ھەولێر
یاریدەدەری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان (دیندار زێباری) ئەمڕۆ یەکشەممە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو AA گوتی " رۆژانە ئاوارەی دیکە لەسوریاو رۆژئاوای کوردستان دێنە ھەرێمی کوردستان، ئێستا ژمارەی ئاوارەکانی سوریا لەھەرێم گەیشتوونەتە ٢١٠ ھەزار کەس".
زێباری پێشیبینی دەکات کۆمەک و ھاریکاریی رێکخراوەکانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی لەداھاتوو بۆ ئاوارەکان زیاتر بکات، بەڵام تا ئێستا وەکو پێویست نەبووە بۆیە داوای یارمەتیدانی بەپەلە دەکات.
لەوبارەیەوە دیندار زێباری گوتی " داوا دەکەین لەڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی کەنداو بە زووترین کات ھاریکاریی بگەیەننە ئەو ٢١٠ ھەزار ئاوارەی لەکوردستان نیشتەجێ بوون، ئەوان لە شەش کەمپی گەورەدا نیشتەجێکراون و پێویستیان بەیارمەتی زیاتر ھەیە".
زێباری ئاماژەی بەوەدا کۆمیسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان و بەرپرسی جێبەجێکاری رێکخراوی خۆراکی جیھانی FAO سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە بۆ ئەوەی لەنزیکەوە ئاگاداری رەوشی پەنابەرانی سوریا بن، بۆیە پێشبینی کرد لەدوای ئەو سەردانە یارمەتیی نێودەوڵەتی بگاتە ئاوارەکانی ھەرێمی کوردستان.