆر ئەو عەرەبه ھاوردانەی لەخۆگرت کە پێشتر ماڵ و موڵکی خەڵکی ناوچەکەیان داگیرکردبوو، ھەر بۆیەش بەشێک لە بەردەوامبوونی داعش، بوونی ئەو عەرەبە ھاوردانە بووه، بەداخەوەش دوای رووداوه‌كانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دیسان بەشێک لەو عەرەبە ھاوردانە جارێکی دیکە ماڵ و موڵکی کوردەکانییان داگیرکردەوە".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی لقی قه‌ره‌چووغی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێی وایه گرێ كوێره‌ی كێشه‌كان كه‌ركووكه و، ئه‌گه‌ر كێشه‌كانی كه‌ركووك چاره‌سه‌ر بكرێت ئه‌وا ده‌توانرێت كێشه‌كانی دیكه‌ش چاره‌سه‌ر بكرێن و ده‌شڵێت: ''پەرلەمانی عێراق ھاتوونەتە سەرخەت و لە بەغداش داوا کراوە کە ئاگاداری پارێزگاری کەرکووک کراوە کە دەست لەم کارە (پڕۆسه‌ی به ته‌عریبكردن) ھەڵگرێت بەڵام ئەو بەعەقڵیەتێکی شۆڤینی خەریکی تەعریبکردنە، بۆیه‌ش ئێمه پێمان وایه دەستوور لە سەرووی ھەموو یاسایەکە و لە دەستوور ئەو ناوچانە بە ماددەی ١٤٠ ھەژمارکراوە و دەبێت رێکارە یاساییەکان ئەم بابەتە چارەسەر بکات و، سه‌ره‌تا دۆخه‌كه ئاسایی بكرێته‌وه، پاشان سه‌رژمێری ئه‌نجام بدرێت و ئینجا راپرسی بكرێت''.
كرمانج عه‌بدوڵڵا ده‌شڵێت: ''خه‌ڵكی ره‌سه‌نی ئه‌و ناوچانه هه‌موو یه‌كتر ده‌ناسن، بۆ نموونه گوندی پەلکانە و شەنەغە له سنووری مه‌خموور ھەموو ئەوانە یه‌كتر دەناسن و خاوەن موڵک و زەوییەکان کە کوردن، قۆچانی رەشیان ھەیە واتا قۆچانی سەردەمی عوسمانییه و پێش دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراقه، بۆیە بەداخەوە پێویستە ئەم بابەتی تەعریبکردنە رابوەستێت و خه‌ڵك بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زێدی خۆیان''.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی لقی قه‌ره‌چووغی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه ئه‌و كێشانه‌ی ئێستا هه‌یه، ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌و گیروگرفتانه‌یه كه له رابردوودا له ناوچه‌كه هه‌بووه و چاره‌سه‌ر نه‌كراوه، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه، عێراق به‌ره‌و وڵاتێكی تایفی ده‌ڕوات و پێكهاته‌كانی وه‌كو كورد و توركمان پشتگوێخراون و له‌مباره‌یه‌وه كرمانج عه‌بدوڵڵا ده‌ڵێت: ''لە بنەڕەتدا، ئەو کێشانە وەک پێویست چارەسەر نه‌كراون و ئه‌وانه‌ی ئێستاش دەرھاوێشتەن، ھەموو گەلی عێراق چاوەڕێی ئەوەبوون دوای پڕۆسەی ئازادكردنی عێراق، ھەموو پێکەوە بژین، بەداخەوە وردە وردە خەونەکان لە گۆڕنران و عێراق بەرەو وڵاتێکی تایفی رۆیشت و پێکھاتەکانی دیکەی وەک کورد، تورکمان و ئەوانی دیکە پشتگوێخران، زۆربەیان لە ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر و دھۆک دەژین، له كاتێكا بەپێی ھەموو بەڵگەنامە مێژووییەکانی سەردەمی عوسمانی ھەموو سنوورەکان دیاریکراون، بۆیه پێویستە پڕۆسەی سیاسیی عێراق بەو ئاراستەیەدا بڕوات کە خزمەتی ھەموو پێکاھەتەکان بکات''.
