Gamze Türkoğlu Oğuz,Rewa Mahmut Hasan
21 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2017
مەکسیکۆ سیتی - AA
٥٢ کەس لەژێر داروپەردووی بیناکاندا لە شاری مەکسیکۆ سیتی پایتەختی مەکسیک رزگار کران، دوای ئەوەی رۆژی رابردوو بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧،١ ئەو شارەی هەژاندبوو.
بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی مەکسیکۆ سیتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئاماژەیان بەوەداوە کە ٥٢ کەس لە ژێر داروپەردووی بیناکاندا رزگارکراون و بەردەوام دەبن لە گەڕان بەدوای ژێرکەوتووانی داروپەردووەکان.
سەرۆکی مەکسیک، ئەنریک نیەتۆ بە هۆی بوومەلەرزەکەوە سێ رۆژ ماتەمینی گشتی راگەیاند. لە لایەکی ترەوە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەدوای بوومەلەرزەکەوە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ نیەتۆدا ئەنجام داوە.
بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ٢٢٥ کەس گیانیان لەدەست داوە.