ههولێر - شوان سدیق
ترس لە نەچەسپاندنی پێگەی ئایینی ئیسلام لە رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان، وایكرد ژمارەیەك لە مامۆستایی ئایینی و گەنجان و چالاكوانان سەردانی پەرلەمانی كوردستان بكەن و لەگەڵ لیژنەی دەستووریدا كۆببنەوە.
ئەوان داوا دەكەن، ئایینی ئیسلام رۆڵی شوێن بزر نەبێت لە دەستووردا چونكە بەوتەی خۆیان هەر هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی پێگەیی ئایینی ئیسلام بدرێت، لە رەشنووسی دەستووری هەرێم پێچەوانەی دەستووری عێراقی فیدراڵە.
سەردانی ئەو چەند مامۆستایی ئایینی و چالاكوانە پێش نیوەڕۆی ئەمرۆ پێنجشەممە بوو. ئەندامێكی ئەو كەمپینە جەمال محەمەد دەڵێت "هاتنمان بۆ سەردانی لیژنەی ئامادەكردنی رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوە بووە كە بەپێویستی دەزانین ئەم دەستووە لەگەڵ خواست و ویستی خەڵكی كوردستان بگونجێت".
ئەو چەند مامۆستای ئایینی و چالاكوانە لە بەیاننامەیەك جەخت لەسەر پێشنیازی دكتۆر مستەفا زەڵمی و یەكێتی زانایانی ئایینی كوردستان دەكەنەوە. كە دەیانەوێت ئایینی ئیسلام سەرچاوەی یاسا دانان بێت، هەروەها نابێت هیچ یاسایەك دەربچێت پێچەوانەی بنەما نەگۆڕەكانی ئایینی ئیسلامی بێت.
هەروەها لە بەیاننامەكەدا ئەوەش هاتووە، كە دەرئەنجامی نەچەسپاندنی پێگەی ئایینی ئیسلام لە رەشنووسی دەستووری هەرێم پێچەوانەی دەستووری عێراقی فیدراڵە. دەكرێت لە دادگای تەمییزی عێراق دەتوانرێت تانەی لێ بدرێت.
ئەو ژمارە لە مامۆستایانی ئایینی كە سەربەخۆ هاتبوون، لەگەڵ چالاكوانان لە بەیاننامەكەیاندا ئەوەش دەڵێن رەشنووسی دەستووری هەرێم ئەگەر پێگەی ئایینی ئیسلامی تێدا نەچەسپێت، لە راپرسیدا دەنگی زۆرینە ناهێنێت.
لە خاڵی چوارەمی پێشنیازەكەیاندا ئەوان پێیانوایە ئەگەر رەشنووسی دەستوور بەپێچەوانەی نەچەسپاندنی پێگەی ئایینی ئیسلام تێپەڕنێرێت، دەبێتە هۆی تێكچوونی ئاشتی كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان.
سەرۆكی ئێستای لیژنەی ئامادەكار و نووسینەوەی پرۆژە دەستووری هەرێمی كوردستان، بۆ راپرسی دانا دارا لە لێدوانێك بۆ ئانادۆڵو رایگەیاند "ئەو هەوڵانەی بیانەوێت ئایینی ئیسلام پەراوێز بخرێت، ئەمە كارێكی خراپە بۆ ئەوەی شەقام نەجولۆێنین دابەشبوونی كۆمەڵگا لەسەر ئایندار و بێ ئایین زۆر مەترسیە بێگومان ئەگەر ئێمە مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ چەمكی بەسەرچاوەكردنی شەریعەتی ئیسلام كاردانەوە دروست دەكات، پێموایە خراپیش روو دەدات و لێكەوتەی خراپی لێ دەكەوێتەوە دەبێت بە وریایەوە مامەڵە بكەین".
دانا دارا گوتیشی: "بەدڵنیایەوە ئەو رەوتەش سەردەكەوێت كە ئێمە بتوانین پرۆسەی بەسەرچاوەكردنی شەریعەتی ئیسلام جێگیردەكەین".
دانا دارا كە هاوكات نوێنەری كۆمەڵی ئیسلامیشە لە لیژنەی ئامادەكردنی رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان، بۆ راپرسی ئاماژەی بەوەشكرد: "تا ئێستا لە لیژنەی دەستوور گفتوگۆمان لەسەر دەستەواژەكان هیوا هەیە بەم نزبكانە بگەینە ئەنجامێكی باش و دەستەواژەكان رێك بخەین".
لیژنەی نووسینەوە و ئامادەكاری رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان، لە 20 كەس پێكهاتووە و لەو ماوەی كە سەرقاڵن بەكاروباری دەستوور تا ئێستا دیباجەی دەستوورەكەو 27 ماددەیان پەسەند كردووە.