كرمانج عه‌بدوڵڵا ده‌شڵێت: ''له رابردووش‌دا، گرووپه‌كانی قاعیده و، ھەموو ئه‌و گرووپه توندڕه‌وانه ھەبوون، وایكرد سوننەی عەرەب ھەست بە زوڵم بكات، بەڵام ئەگەر چارەسەری کێشەکان کرا و نەتەوەیەک نەیتوانی نەتەوەیەکی دیكه بچەوسێنێتەوە، ئه‌وا بێگومان عێراق ده‌بێته وڵاتێكی سه‌قامگیر''.
ماوه‌یه‌كه جموجۆڵی گرووپه تیرۆریستیه‌كان له‌و ناوچه‌یه‌دا روو له زیادبوونه و به‌رده‌وامیش هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ئۆپه‌راسیۆن دژی گرووپه تیرۆریستییه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و، ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستانیش، ئاشكرای ده‌كات كه گرووپه تیرۆریستییه‌كانی داعش شانه‌ی نوستوویان له‌ناوچه‌كه‌دا زۆره و له‌باره‌ی ژماره‌ی چه‌كداره‌كانیش ده‌ڵێت: ''ناتوانی چەکدارەکان بە ژمارە بزانرێت، به‌ڵام شانەی نوستوویان زۆرە، كاتی خۆیشی له مووسڵ چەند کەسێک بوون داخل بوون بەڵام کە گەیشتنە ناو مووسڵ بە سەدان شانەی نوستوو پاڵپشتیان کردن''.
كرمانج عه‌بدوڵڵا ده‌شڵێت: ''دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، بەشێک لەو عەرەبە ھاوردانەی کە پێشتر لەو ناوچانە بوون و دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق شوێنەکەیان چۆڵکرد، ئەوان ئێستا بەشەو داعشن و بەڕۆژ ھەندێکیان لەگەڵ حەشدی شەعبی، یان لەگەڵ ھێزە عێراقییەکانن و بەداخەوە لە یەک کاتدا دوو ئامانج دەپێکن کە یەکێکیان کاری تیرۆریستی و یەکێکیان کاری تۆڵەکردنەوە''.
به گوته‌ی كرمانج عه‌بدوڵڵا، ئێستا گرووپه تیرۆریستییه‌كانی داعش دووباره خۆیان رێكخستووه‌ته‌وه و مه‌ترسیدارترن له پێشووتر و ده‌شڵێت: ''ئێستا داعش لە سەرەتای ھاتنی مەترسیدارترە، چونكه دووبارە خۆی رێکخستووەتەوە بە رۆژ و بەشەو لە داقوق و شنگال وجودیان ھەیە، جگە لە شەقامی سەرەکی کە بەدەست ھێزە عێراقییەکانەوەیە بەڵام گوند و ناوچەکان داعشی تێدایە، هۆكاره‌كه‌یشی ئه‌وه‌یه كه ده‌بوو هێزه‌كانی پێشمەرگە و هێزه عێراقییەکان ئەو ناوچانە بپارێزن، چونكه ھێزە عێراقییەکان به ته‌نیا شارەزای ناوچەکە نین و خەڵکیش وەک پێویست ھاوکارییان ناکەن''.
مەخموور یەکێک لە شارەکانی پارێزگای ھەولێرە و ناوەندی قەزاکەی مەخموورە کە بە دووری ٥٦ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای پارێزگای ھەولێر. ئەم قەزایە لە باکووردا لەگەڵ قەزاکانی دەشتی ھەولێر و خەبات، لە باشووردا لەگەڵ رووباری دیجلە، لە رۆژھەڵاتدا لەگەڵ زێی بچووک و لە رۆژئاوادا لەگەڵ زێی گەورە ھاوسنوورە.