سياسەت

"تا کۆتایی ئەمساڵ کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبەسترێت"

ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئارێز عەبدوڵڵا: "ھەر کەسێک ببێت بە سکرتێری گشتی ئەوا بێگومان ئەو دەسەڵاتەی لە رابردوودا مام جەلال ھەیبووە، ئەو نایبێت، واتا دەسەڵاتەکان دابەشدەکرێت بەسەر ئۆرگانەکانی یەکێتیی".

Heman Hussein Yaseen Yaseen  | 01.08.2019 - نوێکردنەوە : 02.08.2019
"تا کۆتایی ئەمساڵ کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبەسترێت"

Arbil

هەولێر - AA

ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئارێز عەبدوڵڵا رایگەیاند کە تا کۆتایی ئەمساڵ کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبەسترێت و ئاشکرایشی دەکات کە کۆمیتەیەک بۆ ئەم مەبەستە پێکهاتووە و ئامادەکارییان بۆ ئەم بابەتە کردووە.

ئارێز عەبدوڵڵا لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تا ئێستا کۆسپ هەبوون لەبەردەم بەستنی کۆنگرە و ئێستا کۆسپەکان نەماون و کاتی بەستنی کۆنگرە هاتووە. لە هەموو ئۆرگانەکانی یەکێتیی داوای بەستنی کۆنگرە دەکرێت و بەهەمان شێوە لە مەکتەبی سیاسییش ئەم داوایە هەیە، بۆیە ئەمساڵ کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبەسترێت و کۆنگرەیەکی جیاوازیشە لە کۆنگرەکانی پێشووتر".

ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئارێز عەبدوڵڵا گوتیشی: "جیاوازییەکە ئەوەیە کە یەکەمین کۆنگرەیە دوای کۆچی دوایی مام جەلال، هەڵومەرجی سیاسیی، رۆشنبیری و ئابووری لە کوردستان و لە عێراق و ناوچەکەش هەمووی گۆڕاوە، بۆیە پێمان وایە ئەو کۆنگرەیەی کە دەیبەستین کۆنگرەی نوێبوونەوەیە، سەرلەنوێ داڕشتنەوەی بەرنامەیە و داڕشتنەوەی پەیڕەوی ناوخۆیە، جگە لەوەش، ئێمە سەرکردایەتییەکی نوێ بۆ یەکێتیی هەڵدەبژێرین، ئەو سەرکردایەتییەش بەپێی هەلومەرجی ئێستا دەگۆڕێت و جیاوازدەبێت لەگەڵ پێشووتر، ئێمە لەسەر پڕکردنەوەی پۆستی سکرتێری گشتی واتا شوێنی مام جەلال بێگومان بۆچوونمان هەیە، هەر کەسێک ببێت بە سکرتێری گشتی ئەوا بێگومان ئەو دەسەڵاتەی لە رابردوودا مام جەلال هەیبووە، ئەو نایبێت، واتا دەسەڵاتەکان دابەشدەکرێن بەسەر ئۆڕگانەکانی یەکێتییدا، دەبێت ئۆڕگانەکان لەیەکتر جیابکرێتەوە، سەربەخۆییەکی تەواو بدەین بە پارێزگاکان، بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەکاری کراوە، کۆمیتەیەک هەبووە کە کاری چاکی کردووە وەکو ئامادەکاری بۆ کۆنگرە".

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی ماددەی ١٤٠ و ئاساییکردنەوەی رەوشی ناوچە جێناکۆکەکان و وادەی دەستبەکاربوونی پارێزگاری کەرکووک، ئارێز عەبدوڵڵا گوتی: "پێش دوو رۆژ، دادگای فیدراڵی عێڕاق بڕیاریدا کە دەبێت کار بە ماددەی ١٤٠ بکرێت و پێمان وایە ئەمە هەنگاوێکی باشە، دۆخی ماددەی ١٤٠ ماوەی زۆری دەوێت و دەبێت حکوومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق کۆمیتەیەک بۆ ئەم مەبەستە پێک بێنن".

ناوبراو گوتیشی: "بەڵام ئەگەر پارێزگاری کەرکووک دەستبەکاربێت، بێگومان کاریگەری دەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن چونکە ئێستا گلەیی لە ئەنجوومەنی خۆجێی دەکرێت. دەبێت هاوسەنگی بگەڕێتەوە بۆ کەرکووک، دەبێت پێکەوەژیان بگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەکانی کورد و عەرەب و تورکمان، بۆیە لەئێستادا دەستبەکاربوونی پارێزگاری کەرکووک، ماوەتەوە سەر ئەوەی کە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆببێتەوە بۆ دانانی ئەو کاندیدەی کە لەسەری رێککەوتووین و دواتر لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ دەربچێت".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın